وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی #هەڵەبجە# ئاماری ڕووداوەکانی سنوری هەڵەبجەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە هەزار و 900 دۆسیەی جۆراوجۆر تۆمارکراون و نزیکەی 200 کەسیش دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ لە بارەگای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ناو شاری هەڵەبجە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕائید بەرزان عوسمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، ئاماری شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵی ڕووداوەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجەی خستەڕوو.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنوسییەکەدا ڕائید بەرزان عوسمان وتی: لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بە شێوەیەکی گشتی هەزار و 926 دۆسیە تۆمارکراون و 198کەس لەسەر ڕووداوەکان دەستگیرکراون.
وتیشی: لەناو ئەو دۆسیانەدا 14 دۆسیەی هێرشکردنە سەر فەرمانبەران و دەستێوەردان لە کاروباری دادگا و چوار دۆسیە و تاوانی دژ بە دین و دوو دۆسیەی کوشتنی بە ئەنقەست و سێ حاڵەتی خۆکوشتن و یەک حاڵەتی هەوڵی کوشتن و 11 حاڵەتی لێدانی بە ئەنقەست و 23 حاڵەتی هەڕەشەکردن و 56 حاڵەتی دزیکردن و 13 حاڵەتی هاوسەرگیری لە دەرەوەی داگا و 44 حاڵەتی توندوتیژی خێزانی هەبوون.
ئەوەشی خستەڕوو: جگە لە دەستگیرکردنی 198 کەس لەسەر دۆسیەکانی تاوان لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە، هەروەها هەوڵەکانیشمان چڕکردوەتەوە بۆ ڕێگەگرتن لە هێنانی ماتۆڕسکیل بۆ ناو هەڵەبجە لە خاڵە سنورییە لاوەکییەکانەوە، کە بوەتە دیاردەیەکی زۆر ناشیرین لە هەڵەبجە.[1]
#30-07-2018#