پارێزگاری #هەولێر# دەڵێت، ئەو بڕە نەوتەی بەغدا دەینێرێت لە 5%ی پێداویستی هەرێمی کوردستانە.
بەپێی ڕاگەیێندراوێکی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە #09-08-2018# نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ موعتەسەم ئەکرەم حەسەن، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دابەشکردن کۆبووەتەوە.
لە ڕاگەییێندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە بەردەوامبوونی بەرنامەی پێشوو کرایەوە کە پێکهاتبوو لە هاوئاهەنگی باش لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی بەشێک لە سووتەمەنی (گازوایل و نەوتی سپی).
بەپێی ڕێککەوتنی پێشتر، بەغدا ساڵانە پێنج ملیۆن لیتر بۆ پارێزگای هەولێر، پێنج ملیۆن بۆ پارێزگای #سلێمانی#، سێ ملیۆن لیتر بۆ پارێزگای #دهۆک#، دوو ملیۆن لیتر بۆ #هەڵەبجە# دابینکراوه، کە بڕی ڕۆژانە دەکاتە پێنج تانکەر بۆ هەولێر، پێنج تانکەر بۆ سلێمانی، سێ تانکەر، بۆ دهۆک و دوو تانکەریش بۆ هەڵەبجە.
لە ڕاگەیێندراوەکەی پارێزگای هەولێردا هاتووە ئەم بڕه بەشێکی کەمی پێداویستی ساڵانەی نەوتی سپییە بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە ئەگەر تەنیا یەک بەرمیل نەوت بۆ هەر خێزانێک دابەشبکرێت کۆی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەمشێوە دەبێت: کە هەولێر 100 ملیۆن لیتر، سلێمانی 110 ملیۆن لیتر، دهۆک 80 ملیۆن لیتر و هەڵەبجەش نزیکەی 50 ملیۆن لیترە. بۆیە ئه و ڕێژەی کە ئێستا بڕیارە بۆ هەرێمی کوردستان دابینبکرێت، لە %5ی بڕی پێداویستییەکانە.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە بەردەوامبوونی ئه و هاوئاهەنگییە کراوەتەوە و ئومێدیان خواستووە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە دوای نزیکبوونەوەی هەولێر و بەغدا سوودمەندبن لە بەرنامەی کارو هاوکاری حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی نەوت، بەتایبەتی بەشێوەیەکی ئاسایی وەکو شارەکانی دیکەی عێراق سووتەمەنی دابینبکرێت.[1]
#09-08-2018#