رۆژی سێ شەممە #07-08-2018# بەرانبەر بە 16ی گەلاوێّژی 1397 لە بارەگای ناوەندی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بە ئامادەبوونی نوێنەرانی سەرجەم لایەنە پێکهێنەرەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە : کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، حیزبی دیموکراتی کوردستان، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران هەشتەمین کۆبوونەوەی ناوەند بەرێوەچوو.
کۆبوونەوەکە بە وتەێکی بەخێرهاتن و ڕاپۆرتی کار و هەڵسوورانی ئەو ماوەیەی پێشووی ناوەندی هاوکاریی لە لایەن سەیید کامیل نورانی فەرد بەرپرسی دەورەیی ناوەندی هاوکاریی دەستی پێکرد و لە لایەن نوێنەرانی هێزە سیاسیەکانەوە، کاری ئەو ماوەیەی ناوەند خرایە بەر تێروانین و لە پێداچوونەوە بە کارەکان خەت و بەرنامەی کاری داهاتوو دارێژرا و چەند خالیک بۆ باشتر کردنی کارەکان پەسەند کران.
لەبرَگەێکی تری دەستووری کاری کۆبوونەوە بۆنە و پێشهاتە سیاسیەکانی ڕۆژەڤی ئێران و کوردستان خرایە بەرباس و لەم بەشەدا لایەنەکان بە وردی بابەتی خۆپێشاندانەکانی شارەکانی ئێران و دۆخی قەیراناویی ئابووری ئێران و سیاسەتی ئەمریکا لە ئاست ڕژیمی ئێران و کاریگەرییەکانی ئەو دۆخە نوێیە لە سەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی ئیرانیان هەڵسەنگاند و بە پشت بەستن بە گووتاری ڕووخان کە گووتاری ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانە لەسەر نەمان و ڕۆیشتنی سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران پێداگریی کرایەوە و هەموو پرۆژە بەرنامە و بەدیل سازییەکانی تر بۆ ئەو گووتارە چ لە دەرەوە و چ لە ناوخو ڕەد کرانەوە و پشتیوانی لە ویستی گۆڕانی بنەڕەتی و هاوخەباتی لەگەڵ نارازییان و خۆپیشاندەرانی سەرانسەری ئێران بە ئەرکی ناوەندی هاوکاریی زاندرا. لە درێژەی ئەو باسە پرۆژەی کۆدار و پەژاک کە لەماوەی پێشوو بلاویان کردەوە بە پرۆژەێکی ناواقعی و ناتەبا لەگەڵ ڕوحی جوڵانەوەی گەلی کورد و هاوتەریب لەگەڵ بەرژوەندییەکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران خوێندنەوەی بۆ کرا.
هەر لەو پێوەندەدا بە خوێندنەوەی دروستی دۆخ و هەل ومەرجی کوردستان شرۆڤەی ئەرک و بەرنامەی کاری کوردستان و جولانەوەکەی کرا و ئامادەیی و یەکریزی جوڵانەوەی گەلەکەمان وەبیر هێندرایەوە.
لەدرێژەی ئالوگۆری بیرورا و قسە کردن لە سەر کارەکانی داهاتووی ناوەند ڕۆژی 28ی گەلاوێژ کە ساڵوەگەری دەرکردنی فەرمانی جیهادی خومەینی دژی گەلی کورد بوو، وە ک ڕۆژی خۆراگری نەتەوەیی و یەکێک لە لاپەرە پر شەرمەزارییەکانی دیکتاتۆریەتی تاران و پڕ سەروەرییەکانی مێژووی خۆراگری گەلەکەمان پێداگری لەسەر کرایەوە و هێندێک بەرنامە بۆ یادکردنەوەی ئەو بۆنەیە خرایە دەستووری کاری داهاتووی ناوەندی هاوکارییەوە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا چەندین تەوەر و باسی گرینگ و جێی بایەخی لایەنەکان قسەی لەسەر کرا و پێداگری لەسەر ئەسلی بە یەکەوە کارکردن و لێک تیگەیشتن و سازانی گشتی کرایەوە و لە کەشیکی دۆستانە کۆتایی بە هەشتەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران هێندرا.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
#07-08-2018#