بەهۆی کاری کۆڵبەریی کە کاری سەرەکیی هاوڵاتییانی شارەکانی سەر سنوورە، ساڵانە دەیان هاوڵاتی دەبنە قوربانیی تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێران لەسەر سنوور، لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵیشەوە تا ئێستا 85 کۆڵبەر کوژراون و برینداربوون.
بەگوێرەی ئامارێکی کۆڵبەرنیوز، لە ڕۆژی 21ی ئازاری ئەمساڵەوە واتە لە سەرەتای بەهارەوە تا ئێستا، لە ماوەی چوار مانگ و نیو دا 85 کۆڵبەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونەتە قوربانی.
لە ئامارەکەدا هاتووە، لە ماوەی چوار مانگ و نیوی ڕابردوودا زیاتر لە 30 کۆڵبەر لەسەر سنوورە دەستکردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ باشور و باکوری کوردستان کوژراون و 55ی دیکەش بە سەختی برینداربوون.
ئەوەش هاتووە، کە زیاتر لە 80٪ی کۆڵبەرە کوژراوەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ئێران لەسەر ئەو سنوورانە کوژراون، ئەوانی دیکەش لە کاتی ڕاکردن لە هێزە سەربازییەکان یان لەکاتی بارهەڵگرتن بۆ ڕێگا سەختەکان لە بەرزاییەکانەوە کەوتووەنە خوارەوە و گیانیان لە دەستداوە.
هەروەها لە کۆی ئەو 55 کۆڵبەرەی کە برینداربوون، 44یان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ئێران برینداربوون.
کۆڵبەر نیوز، ئامارەکەی وردتر کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، کە تەنیا لە 15 ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر سنوورەکانی #ماکۆ#، سەلماس، سەردەش، #پیرانشار#، چاڵدێران و #ورمێ# بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان لە کۆڵبەرەکان، پێنج کۆڵبەر کوژراون و هەشتی دیکەش برینداربوون.
ئەوەش خراوەتەڕوو، کە لە ماوەی چوار مانگ و نیوی ڕابردوودا، چوار هەزار کۆڵبەر و کاسبکار لەسەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون، هەروەها زیاتر لە هەزار ئەسپ دەستیان بەسەردا گیراوە یان کوژراون.
جێگای ئاماژەیە، کە بەهۆی داخستنی سنوورە کۆڵبەرییەکان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە، ژیانی کۆڵبەران زیاتر لە جاران کەوتووەتە مەترسییەوە، چاودێران دەڵێن، کە کوشتاری کۆڵبەران تەنیا گرێدراوی قاچاغی کاڵا نییە و حکومەتی ئرڕان لە ڕێگای ئەو کوشتارەوە بە پلانەوە هەوڵدەدات خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چاوترسێن بکات.[1]
#07-08-2018#