بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای #هەولێر# پلانی هێزە ئەمنییەکانی پارێزگاکە بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربانی ئاشکرادەکات و جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێریش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە ماوەی ڕابردوودا بە هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش توانیویانە 64 تاوانبار لەسەر تاوانی جۆراوجۆر دەستگیر بکەن و دەستبەسەر 145 ئۆتۆمبێل و 29 چەکی جۆراوجۆردا بگرن.
عەبدولقادر محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند: پلانی تایبەتیمان بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان هەیە، بە هاوکاری هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرجەم دەزگا ئەمنییەکانی ناو شاری هەولێر، پلانەکەشمان لەمڕۆوە دەستپێدەکات.
بەگوتەی عەبدولقادر محەممەد، ئەرک و شوێنی سەرجەم هێزە بەشداربووەکان لە پلانەکدا بۆ ڕۆژانی جەژن و ڕۆژێک بەر لە جەژن دەستنیشانکراوە، دەشڵێت: دوای کردنەوەی ڕێگەی نێوان هەولێر - #کەرکووک# پێشبینی هاتنی میوان و گەشتیارێکی زۆر بۆ شاری هەولێر دەکەین، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی تایبەت لە دەزگا خزمەتگوزارییەکانی ناو شاری هەولێر بە فەرمان سەرپەرشتی بەڕێز پارێزگاری هەولێر دامەزراوە، لیژنەکە هەموو ئامادەکارییەکی پێویستی گرتووەتەبەر بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان لە ڕۆژانی جەژن.
جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دڵنیایی ئەوە دەداتە خەڵکی شاری هەولێر و دەڵێت: شەوو ڕۆژ لە خزمەتیان دەبین بە هاوکاری هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرجەم دەزگا ئەمنییەکانی ناو شاری هەولێر.
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەڤانییەکەدا، عەبدولقادر محەممەد، ئاماژەی بە کار و چالاکییەکانی ئەو لیژنە ئەمنییە کرد کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو بۆ تووندوتۆڵکردنی تۆکمەکردنی باری ئاسایشی نێو شاری هەولێر پێکهێنرابوو گوتی: وەکو پۆلیسی هەولێر بە هاوکاری ئاسایشی هەولێر تونیومانە 39 تاوانبار، بە تاوانی کوشتن دەستگیر بکەین، 16 تاوانباریش لەلایەن پۆلیسی هەولێر بە تاوانی دزیکردن دەستگیرکران، لەگەڵ 9 تاوانباری دیکە لەسەر تاوانی جۆراوجۆر.
بە گوتەی عەبدولقادر محەممەد، هەر لە میانی کارو چالاکییەکانی ئەو لیژنەیەکی پێکیانهێناوە، توانیویانە 145 ئۆتۆمبێلی سەرپێچیکار دەستبەسەر بکەن، لەگەڵ 20 دەمانچەی بێ مۆڵەت و هەشت کڵاشینکۆڤ و 161 فیشەکی جۆراوجۆر و یەک چەکی جۆری (BKC).[1]
#20-08-2018#