بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لەماوەی 15 ڕۆژی ڕابردوودا لە کۆی سێ ملیۆن دەنگدەر، کەمتر لە پێنج هەزار کەس سەردانی بنکەکانی تۆماری دەنگدانیان کردوە.
بەپێی ئه و ئامارانەی دەست دواڕۆژ کەوتووە لە دوای تێپەڕبوونی 15 ڕۆژ بەسەر کردنەوەی بنکەکانی تۆماری دەنگدەران لە گشت پارێزگاکانی هەرێم لە کۆی سێ ملیۆن و 342 هەزار کەس کە مافی دەنگدانیان هەیە لەپارێزگاکانی #سلێمانی# و #هەولێر# و #دهۆک#، تەنها 4 هەزار و 514 کەس سەردانی بنکەکانی تۆماری دەنگدانیان کردووە بەمەبەستی دڵنیابوون لە ناوەکانیان، له و ڕێژەیەش لە هەولێر 1558 هاووڵاتی لە سلێمانی 1087 هاووڵاتی، دهۆک 1622 هاووڵاتی، لە #هەڵەبجە# 247 هاووڵاتی.
شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند هاووڵاتیان چەند ڕۆژێکی دیکەشیان لەبەردەستدایە بۆ دڵنیابوون لە بوونی ناوەکانیان لە تۆماری نوێی دەنگدەراندا لە ڕێگەی سەردانی ناوەندەکانی تەرخانکراو بۆ ئه و مەبەستە یان سایتی کۆمسیۆن، بەمەبەستی چاککردنەوەی ئه و ناوانەی کە سڕکراون یان ئەوانەی ناویان نییە، دەتوانرێت ناوەکانیان زیاد بکرێت و ئه و کەسانەشی کە کۆچی دواییان کردووە ناوەکانیان دەسڕدرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، هاووڵاتیان دەتوانن لەڕێگەی سایتی کۆمسیۆن و داخڵکردنی ژمارەی فۆڕمی خۆراک لە بوونی ناوەکانیان لە تۆماری نوێی دەنگدەران دڵنیاببنەوە، تەنها ئەگەر کێشە لە ناوەکانیان هەبوو پێویستە سەردانی ناوەندەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بکەن.
باسی لەوەشکرد، هەر بنکەیەکی دەنگدانی تایبەت نابێت لە 2 هەزار کەس دەنگی تیایدا بدات و ئه و پڕۆسەیەش 48 کاتژمێر بەر لە هەڵبژاردنی گشتی ئەنجامدەدرێت و هەرچی دەنگدانی گشتیشە نابێ هەر بنکەیەک لە 2 هەزار و 500 کەس زیاتر دەنگ بدەن.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارنەکان و ڕاپرسی هەرێم 215 ناوەند بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران کردۆتەوە 84 لە سلێمانی، 76 لە هەولێر، 47 لە دهۆک و 8 ناوەند لە هەڵەبجە.[1]
#30-07-2018#