دواڕۆژ، زریان محەمەد
کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان مەترسی لەسەر بەرهەمی ناوخۆی مریشک ئاشکرا دەکەن و ڕایدەگەیەنن، ئەگەر حکومەت هاوکارمان نەبێت ئەوا زۆربەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بەرەو داخستن دەڕۆن.
نازم عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بەدواڕۆژی وت لەئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتەواوی پشتی لە بەرهەمی ناوخۆیی کردوە بەتایبەت مریشک کە بەردەوام بەرهەمەکەی لەزیادبوونە، بەڵام هیچ پشتیوانییەک لەبەرهەمی نیشتمانی ناکرێت و تائێستاش ڕێگە بە هاتنەناوەوەی مریشکی بەستوو دەدرێت.
وتیشی حکومەت دەڵێت هەموو هەوڵێکمان بۆ پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆییە، بەڵام خۆی وادەکات خەڵک بێزاربێت لە هەوڵدان بۆ زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، بەرهەمی مریشک لە ئێستادا لە گەورەترین زەرەردایە کە هەر کیلۆ مریشکێک لەسەر خاوەن کێڵگە 2 هەزار بۆ 2 هەزار و 100 دینارە، بەڵام لەناو کێڵگە مریشک کیلۆی بە 1600 دینار دەفرۆشرێت بەمەش زیانی زۆر بەر خاوەن کێڵگەکان دەکەوێت و ڕووبەڕووی داخستنی چەندین کێڵگەدەبینەوە کە زیانی بۆ کوردستان دەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا لەهەرێمی کوردستان هیچ پلانێک نیە و وەزیری پلان ئاگای لەهیچ کارێکی ئەم وڵاتە نیە هەموو ئەو شتانەی لەناوخۆدا بەرهەمدێت بەرەو شکست دەڕوات بەهۆی بێ پلانی حکومەتەوە کە پشتیوانی ڕاستەقینە نیە بەردەوام نرخی کارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییەکان لەسەر وەبەرهێنەران زیاد دەکات.
جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان پێشبینی ئەوە دەکات، هەر کێڵگەیەکی پەلەوەری زیاتر لە 20 ملیۆن دینار زیانی بەربکەوێت لەم وەرزەدا.[1]
#20-08-2018#