دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ئابی 2018 لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری شەش مانگی حاڵەتەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە و تەڵاقدان لە سنوری پارێزگای #هەڵەبجە# ڕاگەیەنرا کە لە کۆی 366 پرۆسەی هاوسەرگیری 92 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراون.
لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاری ئەنوەر، لێپرسراوی بەشی ئاماری دادگای بەرایی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکرد، لە هەندێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە باس لە ئامارێک دەکرێت کە گوایە لەمساڵدا لە کۆی 365 حاڵەتی هاوسەرگیری هەبووە و 200 حاڵەتی جیابوونەوەش تۆمارکراون، بەڵام ئەم ژمارەیە دوورە لەڕاستییەوە و ئەوەی کە ڕاستە بریتیە لە تۆمارکردنی 366 حاڵەتی هاوسەرگیری، له و ژمارەیەش 53 حاڵەتی جیابوونەوە و 39 حاڵەتی تەڵاقدانیش تۆمارکراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی ڕابردوودا 821 پڕۆسەی هاوسەرگیری تۆمارکراون، بەڵام له و ژمارەیە 133 حاڵەتی جیابوونەوە و 158 حاڵەتی تەڵاقدان تۆمارکراون، هاوکات لە ساڵی 2016 لە کۆی 726 پرۆسەی هاوسەرگیری 128 حاڵەتی جیابوونەوە و 117 حاڵەتی تەڵاقدان تۆمارکراون.
لێپرسراوی بەشی ئامار لە دادگای بەرایی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، بەراورد لەنێوان ساڵانی 2016 و 2017 دەردەکەوێت کە لە ساڵی 2017دا پرۆسەی هاوسەرگیری زیادیکردوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حاڵەتەکانی جیابوونەوە و تەڵاقدانیش زیادیان کردوە.[1]
#15-08-2018#