جەماوەری تێکۆشەری کوردستان.
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان.
پیشمەرگە قارەمانەکان.
هەڤاڵانی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان.
ئەمڕۆ 42 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دامەزراندنی حزبە تێکۆشەرەکەتان. ئه و حزبەی لە ڕۆژانی ڕەشی نائومێدی و سەخترین قۆناغی مامەڵەی نێودەوڵەتی بۆ خەفەکردنی دەنگی کورد و بە پیلان قڕکردنی گەلەکەمان، وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان لە ڕۆژی #08-08-1976# دامەزراو بە گژ ئەستەمدا چویەوە. لە سەنگەرە خامۆشەکانی بەرگری و کونجی زیندانە تاریکەکانی دوژمن و باخ و مەزرا سووتاوەکانی گوندەکان و کۆڵانە بە سوپاو زرێپۆش تەنراوە چۆڵ و سەر کزەکانی شارەکانی کوردستان جارێکی تر بانگی نەبەزین و دروشمی مانەوه و بەرخودانی بەگوێی دۆست و دوژمن، یار و نەیاری گەلەکەمان گەیاند.
هەڤاڵانی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئه و ڕۆژانەی کە لە مێژووی گەلانی دنیاو بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکاندا لە دژواری و بێدەرەتانیدا کەم وێنەن، سەرکرده و پێشمەرگه و هەڤاڵەکانی ئێوە، بێ گوێدانە ژیان و مەرگ خۆیان و خێزان و کەسوکاریان بەگژ دڕندەترین ڕژێمدا چوونەوە. بۆیە ئێوە سەر بەرزن کە خاوەنی ئه و مێژووە پرشنگدارەن و شایانی ئەوەن شانازی بە خۆتانەوە بکەن. شانازی بکەن کە حزبەکەتان 42 ساڵە بێ نوچدان، بێ لادان، بێ ترس و بێ باک لە مردن، به و ڕێ و ڕێبازی گیانبازییەدا کاروان لەدوای کاروان بەڕێدەکات. شانازی بکەن کە تا ئەمڕۆش تێکۆشەرانی ئێوە بە گیانی خۆیان وەک پشکۆی ناو خۆڵەمێشی ستەم و نائومێدیی دەگەشێنەوه و جەستەی خاک و خەڵکی برینداری ئەم گەلە تیمار و ئاسۆی ئایندەی ڕووناک دەکەنەوە. جەماوەری کوردستان حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان وەک پێویستییەکی مێژوویی لەدوای پەیماننامەی شومی جەزائیر هاتە مەیدانی چۆڵی خەبات و لەدوای 42 ساڵ وا بە سەر بەرزییەوە لاپەڕەکانی مێژووی هەڵدەداتەوه و لە هەر وێستگەیەکیدا هەزاران شەهید و نەبەردی و داستانی مقاوەمەی جەسوورانە یاد دەکاتەوە.
ئەم ساڵیش بە هەمان گوڕو تین، بە هەمان گیان و گەرمیی هەوەڵ، بەڵێنی نەسرەوتن تا بەدیهێنانی ئامانجی سەدان ساڵەمان دووپات دەکەینەوه و گەلەکەشمان شاهێدە کە ئێمە بەرامبەر ئه و بەڵێنە چەند ڕاستگۆ و چ نرخێکی گەورەمان بۆ داوە. بەڵێن بە جەماوەری کوردستان دەدەین وەک هەمیشە خەباتکاری سەرسەختی بەدیهێنانی سەروەری و ئارامی و خۆشگوزەرانی بین تا ئەم گەلە ئازار چەشتوو برسیکراوە بە ژیانێکی شایستە دەگات. بەڵێن بە کرکوک و گەرمەسێر، کە وەک چۆن بە خوێن لە تیرۆر پاراستمان، جارێکی تر ئاڵای شەکاوەی کوردستان بگەیەنینەوە حەمرین و دوایین سنووری کوردستان. بەڵێن بە شەنگال و شێخان و ئێزدی و کاکەییەکان، کە وەک چۆن بۆ بەرگری لە بوون و باوەڕیان سەدان ڕۆڵەی قارەمانمان پێشکەش کردن، هەرواش بۆ پاراستنی کەرامەت و ناسنامەیان لەڕیزی پێشەوەی خەباتدا بین.
هەڤاڵانی تێکۆشەر ئەم ساڵ لەکاتێکدا یادی شکۆمەندی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەکەینەوە، کە چوار ساڵ تێپەێ دەبێت بەسەر هێرش و پەلاماری تیرۆریستانی #داعش# بۆ سەر کوردستان و قەتڵ و عامی خوشک و برا ئێزدییەکان و تاوانە دڕندانەکانیان و لەبەرامبەریشدا بەرگری قارەمانانەی گەلەکەمان و هێزی #پێشمەرگە# کە بە گیانبازییەکی بێ وێنە توانی ڕووبەڕووی تیرۆریستان بێتەوه و لەبری جیهان شەڕی تیرۆر و بەرگری لە بوون و کەرامەت و بەهاکانی مرۆڤایەتی بکات. لەوەشدا پێشمەرگه و شەهیدانی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان سەرقافڵەی بەخشش و بەرگری بوون.
هەروەها ئەم یادە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان وەک دەزگایەکی شەرعی و سەرچاوەی یاسادانان کە بەرهەمی خەباتێکی دوورو درێژ و ڕەمزی خۆڕێبەریی هەرێمی کوردستانە و پێویستە ئه و پرۆسەیە بە سەرکەوتوویی بەڕێوە بچێت. بەتایبەت کە کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە قۆناغێکی ئاڵۆزدا دەڕوات، دووڕیانێک کە بەسەر گۆڕانکاری گەوره و پێشهاتی گرنگدا دەڕوانێت. بۆ ئەوەی گەلەکەمان بەره و ڕاستەڕێی بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی بڕوات، پێویستی بە هێزی لەخۆبردووی پاکی پۆست و پلە نەویست و ناو ماڵی ڕێکخراوو گوتاری نیشتمانیی بێخەوش و هەنگاوی بوێرانە هەیە. بۆیە ئێمە هەمیشە پێشمەرگەی ئه و ڕێیەین و دۆست و هاوسەنگەری هەر کەسێکین کە به و گیان و ئامانجە خەبات بکات.
بانگی هەموو تێکۆشەرانی بزووتنەوەی کوردایەتیش دەکەین کە کاتی ئەوەیە چاکی مەردانی لێ بکەین بەلاداو بە هۆشیاری و دڵسۆزیەوە خەونی مێژووییمان کە زۆرمان لەپێناودا کردووه و هەنگاوی گەورەمان بۆ بڕیوە، بەره و سەرکەوتن ببەین. پیرۆزبێت 8ی ئاب ساڵڕۆژی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان سەرکەوێت پەیامی دیموکراسی و دادپەروەری و مافی چارەنووس.
سڵاو بۆ سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان.
مەکتەبی سیاسی
حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان
#05-08-2018#