بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنن، بەهۆی ناجێگیری لە نرخی تمەنی ئێرانی و زیادبوونی گەمارۆکان، ئاستی ئاڵوگۆڕ و هەناردەکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان ڕوو لە دابەزین دەکات.
ماوەیەکە بەهۆی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار دابەزیوە و لەوبارەیەوە عەبدوڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، فەرمانگەی دەرەوەی حکومەتی هەرێم بە دواڕۆژ ڕاگەیاند ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێم لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو سەرەتای ساڵی 2017، لە 5 ملیار دۆلارەوە بەرزبوەتەوە بۆ 6.5 ملیار دۆلار، بەڵام پێدەچێت ئه و ناجێگیرییە لە تمەن قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی کەمبکاتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لەم دوو ساڵەدا ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەگشتی لەسەدا 20 بەرزبۆتەوە، هەروەها هاوردەکردن لە 15% زیادیکردووە هاتنی گەشتیارانیش سەدا 13%، بەڵام لە ماوەی ساڵانی 2016 و بەر له و ساڵە کەمیکردبوو ئه و کەمکردنەش هۆکاری کێشەکانی دارایی و بوونی قەیرانەکان و شەڕی #داعش# بوو.
وتیشی لە ماوەی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان پێشوازی بۆ کۆمپانیاکانی ئێران بەراورد بە تورکیا زیادیکردبوو، زیاتر لە 25%ی کۆی گشتی هاوردەکردنی هەرێمی کوردستانە، هەروەها 359 کۆمپانیای ئێرانی لە هەرێمی کوردستان لقیان هەیە و زۆربەشیان لە بواری بارزگانی چالاکن و کاردەکەن، ئەمە وێڕای هەبوونی 135 کارگەی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان.
لای خۆیەوە شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی هاوردە و هەناردنکارانی هەرێم بۆ دواڕۆژ، ئەوەخاتەڕوو، دابەزینی تمەنی ئێرانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی ئێران ئاڵۆزکردووە، ساڵی پێشوو هەرێم بە بەبڕی 6 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران کردووە، بەڵام پێشبینیدەکرێت لەداهاتوودا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتە کەمبێتەوە، چونکە بازرگانەکانی ئه و وڵاتە وەکو پێویست ناتوانن بەرهەمەکانیان بخەنە بازاڕەوە و هاوردەی بکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەم کەمبوونەوەیە کاريگەری ئەوتۆی نابێت، چونکە هاوردەکردنی کاڵاو کەلوپەل و شتومەک لەگەڵ وڵاتانی دیکە بەردەوامی هەیە و لەوانە وڵاتانی تورکیا و چین.[1]
#09-08-2018#