بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای #سلێمانی# ئاماری 10 ڕۆژی چالاکیەکانی بڵاوکردەوە، کە 379 کەس دەستگیرکراون، ئاماژەیان بەوەشکرد، کە هەڵمەتێک دەستپێدەکەن بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بەناوی کلێنس فرۆشی و بنێشت فرۆشی و کەلوپەلی دیکەوە سواڵ دەکەن.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ، سەرکەوت ئەحمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، سەبارەت بە کار و چالاکی 10 ڕۆژی ڕابردووی بەڕێوبەرایەتییەکەیان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا.
سەرکەوت ئەحمەد، لە کۆنگرەکەدا وتی: لە 17-7 تاوەکو 29-7، پۆلیسی نەهێشتنی تاوان 18 تۆمەتباریان دەستگیرکردووە، کە دزییان کردووە لە جۆری دزینی ماڵان و ئۆتۆمبێل و کەلوپەل و ستوونی فافۆن و ماتۆڕسکیل و دوکان و کافتریا.
وتیشی: هەروەها هەردوو بەشی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی پۆلیسی سلێمانی، 39 فەرمانی دەستگیرکردنیان جێبەجێ کردووە، 275 ئاگادارکردنەوەشیان داوەتە خەڵک و 35 کەسیشیان بردوەتە بەردەم دادگاکان.
باسی لەوەشکرد: پۆلیسی فریاکەوتنی (104) لەو 10 ڕۆژەدا 260 بەهانەوەچوونی کردووە و 322 کەسیش بە کێشەی جۆراوجۆر دەستگیرکراون.
ئاماژەی بەوەش کرد: بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکرێت، چ لە ڕووی سواڵکردن، کە منداڵی ناتەواو بە بڕێک پارە لە دایک و باوکی وەردەگیرێت، دواتر کاری سواڵی پێدەکرێت، یاخود کاری لەشفرۆشی بە خەڵکەوە دەکرێت.
ئەو بەرپرسەی بەشی ڕاگەیاندنی پۆلیس، ڕاشیگەیاند: هەڵمەتێکی بەرفراوان دەستپێدەکەین بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە بەناوی کلێنس فرۆشی و بنێشت فرۆشی و کەلوپەلی دیکەوە سواڵ دەکەن، سەرجەمیان دەستگیردەکرێن.[1]
#30-07-2018#