پارتی چەپی ئەڵمانیا لەبارەی بازرگانیی چەکی ئەڵمانیا لەگەڵ تورکیا و سعودیە پرۆژە پرسیارێکی ئاراستەی پەرلەمان کرد. وەزارەتی ئابووری وەلامی پرسیارەکانی ناو پرۆژە پرسیارەکەی پارتی چەپی ئەڵمانیا دایەوە. وەزارەتەکە لەبارەی فرۆشتنی چەک لەلایەن حکومەتی کریستیان دیموکرات / سۆسیال دیموکرات بە سەرۆکایەتیی ئەنگێلا مێرکل، کە لە 14ی ئاداری 2018ەوە دەستی بەکار کردووە تاوەکو ڕۆژی 30ی حوزەیرانی 2018 زانیاریی خستووەتەڕوو.
بەپێی وەڵامەکەی وەزارەتی ئابووریی ئەڵمانیا، 5 ڕێککەوتن بۆ فرۆشتنی چەک لەگەڵ تورکیا واژۆکراوە، کە بەهاکەیان 418 هەزار و 279 یورۆیە. هەروەها لە 1ی کانوونی دووەمی 2018 تاوەکو 13ی ئاداری 2018، واتە لە ماوەی 2 مانگ و نیودا و لە کابینەی پێشتری حکومەتەکەی مێرکل دا و هاوکات لەگەڵ هێرشی تورکیا بۆ سەر #عەفرین#، 34 گرێبەستی فرۆشتنی چەک بە بەهای 9 ملیۆن و 700 هەزار یورۆ لەگەڵ تورکیا واژۆکراون. ئەوە سەرنجڕاکێشە بۆ لەو ماوە کەمەدا و لە کاتی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین، حکومەتی ئەڵمانیا ئەو ژمارە زۆرە لە گرێبەستی فرۆشتنی چەکی بە تورکیا واژۆکردووە.
فرۆشتنی چەک کەمبووەتەوە، بەڵام هەر فرۆشتنی چەک بەردەوامە
بەڕێوەبەرایەتیی بەرلین 138 گرێبەستی چەکی لە ساڵی 2017 بە بڕی 34 ملیۆن یورۆ لەگەڵ ڕژێمی ئەنقەرە واژۆکردبوو. حکومەتی بەرلین ساڵی 2016 بە بڕی 89 ملیۆن 900 هەزار یورۆ چەکی بە تورکیا فرۆشتبوو. ئەو زانیارییانە بە شێوەی فەرمی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ئاشکرکراون. بەپێی ئەو زانیارییانە، لەم دواییانەدا فرۆشتنی چەک بە ڕژێمی تورکیا و دەسەڵاتەکەی ئەدرۆغان کەمیکردووە.
هۆکاری کەمبوونەوەی فرۆشتنی چەکی ئەڵمانیا بە ڕژێمی ئەردۆغان بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، یەکێکیان بۆ بوونی قەیرانی ئابووریی تورکیا دەگەڕێنرێتەوە، کە لەم چەند ساڵەی دوایدا قەیرانی ئابووریی تورکیا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕووی لە زیادبوونە. هۆکارێکی تریشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئەڵمانیا مافی بەرهەمهێنانی چەندین جۆر چەکی بە ڕژێمی تورکیا داوە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ڕژێمی ئەنقەرە خۆی چەک بەرهەمبهێنێت و ئیتر پێویستی بە بازرگانیکردن بە چەکەوە نەبێت.
پارتی چەپی ئەڵمانیا بە قورسی ڕەخنەی بە بازرگانیی چەک لەگەڵ تورکیادا گرت. ستیفان لیبیچ یەکێک لەو پەرلەمانتارانەیە کە پرۆژە پرسیارەکەی ئامادە کردووە و ڕایگەیاند، گرێبەستی نوێی فرۆشتنی چەک بە تورکیا ئابڕوچوونە و داوایکرد، حکومەتی بەرلین بە خێرایی گەمارۆی چەک بخاتە سەر تورکیا و ئێتر چەک بە تورکیا نەفرۆشرێت.
گرێبەستی نوێی فرۆشتنی چەک لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا واژۆنەکراوە کە هێرش دەکەنە سەر یەمەن
ئەڵمانیا هەر وەک چۆن مافی بەرهەمێنانی چەندین جۆر چەکی بە ڕژێمی ئەنقەرە داوە، بە هەمان شێوە مافی بەرهەمهێنانی چەندین جۆر چەکی بە سعودیە داوە و ئەوەش وایکردووە، گرێبەستی نوێ فرۆشتنی چەک بە سعودیە کەم ببێتەوە. لە 14ی ئاداری 2018 تاوەکو 30ی حوزەیرانی 2018 گرێبەستە بازرگانییەکانی چەک لەگەڵ سعودیەدا بە بڕی 28 هەزار یورۆ بوون. بەڵام لە 10 هەفتەی یەکەمی ساڵی 2018دا بە بڕی 161 ملیۆن یورۆ چەک لەلایەن ئەڵمانیاوە بە سعودیە فرۆشراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی ئابووریی ئەڵمانیا، حکومەتی نوێی مێرکل گرێبەستی فرۆشتنی چەکی لەگەڵ هیچ یەک لە وڵاتانی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە بۆ هێرشکردنە سەر یەمەن، واژۆ نەکردووە. ئەو وڵاتانەش بریتین لە، میسر، بەحرەین، کوەیت، فاس (هەرێمێکی وڵاتی مەغریب) و میرنشینی یەکگرتووی عەرەبی (ئیمارات)، بەڵام ساڵی ڕابردوو بە بڕی ملیاریک و 300 ملیۆن یورۆ چەک بە 8 وڵات فرۆشرابوو، کە بەردەوامبوون لە هێرشکردنە سەر یەمەن.[1]
#22-08-2018#