دواڕۆژ، محەمەد مستەفا
بەرهەمی کارگەکانی بلۆکی دەڤەری ڕاپەڕین لە کوردستاندا بۆ دروستکردنی خانوو بە باشترین جۆری کوالێتی بلۆک ناسراون، پێش قەیرانی دارایی پیشەسازی بەرهەمهێنانی بلۆک لە دەڤەری ڕاپەڕین لە لوتکەدا بوو، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی قەیرانی دارایی وەک خاوەن کارگەکان ئاماژەی پێ دەکەن، فرۆشیان بەڕێژەی زیاتر لە 55% کەمیکردوە.
هەرچەندە ئێستا 4 بلۆک نرخەکەی 1000 دینارە، بەڵام فرۆشتنی بەرهەمەکە زیاتر لەنیوە کەمیکردووە.
فرۆشتن بە قیست و قەزر
محەمەد ئەمین، خاوەن کارگەی بلۆک لە شارەدێی حاجیاوای شارۆچکەی #ڕانیە# سەبارەت بە نرخی بلۆک بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، بەهۆی باشی کوالێتییە بەرزەکەیەوە بلۆکی دەڤەری ڕاپەڕین و بەتایبەت کارگەکانی سنوری قەزای ڕانیە پێش قەیرانی دارایی نرخی جوتێک بلۆک لەسەروی 1000 دیناری عێراقییەوە بوو بەڵام ئێستا دوو جووت بلۆک نرخی 1000 دیناری عێراقییە، واتا نرخەکەی زیاتر لە نیوە دابەزیوە.
وتیشی ئەمە جگە لەوەی کە نرخی بلۆک بەڕێژەی زیاتر لە نیوە دابەزیوە، فرۆشی بەرهەمەکەش بەهەمان شێوە دابەزیوە، بە نمونە پێش قەیرانی دارایی ڕۆژانە 20 باری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بلۆکمان دەفرۆشت لە ئێستادا ڕۆژانە بۆ کەمتر لە 10 بار فرۆشی بەرهەمیان کەمیکردوە، واتا پێش قەیرانی دارایی ڕۆژانە نزیکەی 15 هەزار بلۆکیان دەفرۆشت، بەڵام ئێستا تەنیا نزیکەی 7000 بلۆک دەفرۆشین.
جگەلەوەی کە فرۆشی بەرهەمی بلۆک زۆر کەمیکردوە، هاوکات ئەو کەسانەشی کە بلۆک دەکڕن زیاتر بە قیست و قەرز دەیکڕن، ئەمەش وایکردوە خاوەن کارگەکان هێندەی تر زەرەرمەند دەبن و نەتوانن بەرهەم زیاد بکەن.
نزیکەی لە 50%ی کارگەکانی بلۆک داخراون
ئەحمەد عەباس، یەکێکیترە لەو خاوەن کارگانەی بلۆک لە دەڤەرەکە، ئەو کە بەهۆی قەیرانی دارایی کارگەکەی داخستووە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لەو کاتەی قەیرانی دارایی دروستبوو قەیرانی کەمی داهاتیش ڕووی لە کارگەکانی بلۆک کرد، بەهۆی ئەوەی بەرهەمەکەمان نەدەفرۆشرا توشی قەرزێکی زۆری کرێکار و خاوەن کارگەکانی چیمەنتۆ بووین.
وتیشی تا نزیکەی 1 ساڵ چاوەڕێم کرد دۆخەکە ئاسایی بێتەوە و ئەو قەیرانە نەمێنێت، بەڵام بەداخەوە قەیرانەکە هەر بەردەوامبوو تا دەهاتیش پارەی داهات کەمتر دەبوو لە پارەی خەرجی، بۆیە ناچار بڕیارمدا کارگەکەم دابخەم و 11 کرێکاری کارگەکەشم ناردەوە بۆ ماڵەوە و بێکار بوون.
مووچەی کرێکارەکانیان بە ڕێژەی لە 50% تا 60% کەمکردوەتەوە
سەبارەت بە بڕی مووچەی کرێکاری کارگەکانی بلۆک، کامەران مەحمود، خاوەن کارگەی بلۆک بەدواڕۆژی ڕاگەیاند، لەو کاتەوەی قەیرانی دارایی دەستیپێکردووە و داهاتی کارگەکان کەمبوەتەوە، بەشی هەرە زۆری خاوەن کارگەکان ئەمە جگە لەوەی نیوەی کرێکارەکانیان ناردۆتەوە بۆ ماڵەوە ئەوانەشی کە ماونەتەوە مووچەکانیان بەڕێژەیەکی زۆر کەمکراوەتەوە.
وتیشی پێش قەیرانی دارایی شۆفێری کابیسە لە کارگەی بلۆک بەگشتی مووچەکەی لە نێوان 1 ملیۆن تا 1 ملیۆن و 500 هەزار دینار بوو، بەڵام لە ئێستادا مووچەی شۆفێری کابیسە بە گشتی لە نێوان 400 بۆ 600 هەزار دیناری عێراقیدایە و بەگشتی کرێکاری بەشەکانی تری کارگەکانی بلۆک مووچە کانیان بەڕێژەی نزیکەی لە 50% بۆ 60% کەمکراوەتەوە.
تەنیا لە ناحیەی چوارقوڕنە نزیکەی 400 کرێکار کارەکانیان لەدەستداوە
ئیدریس ئیسماعیل، بەرپرسی سەندیکای کرێکارانی چوارقوڕنە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لە سنوری ناحیەکەیان 100 کارگەی بلۆک هەیە، پاش قەیرانی دارایی سەرجەم کارگەکان ژمارەی کرێکارەکانیان بۆ نزیکەی نیوە کەمکردوەتەوە، بەو پێیەی هەر خاوەن کارگەیەک لە کۆی 10 کرێکار 4 بۆ 5 کرێکاری لە کارەکەی دورخستوەتەوە.
باسی لەوەشکرد، دەتوانین بڵێین بەهۆی قەیرانی داراییەوە لەئێستادا لەناحیەی چوارقوڕنەی قەزای ڕانیە نزیکەی 400 کرێکار لە کارگەکانی بلۆک بێکار بوون.
کارگەکان ڕۆژێک دەکرێنەوە و 2 ڕۆژ دادەخرێن
ئەزوەر جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاوا بۆ دواڕۆژ وتی لە ناحیەکەدا 54 کارگەی بەرهەمهێنانی بلۆک هەیە، بەڵام لەگەڵ دروستبوونی قەیرانی دارایی بەشێکی زۆر لەو کارگانە داخراون و بەشێکی تریشیان ڕۆژێک دەکرێنەوە و 2 ڕۆژ دادەخرێن، واتا کەی زانی بلۆک بازاڕی هەیە ئەو بلۆکەی کە لە گۆڕەپانەکە هەڵیگرتوە سەرفیدەکات، بۆیە بەشێکی کەمیان بە بەردەوامی کراوەن.[1]
#11-08-2018#