دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم پێشبینی هاتنی دوو ملیۆن و نیو گەشتیار دەکات بۆ پشووی جەژن سەردانی هەرێم بکەن و وتەبێژی دەستەکەش هەنگاوەکانیان بۆ ڕۆژانی جەژن ئاشکرا دەکات.
نادر ڕۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند ئامادەکاریمان کردوە بۆ هاتنی ژمارەیەکی زۆر گەشتیار و ئامادەکارییەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەت و کەرتی تایبەتە بۆ ئەوەی بتوانرێت زۆرترین گەشتیار سەردانی هەرێم بکەن و چەندین تیم بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و چاودێری ناوچە گەشتیارییەکان پێکهێنراوە.
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار وتیشی هۆتێل و چێشتخانەکان ئاگادارکراونەتەوە کە لە ڕۆژانی جەژندا کراوەبن بە ڕووی گەشتیاراندا و هەر شوێنێکیش ڕێنماییەکانی دەستە جێبەجێنەکات ئەوا لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
سەبارەت بە پێشبینی بۆ هاتنی گەشتیار نادر وتی چاوەڕێدەکرێت دوو ملیۆن و پێنج سەد هەزار گەشتیار لە ڕۆژانی پشووی جەژن ڕوو لە هەرێم بکەن، ئەمەش بەراورد بە جەژنی ڕەمەزان زۆر زیاترە بەجۆرێک لە جەژنی ڕەمەزاندا 213 هەزار گەشتیار ڕوویان لە هەرێم کرد.
باسی لەوەشکرد کە کردنەوەی ڕێگەی #هەولێر#-#کەرکووک# کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر هاتنی خەڵکی ناوەڕاستی عێراق و هەرچەندە بەهۆی قەیرانی دارایی گەشتیار لە هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا کەمتر لەم جەژنە بۆ هەرێمی کوردستان دێن.[1]
#20-08-2018#