بەپێی بەدوادچوونێک، لە ناوچەکانی #گەرمیان# و #هەولێر# و ڕاپەڕین، تەنیا لە حەوت مانگدا 7. 4٪ی کچان خەتەنەکراون، کە زۆرترین حاڵەتیشیان لە ڕاپەڕین بووە، ئەمەش نیشانی دەدات، کە هێشتا خەتەنەکردن هەڕەشەی جدییە لەسەر کچانی هەرێمی کوردستان.
بەپێی ڕاپرسیی و بەدواداچوونێکی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی، کە لەگەڵ سێ هەزار کەس لە ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و پارێزگای هەولێر ئەنجامیداوە، ڕۆژنیوز تایبەت لە ڕێکخراوەکەی وەرگرتووە، تەنیا لە حەوت مانگی ڕابردوودا 144 کچ خەتەنەکراون، کە تەمەنیان لەنێوان 0 - 18 ساڵبووە و زۆرترینیشیان تەمەنیان لەنێوان 4 - 14 ساڵییدا بووە.
بەپێی بەدواداچوونەکە، لەو ژمارەیە 29 حاڵەتیان لە گەرمیان، 48 لە هەولێر و 67 حاڵەتیان لە ئیدارەی ڕاپەڕین بووە.
ئەگەر ڕێژەی سەدیی ئەنجامی ئەو ڕاپرسییە دەربکەین، دەردەکەوێت، کە لەو حەوت مانگەدا 7. 4٪ ی کچانی ئەو ناوچانە خەتەنەکراون، ئەمەش توندوتیژییەکی زۆر مەترسییدارە و نیشانی دەدات، ژمارەیەکی زۆری کچان لەژێر هەڕەشەی خەتەنەکردندان.
ڕێکخراوەکە، تەنیا لەو سێ ناوچەیەدا بەدواداچوونی کردووە، چونکە پێیوایە، کە لە #سلێمانی# و #دهۆک# و #هەڵەبجە# بە بەراورد بەو ناوچانە ڕێژەکە مەترە، ئەمە جگە لەوەی، کە لە ڕاپەڕین ڕێکخراوەکانی ژنان زۆر بە سستیی کار دەکەن و ڕێژەی توندوتیژییش تێیدا بەرزە.
شۆخ محەمەد، سەرپەرشتیاری پرۆژەکانی وادی ئەڵمانی، بە ڕۆژنیوزی وت: زۆربەی حاڵەتەکانی خەتەنەکردن لە ماڵاندا ئەنجام دەدرێت لە ڕێگەی مامانەکانەوە و چەقۆ و گوێزان مقەست تەنانەت نینۆکیش بەکارهێندراوە بۆ بڕینەکە ئەمانەش حاڵەتی زۆر ترسناکن لە ڕابردوودا مردنیشی لێکەوتووەتەوە.
شۆخ، وتیشی: ڕێژەی خەتەنەکردنی مێینە بە گشتیی کەمیکردووە بەبەراورد بە ساڵانی پێشوتر، بەڵام ئەگەر یەک حاڵەتیش هەبێت هێشیا زۆرە، چونکە ئەمە هەتککردنی ژیانی ژنێکە و پێویستە کاری جدی بۆ بکرێت.
ئەو سەرپەرشتیارەی پرۆژەکانی وادی ئەڵمانی، ئاماژەی بە هەندێک توندوتیژیی زۆر سەرسوڕهێنەر کرد، کە دژی ژنانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت وتی: حاڵەت هەیە، کە ژن دەستگیرانداربووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خەتەنە نەکراوە، نەگوازراوەتەوە و پیاوەکە ئیجباری کردووە، کە دەبێت پێش گواستنەوە خەتەنە بکرێت، هەروەها ژن هەبووە لەکاتی منداڵبووندا و بە زۆری هاوسەرەکەی خەتەنەکراوە.
بەگوێرەی ڕاپرسییەکیش، کە لە ساڵی 2015-2016 لەلایەن ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمانەوە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، لە پارێزگای هەولێر، ڕێژەی خەتەنەکردنی مێینە 16٪ی تێپەڕکردووە و بەگوێرەی ئەو ڕاپرسییە پارێزگای هەولێر لە هەموو پارێزگاکانی دیکە زیاتر خەتەنەکردنی تێدایە.
هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان بە پێی یاسا خەتەنەکردنی مێینە قەدەغەکراوە و سزا بۆ ئەنجامدەرانی ئەو توندوتیژییە دانراوە، بەڵام بە وتەی شۆخ محەمەد، هەتا ئێستا هیچ کەسێک بەهۆی ئەو حاڵەتەوە سزانەدراوە، چونکە کارەکە بەنهێنیی ئەنجام دەدرێت و هیچ کەسێکیش سکاڵا تۆمار ناکات و بە خواستی خێزانەکان ئەنجام دەدرێت.
یاسا چۆن ماماڵە لەگەڵ ئەنجامدەرانی خەتەنە دەکات؟
خەتەنەکردن بەگوێرەی یاسای یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2011 ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان قەدەغەکراوە و بەپێی بەندەکانی:
-هەر کەسێک هەوڵی ئەنجامدانی خەتەنەکردنی مێیینەیدا بە غەرامەیەک سزا دەدرێت کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 5 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
-هەر کەسێک کردەوەی خەتەنەکردنی مێینەی ئەنجامدا یان بەشداریی تێداکرد، ئەوا سزای بەندکردنی بۆ ماوەیەک دەیگرێتەوە، کە لە 6 مانگ کەمتر نەبێت و لە 2 ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها غەرامەکەشی لە 2 ملیۆن کەمتر نەبێت و لە 5 ملیۆنیش زیاتر نەبێت و دەبێت بە یەکێک لەو دوانە سزا بدرێن.
-هەر کەسێک کردەوەی خەتەنەکردنی مێینەی ناکامی ئەنجامدا یان بەشداریی تێدا کرد ئەوا سزای بەندکردنی لە ساڵێک کەمتر نەبێت و غەرامەشی لە 5 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 10 ملیۆن زیاتر نەبێت.
-باری تاوانکارەکە توندتر دەبێت ئەگەر بکەرەکە پزیشک،دەرمانساز، مامان یان یاریدەدەرەکانیان بوو، لەسەر دادگایە فەرمان بدات کارەکەی بۆ ماوەی سێ ساڵ قەدەغە بکات.
زیانەکانی خەتەنەکردن
بە پێی لێکۆڵینەوەی پزیشکەکان، خەتەنەکردنی مێینە زیانی جەستەیی و دەروونی خراپی لێدەکەوێتەوە، لەوانە:
زیانە جەستەییە کتوپڕەکان: گرنگترینیان خوێن بەربوونی زۆر،شۆکی دەمار، بەکارهێنانی کەرەستەی پیس ئەو پەتایانەی، کە دەشێت لەڕێگای خوێنەوە بگوازێتەوە ترسناکترینیان هەوکردنی ڤایرۆسی جگەر و ئایدز.
زیانە جەستەییە دوور مەوداکان: گرنگترینیان شێواندنی دەرەوەی کۆئەندامی زاوزێ بەدرێژایی ژیان بەهۆی بڕینی هەموو یان بەشێکی، دروستبونی برین و وەرەمی ئازارهێنەر لە شوێنی بڕاوەکە، هەوکردنی بەردەوامی کۆئەندامی میزەڕۆ یان کۆئەندامی زاوزاێ زیان گەیاندن بە حەوز و ناڕەحەتبوونی پڕۆسەی منداڵبوون.
ڕێکخراوی وادی لە ساڵی 1991 لە ئەڵمانیا دامەزراوە و لە ساڵی 1993 بەفەرمی ڕێگەی پێدراوە لە عێراق کاربکات، ئۆفیسی سەرەکیی عێراق لە شاری سلێمانیە و لە هەولێر و دهۆک و هەڵەبجە و گەرمیان-یش ئۆفیسی هەیه، کە زۆرترین کارەکانی ڕێکخراوکە لەبواری ژنان-دایە.[1]
#15-08-2018#