بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت نرخی نەوت لەڕێگەی بۆری و تانکەر لە ساڵی 2018 بەراورد بە شەش مانگی کۆتایی ساڵی 2017، زیاتر لە 10 دۆلار بەرزبووەتەوە و بەپێی نرخی جیهانی نەوتیش بێت لەساڵی 2018دا، نەوتی هەرێم بە 18 دۆلار کەمتر لە نرخی جیهانی برێنت فرۆشراوە.
بەپێی ڕاپۆڕتی کۆمپانیای جیهانی دیلۆیت بۆ وردبینی و ڕاوێژکاری لەبارەی هەناردە و نرخی نەوتی هەرێم، لەماوەی نێوان 1ی تەمموزی 2017 تا 31ی کانونی یەکەم تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوتی فرۆشراو لەڕێگەی بۆرییەوە، 44.58 دۆلار بووەو تێکڕای نرخی یەک بەرمیلیش بە تانکەر 39.88 دۆلار بووە.
لەکاتێکدا بەپێی ڕاپۆرتی هەمان کۆمپانیا لە ماوەی نێوان #01-01-2018# تاوەکو 31-3-2018، تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوتی فرۆشراوی کوردستان بە بۆری 54.81 دۆلار بووە، بەڵام هەر بەرمیلێکی نەوت بە تانکەر بە 49.27 دۆلار فرۆشراوە.
لە ڕاپۆرتەکەی ساڵی 2017دا ئاماژە بەوەکراوە، حکومەتی هەرێم لەماوەی شەش مانگی دووەمی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 91 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە و داهاتەکەشی نزیکەی چوار ملیار دۆلار بووە.
هەر له و ڕاپۆرتەکەدا هاتووە لەو ماوەیەدا بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو بە تانکەر لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە، چوار ملیۆن و 913 هەزار و 910 بەرمیل بووە، هەروەها بڕی نەوتی خاوی گواستراوە بۆ پاڵاوگەکانی ناوخۆ بۆ ئەوەی پوختە بکرێت بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، یەک ملیۆن و 457 هەزار و 965 بەرمیل بووە.
ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت ئەوەشی دەرخستووە، کۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراو لەڕێگەی تانکەرەوە لە شەش مانگی کۆتایی ساڵی 2017دا 205 ملیۆن و 185 هەزار و 451 دۆلار بووە.
دیلۆیت دەریخستووە لە ساڵی 2017، کۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراو لەڕێگەی بۆری و تانکەر و فرۆشی ناوخۆ، سێ ملیار و 853 ملیۆن و 777 هەزار و 857 دۆلاری ئەمریکی بووە و پوختەی داهاتی وەرگیراو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی فرۆشتنی نەوتدا بڕی یەک ملیار و 815 ملیۆن و 410 هەزار و 669 دۆلار بووە.
ئەوەی پەیوەندی بە ساڵی 2018وە هەیە، بەپێی وردبینی دیلۆیت هەناردەکردن و بەکاربردنی نەوت لە سێ مانگی یەکەمی 2018دا گەیشتووەتە 30 ملیۆن و 503 هەزار و 447 بەرمیل.
دیلۆیت ئاشکراشیکردووە، نەوتی خاوی هەناردەکراو بە بۆری 28 ملیۆن و 337 هەزار و 999 بەرمیل بووە، ئاڵوگۆڕی نەوتی خاو بەرامبەر دیزڵ و سووتەمەنی نەوتی قورس بۆ بەکارهێنان لە وێستگەکانی وزەی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان 559 هەزار و 341 بەرمیل نەوت بووە، هەروەها فرۆشتنی نەوت بە پاڵاوگەکان 609 هەزار و 649 بەرمیل بووە و فرۆشتنی ناوخۆش 996 هەزار و 458 هەزار بەرمیلە.
دیلۆیت، دەڵێت کۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراو لە سێ مانگی یەکەمی 2018 (یەک ملیار و 559 ملیۆن و 412 هەزار و 410 دۆلار) بووە، هەروەها بەهای فرۆشتنی نەوتی خاوی گواستراوە بە تانکەر (20 ملیۆن و 117 هەزار و 37 دۆلار) بووە.
بەپێی ئه و داتا و ژمارانەی لە لایەن کۆمپانیای دیلۆیتەوە بڵاوکراوەتەوە، نرخی نەوتی هەرێمی کوردستان لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە 54 دۆلار زیاتر نەفرۆشراوە، لە کاتێکدا ئێستا نرخی نەوتی برێنت لەسەرووی 72 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە زۆرجار نرخەکە نزیکبووەتەوە لە 80 دۆلار.
ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز، تاوەکو ئێستا چوار ڕاپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیتی سەبارەت بە ئەنجامی وردبینی و پێداچوونەوە بۆ هەناردەکردن، بەکاربردن و خەرجی و داهاتەکانی نەوت لە ساڵی 2017 و 2018 بڵاوکردووەتەوە.[1]
#14-08-2018#