بەڕێوەبەری داتاکان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کۆمیسیۆن 200 هەزار ناوی لە تۆماری دەنگدەراندا دەرهێناوە و ئەوەش ژمارەیەکی گەورەیە، بەشێک لە حیزبەکانیش هێشتا گومانیان لە تۆماری دەنگدەران هەیە.
تۆماری دەنگدەران یەکێکی دیکە لە ناکۆکی نێوان حیزبەکان لە لایەک و حیزبەکان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنکەن لا لایەکی دیکە، چوار حیزبی ناڕازی کە گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ و هاوپەیماننین، هێشتا گومانیان لە تۆماری دەنگدەران هەیە و ئەو قسەیە دووبارەدەکەنەوە کە پێش چەند ساڵێک و لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو دەیانکرد، تۆمارێکی خاوێن نییە.
قاسم گەڵاڵی، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: کۆمیسیۆن خۆیشی دانی بەوەداناوە کە تاوەکو ئێستا نەیانتوانیووە هەموو ناوە مردووەکان بسڕنەوە، بوونی ئەو ناوانە ڕووبەرێکە بۆ ئەنجامدانی تەزوویر کە هەر کەسێک هەبێت بیکات.
ئەو گلەیی و گازندانەی چوار لایەنەکە لەکاتێکدایە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، بە کاژێر کارکردن و کۆبوونەوە هەوڵی خاوێنکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیداوە، ئەو ژمارەیەی کە بەرپرسانی کۆمیسیۆن باسیدەکەن کەمنین، دەڵێن 200 هەزار ناوی دووبارە و مردوو لابراون، بۆیە ئیدی هەق نییە حیزبەکان گومانیان لە تۆماری دەنگدەران هەبێت.
کاروان جەلال، بەڕێوەبەری داتاکان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لەکاتی بەراوردکردنی داتابەیسە کۆنەکە (تۆماری دەنگدەرانی پێشوو) لەگەڵ ئەو تۆمارە دەنگدەرانەی ئێستا هەیە، بۆمان دەرکەوت کە سەرووی 200 هەزار ناو لەو تۆماری دەنگدەرانە کەمترە، بێگومان ئەمەش ژمارەیەکی گەورەیە.
هێشتا چوار حیزبەکە دڵیان ئاوی نەخواردووە و پێکەوە سکاڵایەکیان داوەتەوە کۆمیسیۆن و دەڵێن لە هەندێک شوێن گومانیان هەیە، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوو ئەنجوومەنی کۆمسیاران وەڵامیان بدەنەوە، بە حیزبەکان بڵێن خۆتان بۆ بانگەشە ئامادەبکەن.[1]
#18-08-2018#