بەمەبەستی بەسەربردنی پشووی جەژنی قوربان، هەزاران گەشتیار لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای #هەولێر# کردووە، کردنەوەی ڕێگای هەولێر - #کەرکووک#یش ڕۆڵێکی باشی هەبووە لە زیادبوونی ژمارەی گەشتیارەکان.
بەختیار قادر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی ڕووداو لە #سۆران# ڕایگەیاند: بەشی هەرە زۆری ئەو گەشتیارانەی لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق بۆ پشووەکانی جەژن دێنە باشووری کوردستان و سنووری پارێزگای هەولێر، ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکانی: #ڕواندز#، سۆران، #چۆمان# و مێرگەسۆر دەکەن و هەموو ئەو ناوچە شاخاوییانەی سنووری پارێزگای هەولێر دەبنە وێستگەی سەردانی ئەو گەشتیارانە.
پەیامنێری ڕووداو دەڵێ، کردنەوەی ڕێگای هەولێر- کەرکووک کاریگەرییەکی زۆری دەبێت بۆ ئەوەی ژمارەی هاتنی گەشتیاران بەرزببێتەوە و، ئەو ناوچە گەشتیارییانە قەرەباڵختر ببن.
هەر بەهۆی کردنەوەی ڕێگای هەولێر- کەرکووک پێشبینی دەکرێت، ئەمڕۆ لە دووەم ڕۆژی جەژنی قورباندا زیاتر لە 10 هەزار گەشتیار سەردانی ئەو چوار قەزایەی سنووری پارێزگای هەولێر بکەن.
پەیامنێری ڕووداو ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، لەڕووی گەشتیارییەوە لە هەر چوار قەزایەکە هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ هاتنی گەشتیاران و سەرجەم چێشتخانە، نانەواخانە، شوێنە گەشتیارییەکان، هۆتێل و مۆتێلەکان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران کراونەتەوە.
لەسەر ڕووبارەکانی نزیک شوێنە گەشتیارییەکان پۆلیسی بەرگری شارستنی و لەسەر شەقامەکانیش پۆلیسی هاتووچۆ لە ئامادەباشی تەواودان.
لەیەکەم ڕۆژی جەژن 19 هەزار گەشتیار لە ڕێگای هەولێر - کەرکووک هاتوونەتە هەولێر
سیامەند کەریم، پەیامنێری ڕووداو لە بازگەی شێراوە لە نزیک پردێ، ڕایگەیاند کردنەوەی ڕێگای هەولێر- کەرکووک کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژمارەی هاتنی گەشتیاران لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان هەبووە و هەر لەگەڵ کردنەوەی ڕێگاکەدا قەرەباڵخییەکی زۆر لەسەر ئەو ڕێگایە دروستبووە، لەو چەند ڕۆژەدا ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە گەشتیاران لەو بازگەیەوە دێنە شاری هەولێر.
بەپێی ئەو ئامارانەی لە بازگەی شێراوە دەست ڕووداو کەوتوون، تەنها لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قورباندا 19 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و سەرجەمیشیان لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان هاتوون.[1]
#22-08-2018#