ڕاگەیاندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان، کە حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن تێیدا بەشدارن، ڕۆژی 30/9/2018یان وەکو ڕۆژی دەنگدان بۆ پەرلەمانی کوردستان دیاریکردوە. دیسانەوە سازدانی هەڵبژاردنێکی تر لەهەرێمی کوردستاندا لەلایەن حزبەکانی نێو دەسەڵات و بەڕەزامەندی ئه و حزبانەی کەخۆیان بەناڕازی لەدەسەڵات ناوزەد دەکەن، بڕیاری لێدرایەوە. بەمجۆرە هەموو لایەک ڕێکەوتون کە بۆ شەرعیەتدانەوە بەخۆیان و لەپێناو دابەشکردنەوەی دەسەڵات و سامان لە نێوانیاندا و هەروەها بەئومێدی ڕاستکردنەوەی باری لاری ئەزمونی شکستخواردووی حوکمڕانی هاوبەشیان، جارێکیتر خەڵکی کوردستان ڕاکێشنەوە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان و بیانکەنەوە بە ئامڕازی بەڕێخستنی سینارێۆیەکی تری گاڵتەجاڕی کەناویان لێناوە هەڵبژاردن. ئەمە لەکاتێکدایە کە هێشتا تانه و شکاتی هەرئەم حزبانە لەتەزویر و دزینی دەنگ و ئه و ڕیسوایی و ئابڕوچونەی کە لەهەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی عیراقدا دەرکەوت، لەگوێێ خەڵکدا دەزرنگێتەوە!
خاڵی بەرجەسته و هاوبەشی سەرجەم ئەوحزبانەی لەم هەڵبژاردنەدا بەشدارن، دەستبردنە بۆ هەمان قەوانی سواو کە گوایە دەنگی خەڵک و بەشداریان لەهەڵبژاردندا، تەنها فاکتۆر و ڕێگای بەدیهێنانی گۆرانکاری و چاکسازیە له سیستەمی دەسەلاتدارێتی ئێستا و لەژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی هاوڵاتیاندا. درۆیەکی ئاواش نەک هەر بۆ هێشتنەوە و پاراستنی پایەکانی دەسەڵاتدارێتی و چوارچێوەیەکی سیاسی کەئەم حزبانە گەمەی سیاسی خۆیانی تیادەکەن، دەستی بۆبراوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ بەمەبەستی دژایەتیکردن و بەلاڕێدابردنی خەباتی شۆڕشگێرانەی جەماوەری ناڕازی کوردستانە، که کۆتاییهێنان بە دەسەلاتی میلیشیایی و تاڵانچی بۆرژوازیی کردۆتە ئامانج، دوباره دەکرێتەوە. بەتایبەتی که تەجروبەی چەندین جارەی هەڵبژاردن و تێپەڕبوونی چەندین خولی پەرلەمانی، ئەوەی سەلماندووە کە ئەم دەسەڵاتەی ئیستا، نەک هەر ناتوانرێ لەڕێگای دەنگدانەوە کەمترین گۆرانکاری و چاکسازی بەقازانجی خەڵکی هەژارو برسی تیابکرێ، تەنانەت ناتوانرێ دەسەڵات لە دووحزبی میلیشیایی و بنەماڵەیی یەکیەتی و پارتیەوە بگوازرێتەوە بۆ ئەحزابێکی تر لەهەمان خێزانی بۆرژوازی! بێجگە لەوەش پەرلەمان کارتۆنیبوونی خۆی بەسەد شێوە سەلماندوە. کەدەنگ و ڕای خەڵکی کەمترین ڕێزو ئیعتباری نیە، تابکرێتە پیوانەو فاکتۆرێک بۆ گۆڕانکاری لەسیستەمی ئێستادا.
بەڵام هەڵبژاردنی ئەمجارە، له فەزایەکی سیاسی جیاواز له هەڵبژاردنەکانی پێشوو بەرێوە دەچێت، لەلایەکەوە شکست و بنبەستی ئەحزابی بۆرژوازی کورد لە چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و لەلایەکی ترەوە شکستی لە بەڕێوەبردنی خودی کۆمەلگای کوردستاندا، هەقیقەتی فەشەل و بێتوانایی ئەم حزبانەی لەوەڵامدانەوە بەگرنگترین مەسەلە سیاسیەکان و سەرەتاییترین خواستەکانی ڕۆژانەی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەی موچه و خزمەتگوزاریەکان، لەهەست وهوشیاری زۆرینەی هاوڵاتیاندا جێخستوە. لەلایەکی تریشەوە توڕەیی و بێزای خەڵک بەرامبەر بەدەسەڵات و بێباوەڕییان به حزبەکان وسیاسەتەکانیان، نەک هەر پرۆژەی چاکسازی و دەستاودەستکردنی دەسەلاتی لەڕیگای پەرلەمان و هەڵبژاردنەوە، کردۆتە بابەتێکی گاڵتەئامێز، بەڵکو مەسەلەی وەلانانی دەسەلاتی ئێستای لەڕیزی پێشەوەی ئەرکه فەوریەکانی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەریدا داناوە. لەدۆخێکی ئاوادایە کە مەسەلەی فریودان و ڕاکێشانی هاوڵاتیانی کوردستان بۆ سەرسندوقەکانی هەڵبژرادن بۆتە گرفت و گرێیەکی سەرەکی بەردەم هەموو حزبەکان و خودی هەڵتۆقینی لیستەکانی وەک شاسوار عەبدولواحیدو #بەرهەم ساڵح# لەدۆخیکی ئاواوە سەرچاوەیان گرتوە.
خەلکی ناڕازی کوردستان، جەماوەری بێبەش و برسیکراوی کوردستان!
بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنەدا بژاردەی ئیمە نییە. دەنگدان بەنوینەرانی هەموو ئه و حزبانەی کە تاقیکراونەتەوە، جگه لە گەیاندنی نوینەرانی چەند حزبێکی خاوەن میلیشیاو کۆمپانیای بازرگانی بۆ نێو پەرلەمانە کارتۆنیەکەیان و شەرعیەتدانەوە بە دەسەلات و یاساو هێزی سەرکوتگەریان بەسەرکۆمەڵگاوە، شتێکی زیاتری بۆ ئێمە خەڵکی کریکارو زەحمەتکێش، ژنان و لاوان و فەرمانبەران تێدا نییە. بەشداریکردن لە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردندا دووبارەکردنەوەی سیناریۆی تەڵخی چەند ساڵی پێشووه بەهەموو دەردەسەری و جیاکاریە چینایەتیەکانیەوە.
بەڵام تەنها بەشدارینەکردن و بایکۆتکردن بەس نییە. ناڕەزایەتیەکانی چەند ساڵی پێشوو سەدجار سەلماندوویانە که بەبێ خۆڕێکخراوکردن و یەکگرتنی جەماوەر لەدەوری ئاسۆیەکی ڕۆشنی شۆڕشگێرانە بۆ وەلانانی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و جێگرتنەوەی بەدەسەڵاتی هەڵبژێردراوی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لەڕێی شورا و ئەنجومەن و ئۆرگانە واقعیەکانی خۆیانەوە، ڕزگاری لەدەسەڵاتی خۆسەپێنی چینە داراکان ئیمکانی نییە. ئەوان شکستیان خواردووە و دەسەڵاتیان تەواو بووە، بەڵام بە زەبری سەرکوت و میلیشیاکانیان هێشتوویانەتەوە. بۆ ئێمەش چەکی کاریگەر خۆڕێکخراوکردن و ئاسۆداربوونی ناڕەزایەتی و بێزاری چەند ساڵەمانە لە دەوری خەبات بۆ هێنانەکایەی دەسەڵاتێکی جەماوەری وا کە ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموان مسۆگەر بکات.
کەوایە با ئه و گاڵتەجاریەی ناویان ناوە هەڵبژاردن و چەندیجار مایەپووچبوونی تاقیکراوەتەوە، بکەینە فرسەتێک بۆ کۆکردنەوەی هێزی چینایەتیمان، با لەباتی بەشداریکردن، ڕۆژی دەنگدان بکەینە ڕۆژی ناووتن بەم دەسەڵاته و سیناریۆی هەڵبژاردنیان. با بەهێنانەمەیدانی ڕیزی نارەزایەتیمان لەژێر دروشمی نان و ئازادی و دەسەلاتدارێتی جەماوەری، یەکگرتووانە ئەم گاڵتەجاڕیە بەشکست بکێشین.
ئەگەرئەوان سیناریۆی هەڵبژاردن وەک کەمپێنێک بۆ فریودان و لەخشتەبردنی هاوڵاتیان و ڕاکێشانیان بۆسەر سندوقەکان بەدەستەوه دەگرن، دەبی ئێمە کرێکاران و فەرمانبەران، ژنان و لاوان و خەڵکی هەژارو برسی، هەرلەئێستاوە لەهەموو شوێنێک، لەکارگه و دامەزراوه و گەرەکەکان، لەزانکۆ و ناوەندەکانی شار کۆروکۆبوونەوەی نارەزایەتی خۆمان بەڕێ بخەین و ڕاگەیەنین نا بۆ ژیانکردن لەسایەی دەسەڵاتی میلیشیایی وتاڵانچیاندا، بژی دەسەلاتدارێتی جەماوەری!
نا بۆ گاڵتەجاڕی هەڵبژاردن!
بەره و دەسەڵاتی هەڵبژێردراوی واقعی جەماوەری کرێکار و زحمەتکێش و بێبەش!
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
ئابی 2018