لە درێژەی کاروچالاکی و تێکۆشانی هێزی #پێشمەرگە#ی کوردستان لە ڕۆژهەڵات، دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە کاتی ئاڵوگۆڕی شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکەی ناوچە شاخاوییەکانی کێلەشینی #شنۆ#، شەوی 19 لەسەر 20ی گەلاوێژ، کاتژمێر 1ی سەرلەبەیانی بەهۆی ڕاپۆرتی جاش و سیخوڕ و جاسووسەکانەوە، لە سێ لاوە دەکەونە کەمینی هێزێکی زۆری جاشە خۆفرۆشەکان و سپای پاسدارانەوە و لە هەموو لایەک ئاگرباران دەکرێن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە هاوکات مۆڵگەکانی ڕێژیم لە دوورەوە و هەروەها تۆپخانەیەکی بەرفراوان لە هەموو لایەکەوە شوێنی هاتوچۆی پێشمەرگەکان ئاگرباران دەکەن و شەڕێکی قورسی نابەرامبەر دەست پێ دەکات.
رۆڵە ئازا و گیان لەسەر دەستەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان زۆر بە خێرایی بەرەنگاری هێزی زۆری پۆشتە و پەرداختی ڕێژیم دەبنەوە. شەڕ تا دێت گەرمتر و بەرفراوانتر دەبێت بە جۆرێک کە پاش هاتنەدەستی ئازایانەی پێشمەرگە و شەڕێکی فیداکارانە و خوێناوی،هێزی دوژمن لە قۆڵێکەوە پاشەکشەی پێ دەکرێ و مەیدانی هەڵسووڕانی پێشمەرگە بەرفراوانتر دەبێ بە شێوەیەک کە پێشمەرگەکان بەسەر دوژمندا زاڵ دەبن و ڕێگای هەڵسووڕانی خۆیان مسۆگەر دەکەن. ئەو شەڕە تا نیزیک کاتژمێر 6ی بەیانی درێژەی کێشاوە و خەسارەتێکی گیانیی بەرچاو بەر دوژمن دەکەوێت، بە پێی زانیارییەکان ڕێژیم 12 کوژراو و 8 برینداری لەو شەڕەدا هەبووە. دوژمن دەسبەجێ بۆ داپۆشینی خەسارەتی خۆی بە ماشینی داپۆشراو و هێلی کۆپتێر، کوژراو و بریندارەکانی بۆ #ورمێ# گواستووەتەوە. لەو شەڕە نابەرامبەر و خوێناوییەدا بە داخ و کەسەرێکی گرانەوە 4 پێشمەرگەی گیانفیدا بە ناوەکانی: عەبدولسەلام عەبدی، سلێمان محەممەدزادە، عەبدولواحید سوهرابی و ئیسماعیل ئێران مەنش، گیانی ئازیزیان بەخت دەکەن و پەیوەستی کاروانی شەهیدانی کوردستان دەبن، کە سێ کەس لەو هاوڕێیانە بریندار بوون و بە هۆی نەبوونی دەرەتانی گواستنەوە و قورسیی برینەکانیان بە نارنجۆکی دەستی گیانی خۆیان فیدای نیشتمان کرد و دوو پێشمەرگەی ئازا و گیانفیدای شاریش لەو شەڕەدا بە ناوەکانی: عوسمان ڕەحمانی و مێهران تەهاپوور، وێڕای چوار هاوڕێکەی تر چوونە ڕیزی کاروانی شەهیدان و هەروەها دوو پێشمەرگەی تریش بریندار بوون. باقیی پێشمەرگەکان پاش ماڵاوایی لە شەهیدان سوێندی وەفادارییان بۆ دووپات کردنەوە و درێژەیان بە مەئموورییەتی خۆیان دا.
هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سەرەتای دەست پێکردنی ڕاسان بەتایبەت لە بەهاری ئەمساڵدا بەردەوام لە ناوخۆی کوردستان لە شار و گوندەکانی ئەرکی خۆی بەڕێوەبرد و لە ئەگەری پەلاماری دوژمن پلانی بەرگریی هەڵبژاردووە بەو حاڵەش زەربەی کاریگەری لە هێزەکانی دژی گەلی داوە.
ئێمە خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە کۆماری ئیسلامی تاوانی ئەم بێ پرەنسیپییەی خۆی دەداتەوە و بێ وەڵام نامێنێ، هەروەک لە شاخەکانی سیاکێو و بانە و #نەغەدە# و #پیرانشار# و هەورامان و... سەلماندیان کە ڕۆڵەی بەجەرگ و شۆڕشگێڕ لە مەیدانی کوردستانن.
لە لایەن ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی ئەو شەهیدانە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین و بەڵێن تازە دەکەینەوە کە تا وەدیهێنانی ئامانجەکانیان درێژەدەری ڕێگایان دەبین.
رۆحیان شاد بێت
فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
#13-08-2018#