دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی، ئاراستەی گەشتیاری لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران تەواو پێچەوانە کردوووەتەوە. ژمارەی ئەوانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەڕۆن چەند هێندەی ئەوانەیە کە دێن و، ئامارە فەرمییەکان ئەوە دەخەنەڕوو: ئەوانەی ڤیزایان وەرگرتووە بۆ گەشتکردن، ژمارەیان کەمتر نەبووە لە سێ هەزار گەشتیار لە هەر ڕۆژێکدا.
هاوسەر محەممەد، خاوەنی کۆمپانیای گەشتیاری دەڵێ سەرەتای هاتنی جەژنە، خەڵک بۆ گەشتکردن ڕوودەکەنە دەرەوە، دووەم بەهۆی دابەزینی بەهای دراوی ئێرانییەوە، گەشتیاری زیاتر ڕوودەکاتە دەرەوە، خواستی گەشتیار لەچاو ساڵی ڕابردوودا، گەر ساڵی ڕابردوو تاوەکو ئەم کاتە 10 هەزار گەشتیار بووبێت، ئێستا 100 هەزار گەشتیارە، لەسەرەتای مانگی هەشتەوە هیچ ڕۆژێک لە سێ هەزار گەشتیار کەمتر نەبووە.
دابەزینی بەهای تمەن هێشتا کاریگەری زۆری لەسەر هاوردەکردنی کاڵا و شمەکی ئێرانی دروستنەکردووە، بەڵام خەڵکی وەکو دەرفەتی زێڕین سەیری دابەزینی بەهای ئەو دراوە دەکەن، تاوەکو گەشتی ئێران بکەن.
ئومێد ئەحمەد گەشتیارە و دەڵێ من بۆ چارەسەر ڕوودەکەمە وڵاتی ئێران، چونکە بۆ من زۆر نزیکە. لەگەڵ ئەوەشدا لەچاو وڵاتی تورکیا و هیندستان تێچووی کەمترە.
شاخەوان عەبدولکەریم، گەشتیارێکی دیکەیە و دەڵێ چوارساڵێکە گوزەرانی خەڵک زۆر خراپە بەهۆی شەڕی نەگریسی #داعش#، نەماندەتوانی گەشتی وڵاتان بکەین، ئێستا مووچەی خەڵک باش بووە، بۆیە هەلێکی باشە و ئێستا کە بەهای دراوی تمەن دابەزیوە، بۆ ئێمە زۆرباشە گەشتی ئەو وڵاتە بکەین.
سەرکونسوڵی ئێران لە #سلێمانی#، هۆشدارییەکەی باڵیۆزی عێراق لە تاران ڕەتدەکاتەوە، کە هیچ گەشتیارێک دووچاری دزیکردن و هێرشکردن بووبێتەوە لەو وڵاتە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕایدەگەیەنێت ئاسایشی تەواو بۆ هەموو گەشتیارێک دەستبەردەکەن تاوەکو گەشتەکەیان بە ئارامی بکەن.
سەعدوڵڵا مەسعودیان، سەرکونسوڵی ئێران لە سلێمانی دەڵێ ئەمساڵ قەبارەی گەشتیارانی عێراق بۆ ئێران بەتایبەتیش هەرێمی کوردستان، چەند هێندەی ساڵی ڕابردووە. ئێمە وەکو کونسوڵخانەی ئێران دەڵێین، چوارجار و نیو ئەوەندەی ساڵی ڕابردووە، چوار جۆر گرووپ سەردانی وڵاتەکەمان دەکەن: گرووپی یەکەم بۆ بازرگانییە، گرووپی دووەم بۆ بینینی کەسوکاریان دەچن بەتایبەت بۆ شارە سنوورییەکان، گرووپی سێیەم بۆ چارەسەری پزیشکی و گرووپی چوارەمیش بۆ گەشتوگوزار دەچن.
ئاماری گەشتیاران لە سنووری پارێزگای سلێمانی کە سەردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیان کردووە لە مانگی 8ی ئەمساڵەوە 39 هەزار و 853 گەشتیارە، لەکاتێکدا لە مانگی 8ی ساڵی ڕابردوو 10 هەزار 623 گەشتیار بوو.[1]
#22-08-2018#