ئەو قەیرانە داراییەی تورکیا بەدەستیەوە دەناڵێنێت حکومەتەکەی #ڕەجەب تەیب ئەردۆغان#ی ناچارکردوە بە فرۆشتنی خزمەتی زۆرەملەی سەربازی بەرامبەر بڕێک پارە.
حکومەتی تورکیا خزمەتی سەربازی بەکاردێنێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی لەپێناو چارەسەرکردنی ئه و قەیرانە داراییانەی کۆمەڵگەی تورک بەدەستیەوە دەناڵێنێت کە دیارترینیان بریتیە لە دابەزینی بەهای لیرەی تورکی و هەڵاوسان و بەرزبونەوەی نرخی کەلوپەل و هەڵهاتنی سەرمایەی بیانی.
مانگی ڕابردوو پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی هاوپەیمانی یاسایەکیان لە پەرلەمانی تورکیاوە تێپەڕاند بۆ کەمکردنەوەی ماوەی خزمەتی سەربازی زۆرەملێ بەرامبەر پارە.
بەگوێرەی یاساکە کە مشتومڕێکی زۆری لێکەوتۆتەوە و بەهۆکاری درزخستنە ناو چینەکانی کۆمەڵگە و لاوانی هەژار و دەوڵەمەندی تورکیاوە لێکدەدرێتەوە، لەبەرامبەر پێدانی 15 هەزار لیرەی تورکی (نزیکەی 2700 دۆلاری ئەمریکی) ڕێگە بە گەنجانی لەدایکبوی 1994دەدات تەنیا 21 ڕۆژ خزمەتی سەربازی بکەن لەبری 12 مانگ.
هەروەها ڕێگە بە گەنجانی تورک دەدات کە دانیشتوی دەرەوەی وڵاتن ماوەی خزمەتی سەربازیان بۆ ماوەی سێ ساڵ دوابخەن لەبەرامبەر پێدانی هەزار یورۆ.
لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا کە دژی یاساکەن دەڵێن زۆرێک لە گەنجان کەوتونەتە فرۆشتنی هەر شتێک هەیانبێت لە ئۆتۆمبێل و خانوو و مەڕوماڵات لەپێناوی بەدەستخستنی ئەو بڕە پارەیە و ئەوانەشی ئەو بڕە پارەیەیان نیە ئەرکێکی زیاتریان دەکەوێتە سەرشان لەکاتێکدا تورکیا بەدەست چەندین شەڕ و قەیرانەوە دەناڵێنیت.
وەرگێڕانی: کامەران ئەحمەد[1]
#09-08-2018#