دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
لەهەرێمی کوردستان شێوازەکانی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان زیادیکردووە، لەبەرامبەردا ئافرەتان زیاتر لە چوار هەزار و 200 سکاڵایان لەسەر پیاوان تۆمارکردووە و ئەندامێکی ئەنجومەنی کاروباری خانمانیش دەڵێت هەتا حکومەت خۆشگوزارانی دابیننەکات، توندوتیژییەکان کەمنابێتەوە، لەسەرەتای شەش مانگی ئەمساڵیشدا، 58 ئافرەت دەستدرێژی سێکسیان کراوەتەسەر.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، لەشەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 25 ژن و کچ کوژراون و 41 کەسی دیکەش خۆیان کوشتووە و 78 ئافرەت و کچی تر سوتاون و 64 دیکەیان خۆیان سوتاندووە، هاوکات چوار هەزار و 213 سکاڵا لەلایەن کچان و ژنان لەدژی خێزان و بنەماڵەکەیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە (#هەولێر#، #سلێمانی#، #دهۆک#، #گەرمیان#، ڕاپەڕین و #سۆران#) تۆمارکراون، لەو ماوەیەشدا 58 ئافرەت و کچی دیکە لەهەرێم دەستدرێژی سێکسیان کراوەتەسەر.
بەبەراورد لەگەڵ شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، جگە لە حاڵەتی سوتاندن و خۆسوتاندن سەرجەم شێوازەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتان زیادیکردووە.
یاسین شەریف، پارێزەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان لەهەولێر پێیوایە بەهۆی ئەوەی ئاستی ڕۆشنبیری خێزان لە ئاستێکی بەرزدانییە بۆیە لەکاتی بچووکترین کێشە، توندوتیژی بەرامبەر ئاقرەتان دەکرێت، دەشڵێت بەهۆی ئەوەی هێشتا بەشێکی زۆری پیاوان پابەندن بەدابونەریتی کۆمەڵایەتی، بۆیە ئەگەر توندوتیژی بەرامبەر خێزان و کچەکانیشیان کرا، ئەوا بەبینینی ئەوان نابێت سکاڵا تۆماربکرێت و داوای مافی خۆیان بکەن و سەردانی بنکەی پۆلیس بکەن، لەبەرئەوەی هەرکاتێک کچ و ژنەکانیان چوونە لای پۆلیس ئەوا دەبێت تەڵاق بدرێت بەبیانووی ئەوەی ئابڕویان چووە.
ئه و پارێزەرە ڕونیشکردەوە، یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2011ی توندوتیژی دژی ئافرەتان چارەسەری کێشەی توندوتیژی دژی ژنان ناکات و لەگەڵ سەردەمی ئێستا ناگونجێت و چارەسەری بنەڕەتی کێشە خێزانییەکان ناکات.
بەپێی ئامارەکەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، 23 حاڵەتی کوشتن و 35 حاڵەتی خۆکوشتن و 117 حاڵەتی سوتاندن و 66 حاڵەتی خۆسوتاندن و چوار هەزار و 141 سکاڵاو 51 حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی تۆمارکراوە، بەمەش تەنیا 39 حاڵەتی سوتاندن و دوو حاڵەتی خۆسوتاندنیش کەمیکردووە، بەپێچەوانەوە شێوازەکانی تری توندوتیژی زیادیانکردووە.
زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتەکان لەهەرێم، لەکاتێکدایە یاسایەکی تایبەت بە ئافرەتان و خێزان هەیە و دوو دامەزراوەی تایبەت بە پرسەکانی ژن (بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندویژی خێزان و ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان) هەن، کە یەکەمیان سەر بە #وەزارەتی ناوخۆ# و دووەمیشیان ڕاستەوخۆ سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانە.
لەبارەی زیادبوونی توندوتیژی دژی ئافرەتان، ئێڤار ئیبراهیم سەرۆکی لیژنەی مافی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، بەگشتی لەهەموو وڵاتێک ڕێژەیەک لە توندوتیژی دژی ئافرەتان هەیە، بەڵام دەتواندرێت هەوڵی کەمکردنەوەی بدرێت.
وتیشی بەداخەوە بەهۆی قەیرانی دارایی و دۆخی ناسەقامیگری سیاسییەوە ڕۆژ بەرۆژ ڕێژەی توندوتیژی دژی ئافرەتان زیاددەکات و حکومەتیش دەبێت هەوڵی جددی بدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، نەک ساڵانە تەنیا لە 8ی مارس و 25ی نۆڤبەر، باسی توندوتیژی دژی ئافرەتان بکرێت، بەڵکو پێویستە ئه و پرسە ڕۆژانە لەلایەن حکومەت و میدیا و ڕێکخراوەکانی ئافرەتان کاری جددی لەسەر بکرێت.
سەرۆکی لیژنەی ئافرەتان، پێیوایە یاسای توندوتیژی دژی ئافرەتان لەکاتی خۆیدا باشترین یاسا بوو لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام بۆ ئێستا ناگونجێت و دەبێت هەمواربکرێتەوە دەشڵێت دەمانەوێت لەم خولەدا چەند مادده و بڕگەیەکی یاساکە هەمواربکەینەوه و تائێستا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوه و هیودارین لەم خولەدا بتوانین هەموارکردنەوەکە پەسەند بکرێت و ڕێگری لە زیادبوونی توندوتیژی دژی ئافرەتان کەمبکرێتەوە.
پەروین حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان بەدواڕۆژی ڕاگەیاند بەهۆی ئاڵۆزی بارودۆخی سیاسی و درێژەکێشانی قەیرانی دارایی لەهەرێم وایکردووە شێوازەکانی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان لە کوردستان زیادبکات، چونکە کاتێک باری ئابووری خێزان خراپ بوو و سەرۆک خێزان نەیتوانی بژێوی ژیان و خزمەتگوزاری بۆ ماڵ و منداڵ دابینبکات، ئەوا هەڵچوونی زیاتر و توندیژی زیاتر دەبێت.
بەبڕوای ئه و ئەندامەی ئەنجومەنی خانمان، هەردوو دامەرزاوەکەی تایبەت بە پرسی ئافرەتان کاری باشیانکردووە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی توندوتیژی، بەڵام پێیوایە تاوەکو حکومەت خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان بەشێوەیەکی یەکسان دابین نەکات ئەوا نابێت چاوەڕوانی کەمکردنەوەی شێوازەکانی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان بکەین.[1]
#13-08-2018#