دوای 306 ڕۆژ لە داخستنی، بڕیارە سبەی (یەکشەممە 19-8-2018) ڕێگەی نێوان #هەولێر# - #کەرکووک# بە فەرمی بکرێتەوە.
هونەر نووری، بەڕێوەبەری گشتی ڕێگەوبانی هەولێر بە ڕووداوی ڕاگەیاند: پردەکەی پردێ بە تەواوەتی چاککراوە و هیچ کێشەیەکی بۆ هاتووچۆ نابێت، بەڵام بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر ناشێت.
بەڕێوەبەری گشتی ڕێگەوبانی هەولێر دەشڵێت: تێچووی کردنەوەی ڕێگەکە 220 ملیۆن دینار بووە و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق و سندووقی قەرزی نێودەوڵەتی لەو پرسەدا هاوکاربوون.
بۆ چاککردنەوەی تەواوی پردەکەوە و کۆنکرێتکردنی وەک پێشووتر 750 ملیۆن دیناری پێویستە و حکومەتی عێراق و سندووقی قەرزی نێودەوڵەتی هاوئاهەنگ دەبن و هەرێمی کوردستانیش هاوکاردەبێت بۆ چاککردنەوەی ڕێگەکە لە ماوەی کەمتر لە هەشت مانگ.
هاوکات بازگە هاوبەشەکەی نێوان هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی کە لە نزیک پردێ داندراوە و کارەکانی تەواوبووە، بەجۆرێکە بازگەی چوون بۆ کەرکووک بەدەست پۆلیسی فیدراڵی و بازگەی هاتن بۆ هەولێریش لەدەست پۆلیس و ئاسیشی هەرێمی کوردستان دەبێت.
عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: سبەی ڕێگاکە دەکرێتەوە و داوا لە هاووڵاتیان چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی دەکەین سەردانی هەولێر بکەن بۆ نەخۆشخانەکان یان فڕۆکەخانە یان هەر شوێنێک کە پێویستیانە و لەبەر نەبوونی ڕێگاکە نەیانتوانیوە لە ماوەی ڕابردوو بێنە هەولێر. پێشتریش گوتوومانە زەرەرمەندی یەکەم لە داخستنی ڕێگاکە هاووڵاتیانن.
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لەبارەی قەدەخەبوونی هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە ڕێگەکەوە گوتی: لەبەر چەند هۆکارێکی تەکنیکی ئێستا تەنیا پاس و ئۆتۆمبێلە بچووکەکان دەتوانن لە ڕێگەکەوە هاتووچۆ بکەن، دوای جەژن ئەو کێشانەی ماون چارەسەریان دەکەین و ئەوکات ڕێگە بۆ بارهەڵگرەکانیش دەکرێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت دوای کردنەوەی ڕێگەکە خەڵک و گەشتیارێکی زۆر لەم ڕێگەیەوە سەردانی هەولێر و ناوچە گەشتیارییەکانی بکەن. ئەوە جگەلەوەی دەبێتە هۆی دووبارە ئاوەدانبوونەوەی ڕێگەکە، کە 10 مانگە جگە لە هێزە ئەمنییەکان کەس هاتووچۆی لێنەکردووە، هەروەها نەهێشتنی گوشاری سەر ڕێگە لاوەکییەکانی دیکەی هاتن بۆ هەولێر و کەمبوونەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ.[1]
#18-08-2018#