جەماوەر و کادر و هەڵسوڕاوە بەئەمەکەکانی #بزووتنەوەی گۆڕان#، سەرجەم چین و توێژە زیندوو بەهەڵوێستەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە ساتە وەختی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان کە ماوەی (9) ساڵە هەتا ئەم چرکەساتانە کە دەیگوزەرێنیین ئەندام و لایەنگرانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی یەکێتی و پارتی و شاگردەکانیانەوە تووشی دەیان چەرمەسەری و ناڕەحەتی و نانبڕین و قوربانی بوونەتەوە.
بەڵام هێشتا کادر و هەڵسوڕاوەکانی ئەم بزووتنەوە بە ئیرادەیەکی پۆڵاین و ئومێدەوە دژی دەسەڵاتی فاشستی یەکێتی و پارتی وەستاونەتەوە و پاڵپشتی بزووتنەوەکە و پرۆژەکەی دەکەن و چاوەڕێن گۆڕان بتوانێت لە داهاتوودا خەون و هیوای میللەتەکەمان بهێنێتە دی و نموونەی حوکمڕانیەکی دروست و جوان و خۆماڵی بنیادبنێ و لەسەر بنەمای ڕێبازی ڕەوانشاد #نەوشیروان مستەفا# سیستەمی سیاسی هەرێم زیندوو ڕۆشن بکاتەوە و شوێن پێ و هەنگاوەکانی ئەو زاتە هەڵگرێت.
بەداخەوە دوای (9) ساڵ دەزگا پەیوەندیدار و بەرپرس و دەست ڕۆیشتووەکانی بزووتنەوەکە نەیانتوانی ئەزموونێکی حیزبایەتی تەندروست و مۆدێڕن بنیادبنێن و پەرەی پێ بدەن، بەتایبەتی دوای ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا هەنگاوەکان بەرەو دواوە دەگەڕێنەوە و خەون و ئاواتی دەیان هەزار لە شەقام و خەڵکی کوردستان بەرەو چارەنووسێکی نادیار هەنگاو دەنێت.
لەم ماوەیەدا بە دراسەکردن و ڕاپۆرت و بەدواداچوونمان لە ناوخۆ و لە سۆشیال میدیا لەسەر کۆی بزووتنەوەکە ئەزموونێکی تاڵمان تاقیکردەوە لەگەڵ دەست ڕۆیشتوو ئارەستەکەرەکانی کاری سیاسی بزووتنەوەکە کە :
1. لە دوای یەکەم کۆنگرەی بزووتنەوەکە لە کۆتاییەکانی ساڵی (2013) یەکەم دەستووری بزووتنەوەکە بە زۆرینەی زۆری ئەندامانی کۆنگرە داڕێژرا و پەسەندکرا، بەڵام بەداخەوە نەتوانرا یەک ماددەی جێبەجێ بکرێ بەڕوون و ئاشکرا پێشێلکاری دەستووری کراوە، داوا دەکەین بگەڕێنەوە بۆ دەستوور و کاری پێ بکەن.
2.ڕێکخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن لە پرۆسەیەکی ئاڵۆز و نادیموکراسیدا هەڵبژێران، چونکە شەرعیەتیان لە جڤاتی نیشتمانیەوە وەرگرت کە پێکهاتەی ئەندامانی جڤات هیچ شەرعیەتێکی یاسایی و دەستووریان نەبوو، داوا دەکەین سەرلەبەری هەڵبوەشێتەوە.
3. نەخشە ڕێگای کاری سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان ڕوون نیە، تەماشای هەڵوێستەکانی ڕابردووی دەربارەی (ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی، پرسی ڕیفراندۆم، پەیوەندی و دبلۆماسیەت، پشتیوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان، یاسای تیرۆر، یاسای خانەنشینی پلە باڵاکان) پێویستە سیاسەتی ڕوون و شەفاف بێت.
4. ماوەی پێنج ساڵە نەیتوانیوە کۆنفرانسی نیشتمانی و کۆنفڕانسی پارێزگاکان بگرێت کە بەپێی دەستوور دەبێت کۆنفڕانسی نیشتمانی چوار ساڵ جارێک و کۆنفڕانسی پارێزگاکان دوو ساڵ جارێک ببەستێت.
5.لە ماوەی ڕابردوو هەیکەل و ئۆرگانەکانی بزووتنەوەکە بەشێوەیەک شێواوە و ناڕێک و بێ شیرازەیە کە دروست ناتوانرێ بازنە و ڕایەڵە و ئەنجومەنەکان کۆببنەوە و چالاکی بەرنامەڕێژی بکەن، بۆیە داوا دەکەین کە هەڵبژاردنی ناوخۆیی بکرێ و بە میکانیزمی گونجاو ڕێک بخرێتەوە.
6. بێ هەڵوێستی و بێ باکی و بێ منەتی سەرکردایەتی گۆڕان بەرامبەر نیگەرانی و ناڕازی بوونی زۆرێک لە کادر و هەڵسوڕاو و جەماوەر و شەقامی ناڕازی، داوا دەکەین بە زووترین کات شەقام و کادرە دڵسۆزەکان ئاشت بکرێتەوە و بەرپرسەکانی گردەکە بێنە ناو خەڵک و جەماوەر.
7. سەربەخۆ نەبوونی ڕاگەیاندن و میدیای گۆڕان، پێویستە پلان و بەرنامەڕێژی تەواو بکرێ ڕاگەیاندنەوە، بێلایەنانە تەختیەی هەواڵ بکرێ.
8. داوا دەکەین چارەسەری خاوەندارێتی گردی زەرگەتە و پشکەکانی گۆڕان لە کۆمپانیاکان بکرێ، لایەنی دارایی و سەرچاوەی ئابووری شەفاف بێت بۆ هەمووان و مانگانە ڕاپۆرت هەبێت لەو بارەوە.
9. دوورخستنەوەی ئەو دەستە لەرزۆکانەی کە ناوخۆی بزووتنەوەکەیان تێکداوە و گۆڕانیان بەلاڕێدا بردووە، بەردەوام خەریکی دەستەگەری و تەکەتوولن و بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن.
بۆیە ئێمە وەک کۆمەڵێک کادر و هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان لەم دۆخەی کە تێپەڕ دەبێت بەسەر ناوخۆی گۆڕاندا بێدەنگ نابین و خاوەندارێتی لە بزووتنەوەکە دەکەین و بەردەوام دەبین و پشتیوانی لە هەر چالاکی و جموجوڵ و کارێکی و ڕەخنەی دروستکەر دەکەین.
لەپێناو جێبەجێ کردنی ئەم پرۆژە هەموو هەوڵ و تواناکانمان دەخەینە گەڕ، داواکارین لە جەماوەر و دەنگدەری بزووتنەوەی گۆڕان بێ دەنگ نەبن و بە بەرپرسیارێتیەوە هەڵسوکەوت بکەن تاکو بتوانین نێو ماڵی خۆمان چارەسەر بکەین، ئەگەر نا ئامادەنین بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان بکەین، بایکۆتی دەکەین.
بە پێچەوانەشەوە ئامادەین دژی گەندەڵی و ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی سیاسەتی داسەپاوی یەکێتی و پارتی ببینەوە و ئامادەین قوربانی بە گیانی خۆمان بدەین.
لەگەڵ ڕێزماندا
کۆمەڵێک کادر و هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان
#11-08-2018#