دواڕۆژ، ئاکۆ حەمەد ڕابی
بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەزگای گشتی کاروباری مین و تەقەمەنی ڕایدەگەیەنێت ئەمساڵ لەسنوری پارێزگای #هەولێر# 12 کەس بوونەتە قوربانی مین و تەقەمەنی و بەراورد بەساڵی ڕابردووش ڕێژەی قوربانیانی مین بەرزبۆتەوە.
زێبار خالید بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەزگای گشتی کاروباری مین و تەقەمەنی لە سنوری پارێزگای هەولێر لە لێدوانێکدا بەدواڕۆژی ڕاگەیاند لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاکو ناوەڕاستی مانگی ئابی ئەمساڵ لەسنوری پارێزگای هەولێر 12 کەس بوونەتە قوربانی مین و تەقەمەنی و لەو ڕێژەیەش 7کەس گیانی لەدەستداوەو 5 هاوڵاتیش بریندارو کەم ئەندام بوونە.
ئاماژەی بەوەشدا کە زۆرینەی قوربانیەکان لە سنوری قەزاکانی #سۆران#، #چۆمان# و مێرگەسۆر بووە بەتایبەت لەناوچە سنورییەکانی ئەو سێ قەزایە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ زۆری ڕێژەی مین و تەقەمەنی لەو ناوچانەو کەمتەرخەمی هاوڵاتیانیش هۆکارێکی دیکەی ڕووداوەکانی مین و تەقەمەنین.
زێبار خالید باسی لەوەشکرد کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو تا ئێستا، ڕێژەی قوربانیانی مین و تەقەمەنی لە سنوری پارێزگای هەولێر بەرزبۆتەوە.[1]
#21-08-2018#