دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە کۆی پێویستی #هەڵەبجە# بە 75 ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی، حکومەت تەنها یەک ملیار و 200 ملیۆن دیناری بۆ شارەکە دابینکردووە.
هەریەک لە ڕێکخراوی NEDی ئەمەرکیی و ڕێکخراوی هەڵوێست بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ئیداری و بەڕێوەبەری ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکانی هەڵەبجە، ڕاپۆرتێکیان لەسەر ژمارەیەک لە دامەزراوە حکومییەکان و پێداویستی شارەکە بڵاوکردەوە.
راپۆرتەکە لەلایەن جەوهەر ئیسماعیل، ڕێکخەری پرۆژەکانی ڕێکخراوی هەڵوێست خوێندرایەوە کە تیایدا ئاماژە بەوەکرابوو، بۆ ساڵی 2018 بۆ بودجەی پەرەپێدان (58) پڕۆژە و بۆ بودجەی وەبەرهێنان (37) پڕۆژە، بودجەی ناوچە جیاجیاکان (62) و (19) پڕۆژەش بۆ زیانلێکەوتووان دیاریکراون. کۆی گشتی ئه و پڕۆژانەش پێویستی بە 75 ملیار دینار هەیە، بەڵام حکومەت تەنها یەک ملیار و 200 ملیۆن دیناری بۆ هەڵەبجە دابینکردووە لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش خرابووەڕوو، لە کۆی 176 پڕۆژە ئێستا تەنها 11-یان کارکردن تیایاندا بەردەوامە، له و 11 پڕۆژەیەش حەوتیان لە ساڵانی ڕابردوودا بڕیاریان لەسەر دراوە و تەنیا چوار پڕۆژەی نوێ لەمساڵدا کاریان تیادا دەکرێت. هاوکات دیوانی پارێزگای هەڵەبجە پێویستی بە 362 فەرمانبەر هەیە بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان، بەڵام ئێستا تەنها 66 فەرمانبەریان هەیە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەش کرابوو، هەریەکە لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکانی شارەوانی و تەندروستی پێویستیان بە فەرمانبەر هەیە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە 36 فەرمانبەری زیادەی هەیە، هاوکات هاوڵاتیان وەک پێوست لە ئیش و کارەکانی ئه و بەڕێوەبەرایەتییانە ڕازی نین.[1]
#17-08-2018#