لەناو دلی تاران تۆلەیان ئەکەینەوە دلنیابن
لێدوان و بانگەوازی وتەبێژی ئەنجوومەنی سەربازیی #پارتی ئازادیی کوردستان#
لە ماوەی ئەم حەوتوویەدا، هەڵۆکانی ئازادیی کوردستان لە شارەکانی #ئیلام# و #سەقز# و بانە زنجیرەیەک هەڵمەتی بویرانەیان بردە سەر سوپا و دام و دەزگای تێرۆریستیی و داگیرکەری ئێران.
ئه و هەڵمەتانە وەڵامی ڕۆڵە دلێرەکانی خۆرهەڵاتی داگیرکراون بە کوشتاری کۆڵبەران و ئێعدامی پۆل پۆلی ڕۆڵەی کورد لە زیندانەکانی دەوڵەتی داگیرکەردا. هاوکات درێژەی ملنەدان،کۆڵنەدان و بەرخۆدانی مێژوویی ڕۆڵە شۆڕشگێڕەکانی کوردە بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان. بۆیە هەتا ڕاماڵینی دوا سەربازی داگیرکەر لە کوردستان و کۆتایی هێنان بە حاکمییەتی تاران لە سەر کوردستان، سەرەڕای دژواری و قوربانییەکان، درێژەیان دەبێ.
رۆژی 16ی گەلاوێژ، لە کاتێکدا، دوو هەڵۆی ئازادیی کوردستان بە ناوەکانی هۆشمەند عەلیپوور و محەمەد وەستا قادر، بە هانای هەڵۆیەکی برینداری تێکهەڵچوونی کەلیخانەوە دەچن، بە هۆی لێتێکچوونی ڕێگا، دەکەونە کەمینی هێزە داگیرکەرەکان و دەسگیر دەکرێن. ڕۆژی ڕابردوو وەزارەتی ئیتلاعات، بە ئامانجی شکاندنی ورەی خەڵک و ڕۆڵە خەباتگێڕەکانی، هەر دوو #پێشمەرگە#ی بە دیلگیراویان هێنایە سەر شاشەی تەلەڤزیۆنەکانیان. بەڵام ئەوەی له و دوو ڕۆڵە جوامێرە بینرا و بیسرا، نەک هەر دوژمنی مایەپووچ کرد، بەڵکوو هاندەر بوون بۆ درێژە پێدانی ئه و ڕێگایە و بەگژداچوونەوەی داگیرکەران.
رۆڵەکانی نەتەوەی کورد
دۆخی هەڤاڵانی بەدیلگیراومان هۆشمەند و محەمەد، پاڕانەوە و کڕووزانەوە لە حاست هیچکەس و لایەنێک هەڵناگرێ. ئەوان سەربەرزن بەوەی پێشمەرگە بوون و لە ڕێگای سەربەخۆیی کوردستاندا، بە دیلگیراون. بەڵام وەدەنگ هاتن لەسەریان و خۆ بەخاوەن کردنیان لە لایان ئێوەوە، دەتوانێ لە ئێعدام ڕزگاریان بکا. بۆیە داوا لە هەموو هاووڵاتییانی بەشەڕەفمان لە چوارپارچەی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات دەکەین، بە وەڕێخستنی کەمپەین و ئاگادار کردنی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە پێوەندییدارەکان، ڕێگا لە ئەشکەنجه و ئێعدامیان بگرن و تاران بخەنە ژێر گوشارەوە کە وەک دیلی جەنگ هەڵسووکەوتیان لە گەڵ بکا. داوا لە وەکیلە دڵسۆزەکانی کورد دەکەین، ئەرک و شانازیی دیفاع له و دوو پێشمەرگە بەدیلگیراوەی نەتەوەکەیان بگرنە ئەستۆ.
وەک پارتی ئازادیی کوردستانیش هەموو ئه و ڕێگایانە دەگرینە بەر کە به و ئامانجە گوشار لە سەر تاران دروست بکا. بەڵام خۆ ئەگەر، هۆشمەند و محمەد ئێعدام بکرێن، لە ناو جەرگەی تاران دا تۆڵەیان دەکەینەوە.
وتە بێژی ئەنجوومەنی سەربازیی پارتی ئازادیی کوردستان
18ی گەلاوێژی 2718
#09-08-2018#