دەزگای ڕۆژنامەوانی وشە لە ماوەی دوو ساڵدا بە هەوڵی ڕۆژنامەنووسێکی خۆی توانی زۆرترین ژن لە زیندان و خانەکانی داڵدەدانی ژنان بەسەر بکاتەوە و لەپێناو تێگەیشتنێکی باشتر لە پرسی ژن، لە کتێبێکدا بڵاوی دەکاتەوە.
ئیڤان عەبدولڕەحمان ئامادەکاری کتێبەکە، لەم دیمانەیەدا وردەکاری پرۆژەکە و ئامانجەکانی دەخاتە ڕوو. هاوکات ڕای دەگەیەنێت کە کتێبەکە لە قۆناغی دیزایندایە و لە داهاتوویەکی نزیکدا چاپ دەکرێت و بە هەموو کتێبخانەکانی کوردستاندا بڵاو دەکرێتەوە.
ژانی ژن ئاڵۆشی پیاو چیە؟
ژانی ژن کۆی ژان و ئازارەکانی ژنانە، ئاڵۆشی پیاویش هەر ئەوەیە کە ژن دەگەیەنێت بە ڕۆژگارێک هەزاران جار مردن بە ئاوات دەخوازێت. خۆشحاڵ نیم بەوەی ناوی ژن لەگەڵ ژان دێنم، بەڵام ئەوەی لە ماوەی کارکردنم لەسەر بەشێکی زۆر کەمیی ئەو ژنانەی کە لە ئازاردا تواونەتەوە، بینیومە و بیستووە، مانایەکی تری جگە لە ژان نییە. دەمەوێ ڕوون بێ مەبەستم لە ژان ژانی لەدایکبوون نییە، بەڵکو ژن هەزاران ژان لە دەروون و جەستەی قووڵ دەبێتەوە کە زۆر قورسترە لە ژانی منداڵبوون.
ناوی کتێبەکەم (ژانی ژن ئاڵۆشی پیاو) ئەو ناوە بێگومان گوزارشتە لە ناوەڕۆکی ئەو کەیسانەی کە لە کتێبەکەدا نووسراون و بەشێکی زۆری کەیسەکانی دیکەش کە پێشتر لە ڕۆژنامە و سایتی وشە بڵاوکراونەتەوە. چونکە ژن هەمیشە پاڵنەرێکی هەیە کە دەیگەیەنێت بەوەی چیرۆکێکی پڕ برین و ژانی هەبێت، ئەو پاڵنەرەش پیاوە لە پیاویشدا ئاڵۆشیەتی.
چۆن ئەو چیرۆکانەت کۆ کردووەتەوە و سەرەتای دەست کردنت بەم کارە چۆن بوو؟
چیرۆکی نووسینی ئەم کتێبە سەرەتا لە کەیسێکەوە دەستی پێکرد، ئەو کەیسە لەناو کتێبەکەدا نووسراوە بەناوی شنە ئەو کەسێکی نزیکی منە، تاڵی ئەو ژیانەی تێیدا ژیاوە و ئەو ژانانەی تا ئێستەیش لەگەڵیان شەو بە بێداری بەڕێ دەکات. منی ڕاکێشا بۆ ئەوەی بەدوای هەموو ئەو ژنانەدا بگەڕێم کە لەناو چوار دیواردا دەنگیان بەهیچ کوێ ناگات، بۆیە لە یەکەم دەرفەت کە بۆم ڕەخسا کەیسەکانی ژنانم گەیاندە گوێی بیسەر لە ڕێگەی بەرنامەیەکی ڕادیۆیی، ئەمە لە سەرەتای ساڵی 2014 ماوەی ساڵێک بەرنامەکەم بەردەوام بوو. زیاتر لە 100 کەیسم کۆکردەوە، سێ لەو کەیسانەی لەو کتێبەدا هی ئەو کاتەن و تا ئێستە لە پێوەندیدام لەگەڵیان.
لە دوای بەرنامەکە، بۆ ڕۆژنامە دەستم پێ کرد، هەندێ جاریش کەیسە تایبەتەکانم لە تیڤیەوە پیشان دەدا چونکە ئەوکات هەم کاری پەیامنێریم دەکرد هەم کەیسی ژنانیشم کۆ دەکردەوە، بەڵام کاتێک لەگەڵ وشە دەستم بەکار کرد ئەوکات بڕیارم دا خۆم تەرخان بکەم بۆ کەیسی ژنان، بێگومان سوپاسی دەزگای وشە و کارمەندانی دەکەم، بەڕێوەبەری ئەم دەزگایە توانی گەورەیی ئەو توانایەی من دەربخات کە دەتوانم بگەم بەهەر کەیسێک لەهەر کوێ بێت.
بەپێی ئەزموونی تۆ لەو بەدواداچوونانەدا کێشەی ژن چییە لە کوردستان یان کێشەی پیاو و ژن بەیەکەوە چییە وا ئەو ژنانە دەگەنە زیندار و خانەکانی داڵدەدانی ئافرەتان؟
بەپێی ئەو ئەزموونەی من دوای چەند ساڵ کارکردن بۆ کەیسیی ژن و سەردانی چەندان جارەی خانەکانی داڵدەدانی ئافرەتان و گرتووخانەکان، ئەوەی دەیبینم ئەوەیە بەشێک لە ژنان بەڕاستی قوربانین قوربانی دەستی پیاو، باوک کۆمەڵگە، کولتوور و شێوازی پەروەردەی خێزان و کۆمەڵگە هەندێجار منداڵەکانیان... بەشیکی دیکەشیان لە سادەی و ساویلەی دەکەونە ناو داوی نێرێکی ئاڵۆشاوی، زۆر بەکورتی دەتوانیم بڵێم ئەوەی ژن دەگەیەنێت بە زیندان داڵدەی ئافرەتان مالی سەرۆک خێڵ بەخۆسوتاندن بەهەر نەخۆشی دەروونی تەنانەت بە ناپاکیش هەمووی نێرێک لەپشتی هەیە کە هانی دەدات، چونکە ژن پشت بەو پیاوە دەبەستێکت کە لەگەڵیەتی جا ئایە ئەو ئەوی لەگەلیەتی لەباوک لە برا لە هاوسەر لە خۆشەویست نێرە یان پیاوە ئەوە داهاتووی ئەو ژنە دیاری دەکات.
کتێبەکە لە چ قۆناغێکدایە و کەی چاپ دەبێ؟
لە قۆناغی دیزایندایە و بەم نزیکانە چاپ دەبێت بە زمانێکی کوردی پاکوخاوێن لە هەڵە و داڕشتنێکی وا کە هەموو خوێنەرێک بتوانێ جگە لەوەی بە سانایی بیخوێنێتەوە، هەست بە برین و ئازاری ژن بکات کە بە وشە ژانەکانیان هەڵکۆڵراوە.
ئەوانەی کتێبەکە دەخوێننەوە ئاشنای ڕۆحی ژن دەبن و نهێنیە نەدرکاوەکان دەبیستن، لەوێوە تێدەگەن ژن لەژێر ڕووخسارە پاکەکەیدا چی لە کۆڵ ناوە، ئەوانەیشی نایخوێننەوە دوور دەبن لە هەموو ئەو ڕاستیانەی کە دەیبینن و نای بیستن و دەیبیستن و نایبینن، واتە خۆیان گەوجاندووە و بە گۆچانی خۆفریودان ڕێ دەکەن.
دەتەوێ بە بڵاوبوونەوەی ئەو کێتبە چی بگۆڕی و چی بگەیەنی؟
گۆڕینی ئەو شتانەی کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا چەقیان بەستووە هەر ئاوا ئاسان نابێت بەڵام هێندەش گران نیە، ئەوەی پێویستە تەنیا شۆڕشێکی ژنە بە تەنیا، ژن لە هەموو بوارێک نەک تەنیا ڕۆژنامە نووس و خاوەن کەیس و ژنانی ڕیکخراوەکان. من دەمەوێ ئازارە شاراوەکانی ژن بگەیەنم بە گوێ کەڕەکان، دەمەوێ بڵێم کاتێک ژنێک بێدەنگە مانای ئەوەنیە ڕازیە، دەمەوێ بە پیاوان بڵیم کاتێک خێزانەکەت ئیهمال دەکەی و لەگەڵ ژن و کچی خەڵک خەریکی کەیف و سەفای خۆتی بێگونمانبە لەوەی ژنەکەشت هەروا دانانیشێ ژمارەی پەیوەندیەکانی تۆ بژمێرێت! چونکە ئەیش ماف و نەفی هەیە وەک تۆ، دەمەوێ بڵیم ژن هەستە نەک جەستە. لەڕیگەی ئەم کتێبەمەوە دەمەێ سەرۆکی حکومەت ئاگادار بکەمەوە لەوەی کە ژانی ژنانی میلەتەکەی جگە لە ژنانی پاشماوەی جەنگ و ڕفێنراوەکان و بازرگانی پێکراوەکان، زۆری دیکەش هەن لەماڵەکانیان لەژێر شەقی باوک و برا و مێرد و بەناو خۆشەیستەکانیاندا ڕۆژانە هەزاران جار زۆر لەوانە زیاتریان پیدەکرێت کە بەدەست دوژمنەوەن، بۆیە دەبێت خەمێکی گەرەتریان لێبخۆن لەوەی دوای توشبوونی کێشەیەک دەیانخەنە بەندینخانەیەک بەناوی داڵدەدان.
وەک تۆ کارت لەگەڵ ژن کردووە، ڕێکخراوەکانی بواری ژنان ڕۆڵییان چییە لە کەمکردنەوەی توندوتیژی؟
نامەوێ لە کارو خزمەتی کەس کەم بکەمەوە، بەڵام هەمیشە گوتومە و دەیڵێمەوە کە کێشەکانی ژنان لە تاریکی ماڵ و ژورەکانیاندایە، کۆبوونەوەکانی ڕێکخراوەکان لەناو هۆڵی کۆبوونەوەکانی باڵەخانە بەرزەکاندان، ژن و کەیسی ژن ناگەیەنێت بەهیچ، ئێمە بۆ چارەسەر دەبێت بچەمێینەوە نەک لە بەرزیەوە بڕوانین، چونکە ژن هەم مەردە هەم قووڵە.
وشە - ڕێناس شابان