هێشتا قەیرانی دارایی کۆتایی نەهاتووە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێ لەو داهاتەی هەیەتی، بە پێدانەوەی قەرزەکانی باری سەر شانی سووک بکات، بەهۆی ئەوەی بڕی 300 ملیۆن دۆلار قەرزاری وەبەرهێنەرانە.
ئێستا حکومەت لەهەوڵدایە بڕی 50 ملیۆن دۆلار بداتە ئەو بەڵێندەرانەی پڕۆژەیان جێبەجێکردووە و، لەبەرامبەردا هیچیان پێ نەدراوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بڕی 300 ملیۆن دۆلاری بەڵێندەران قەرزارە، بڕیارە جیا لەو 50 ملیۆنە، مانگانە 10 ملیۆن دۆلار بە بەردەوامی بۆ پێدانەوەی قەرزی بەڵێندەران دیاری بکات.
تەنیا لە #سلێمانی# هەزار و 200 بەڵێندەر چاوەڕوانی ئەو پارەیەن، 800 بەڵێندەریان بەو هۆیەوە مایەپووچ بوون. بەڵێندەران زیاتر لە چوار ساڵە پارەیان وەرنەگرتووە، هەندێکیان پڕۆژەکانیان تەواوکردووە، هەندێکی دیکەشیان بەهۆی نەبوونی پارەوە پڕۆژەکانیان بەتەواونەکراوی ڕاگرتووە، بۆیە لەئەگەری پێدانی مافەکانیان دەست بەکارکردن لەپڕۆژەکان دەکەنەوە.
لە پارێزگای #دهۆک#یش 120بەڵێندەر 320 ملیار دیناریان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە. زیاتر لە سێ هەزار و 600 بەڵێندەر لە تەواوی هەرێمی کوردستان چاویان لەوەیە حکومەت ئەوەی تائێستا وەکو بەڵێن پێیداون، بیکاتە بڕیار.[1]
#14-08-2018#