کۆمپانیای نەوتی DNO ی نەرویجی ڕایدەگەیێنێت، چوارەمین بیری نەوت لە کێڵگەی پێشخابوور خراوەتە سەر کار و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگەیەدا توانیویەتی پێشبنییەکانی پێشووتری کۆمپانیاکە کە ڕۆژانە 30 هەزار بەرمیل بووە، تێپەڕێنێت.
کۆمپانیا نەرویجییەکە ڕایگەیاندووە بیری ژمارە پێنج لە کیڵگەی پێشخابوور ئێستا ڕۆژانە 5 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و لە قۆناخی تاقیکردنەوەدایە. DNO ڕایگەیاندووە کە نەوتی بەرهەمهاتوو بە تەنکەر دەگوازرێتەوە بۆ خاڵی هەناردەکردنی نەوت لە پێشخابوور.
بیژەن موسەوەر ڕەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای DNO-ی نەرویجی ڕایگەیاند: دوای کیڵگەی تاوکێ کە زۆرترین نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنێت، ئێستا کێڵگەی پێشخابوور لەڕووی بەرهەمهێنانی نەوتەوە توانیویەتی ببێتە دووەم کێڵگەی نەوتیی بەرهەمهێنەر لە هەرێمی کوردستان، بەوپێیەی کە ڕۆژانە 35 هەزار بەرمیل نەوتی لێ بەرهەمدەهێندرێت.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای DNO-ی نەرویجی ڕایگەیاند، لە هەوڵەکانیان بەردوام دەبن بۆ خێرا پەرەپێدانی ئەو کێڵگەیە بەمەبەستی بەرهەمهێنانی نەوتی زیاتر.
بیری ژمارە پێنجی پێشخابوور، لەبەشی ڕۆژئاوای کێڵگەکە لێدراوە و لە ماوەی 57 ڕۆژدا و بە تێچووی 12 ملیۆن و 100 هەزار دۆلار توانیویەتی بگاتە قووڵایی 2918 مەتر. DNO هەروەها سەرقاڵی هەڵکۆڵینی بیری نەوتی ژمارە 6 و ژمارە 7ە لەو کێڵگەیەدا و قووڵایی ئەو بیرانە گەیشتوونەتە 4250 مەتر و 3750 مەتر. بڕیاریشە لە مانگی داهاتوودا تاقیبکرێنەوە.
کێڵگەی پێشخابوور، لە ساڵی 2017 وە دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت کردووە و لەو ساڵەدا بەهۆی هەڵکۆڵینی دوو بیری نەوتی ژمارە 2 و ژمارە 3، توانی ڕۆژانە 15 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت. بیری ژمارە چواریش کە لە مانگی حەوت تەواوکرا ڕۆژانە 12 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.
لە مۆڵەتی تاوکێ کە دوو کێڵگەی تاوکێ و پێشخابوور لەخۆ دەگرێت، کۆمپانیای DNO خاوەنی سەدا 75 ی پشکەکانی کارکردنە.[1]
#30-07-2018#