نووسینی: هاوژین مەلا ئەمین
پوختەی پەڕتووکەکە:
ئیبن ڕوشد (11261198 ز) ، فەیلەسووف و پزیشک و سیۆلۆگێکی گەورە بوو، کاریگەریی ئەو سنوورەکانی دنیای ئیسلامی بڕیبوو و لە ڕۆژاوادا، وەک خۆی کە بە ئەڤیرۆس ناسرابوو، ئەڤیرۆسیزمیش قوتابخانەیەکی فەلسەفیی ناسراو بوو و شوێنکەوتووانی هەبوون.
سەرباری ڕاڤە گرنگەکانی بۆ ئەرستۆ، هەندێک لە گرنگیی ئیبن ڕوشد لە سرووشتی ڕوانگەی فەلسەفیی تایبەتیی ئەو و بەرگرییکردنییەوە لە فەلسەفە سەرچاوە دەگرێت. بە شێوەیەکی گشتی، هەموو فەیلەسووفە دیارەکانی دنیای ئیسلام، پلاتوونی یان نەوپلاتوونی، ئەفڵاتوونی یان ئەفڵۆتینی بوون، بەڵام ئیبن ڕوشد زیاتر ئەرستۆیی و نزیک لە ڕوانگەی واقیعی و بگرە مادییش بوو. یەکێک لە کارە گرنگەکانی ئەو لە ڕاڤەکانیدا بۆ ئەرستۆ، بە جۆرێک لە جۆرەکان دەرهێنانی ئەرستۆ بوو لە چنگی ئەفڵاتوونیزمی نوێ و ڕاڤە ئەفڵاتوونییەکان.
بە شێوەیەکی گشتی لەنێو ترادسیۆنی فەلسەفیی ئیسلامیدا، دوو نەریت زاڵن، نەریتێکیان ئەفڵاتوونیزەکردنی ئەرستۆیە، واتە وەک ئەفڵاتوون لێکردنی ئەرستۆ، خوێندنەوەی ئەفڵاتوونییانە بۆ ئەرستۆ، کە ئەم نەریتە نەریتێکی قوتابخانەی ئەفڵاتوونیی نوێیە بە شێوەیەکی گشتی و فارابی دامەزرێنەر و سەرمەشقی ئەم نەریتەیە لەنێو دنیای هزری ئیسلامیدا، ئەم قوتابخانە فەلسەفییەی کە ئەفڵۆتین دامەزرێنەری بوو، لە پەیوەندیدا بە فەلسەفەی ئیسلامییەوە دەتوانین وەک کاریگەرترینی قوتابخانە فەلسەفییەکان ئەژماری بکەین، بە جۆرێک کە تا ڕادەیەک قسەیەکی وەها ڕاستە، کە تەواوی فەلسەفەی ئیسلامی، فەلسەفەیەکی نەوئەفڵاتوونییە.
نەریتەکەی دی کە ئەرستۆییزەکردنی ئەفڵاتوون، وەک ئەرستۆ لێکردنی ئەفڵاتوونە؛ ئیبن ڕوشد یەکێک لە ناوە دیارەکانی ئەم نەریتە فەلسەفییە و لە پەیوەندیدا بە فەلسەفەی ئیسلامییەوە لەڕاستیدا، ئەو دامەزرێنەری ئەم نەریتە فەلسەفییەیە.
کەسانێک هەم لەبەر گرنگی و هەم لەبەر ئەم تایبەتمەندییە دیارانە و بە هۆی سەرقاڵیی ئیبن ڕوشد بە زانست و بەتایبەت زانستی پزیشکییەوە، بە فارابی دەڵێن ئەفڵاتوون و بە ئیبن ڕوشدیش دەڵێن ئەرستۆی دنیای ئیسلام.
ئیبن ڕوشد دوو ئەرکی سەخت لەئەستۆ دەگرێت، کە یەکێکیان بۆ مێژووی فەلسەفە بەگشتی و ئەوی دیکەیان بۆ شارستانێتیی ئیسلامی بەتایبەت، بەها و بایەخی لە ڕادەبەدەریان هەیە و ئەرکی شارستانیی گەورەن. ئەو ئەرکی پاڵفتەکردنی فەلسەفە و دیدی ئەرستۆ لە لێکدانەوە و تەفسیرە ئەفڵاتوونی و ئاینییەکان لەئەستۆ دەگرێت و لە پەیوەندیدا بە پرسێکی پسپۆڕانەی لەم چەشنەشەوە، ئەو لە لایەن خەلیفە خۆیەوە بۆ ئەم کاری ڕاڤەکردن و ڕاستکردنەوەیە ڕادەسپێردرێت و ڕەخنەکانی ئاڕاستەی ڕاڤەکارانی ئەرستۆ لە پێش خۆیدا دەکات، ئەو ڕەخنەی تێگەیشتن و لێکدانەوەکانی ڕاڤەکارە موسڵمانەکانی پێش خۆی، وەک فارابی و ئیبن سینا و هەروەها ڕەخنەی ڕاڤەکارانی بەناوبانگی دیکەی وەک فرفریۆسیش دەکات، تەنانەت ئەو گومان دەکات لەوەی کە هەندێک لەوان لە مەبەست و مەرامەکانی فەلسەفەکەی ئەرستۆ تێگەیشتبن و هەرسیان کردبێت.
ڕوشد لە پەیوەندیدا بە شارستانێتیی ئیسلامی و چارەنووسی فەلسەفەشەوە، بە ئەرکێکی مەزن و سەختی دیکە هەڵدەستێت، کە بەرگریکردنە لە فەلسەفە و ڕووبەڕووبوونەوەی ناودارێکی گەورەی دنیای ئیسلامە، کەسێکی وەک ئیمامی غەزالی، کە تۆمەتبارە بە میزۆسۆفیزم (دژایەتیکردنی فەلسەفە) و زیندوکردنەوەی ئایین و کوشتنی فەلسەفە لە دنیای ئیسلامدا و وەک ئەبو زەید دەڵێت، هاوشانی شافیعی و ئەشعەری پایەیەکی سەرەکیی دامەزراندنی ئایدیۆلۆژیای میانڕەوی یان ئەرسۆدۆکسییەتی ئیسلامییە.
ئەم مەیدانە گرنگانە، ڕاڤەکردنی ئەرستۆ بە دروستی، بەرگریکردن لە فەلسەفە و زیندووکردنەوەی، گونجاندنی شەریعەت و فەلسەفە یان عەقڵ و نەقڵ، دیارترین مەیدانەکانی کار و بیرکردنەوەکانی ئیبن ڕوشدن و گرنگیی ئەم فەیلەسووفەش هەر لێرەوە دێت.
غەزالی نەک تەنها گورزێکی گەورە لە ئاڕاستەی فەلسەفی و عەقڵی دەدات لەنێو ترادسیۆنی ئیسلامیدا، بەڵکە ڕەخنەی قووڵ و تۆمەتی گەورە دەداتە پاڵ فەیلەسووفانی ئیسلام و وەک کەسانی کافر و پاشگەز لە ئیسلام دەیانناسێنێت و پەڕتووکی تهافت الفلاسفە وەک گڕ بەردەبێتە خەرمانی فەلسەفە و عەقڵ و بەردەبێتە جەستەی فەیلەسووف و بیرمەندانیش لە دنیای ئیسلامدا و ئیبن ڕوشد کە بە بوێرییەکی فەلسەفیی تەواوەوە بەگژ ئەم هەوڵ و هێرشە گەورەیەی غەزالیدا دەچێتەوە، پڕۆژەیەکی تەواو پێچەوانە دەخاتە ڕوو، پڕۆژەیەک کە پێداگری لەسەر لەپێشی و گرنگیی عەقڵ و فەلسەفە دەکات و باس لە بیرکردنەوەی فەلسەفی وەک ئەرکێکی ئایینیی و ئیلاهی دەکات و کەلامی ئیسلامی و بەتایبەت غەزالی لە چوارچێوە و قەفەسی سەفسەتەدا دەبینێت.
ئیبن توفەیل کە مامۆستای ڕوشدە و پێش ئەو پزیشکی خەلیفەیە، بۆ هەردوو ئەرکەکە، پزیشکی خەلیفە و ڕاڤەکردنی ئەرستۆش، هەر ئەو پێشنیار دەکات.
محەمەدی کوڕی ئەحمەدی کوڕی محەمەدی کوڕی ئەحمەد، ئەبولوەلیدی ناسراو بە ئیبن ڕوشد، ساڵی 520ی کۆچی بەرانبەر 1126ی زاینی، لە قورتوبە و لە خێزانێکی ناودار و ناسراو بە زانست و دادوەری و شەرعناسی هاتووەتە دنیاوە، خۆی و باوک و باپیر و بگرە کوڕەکانیشی لە شارەزایانی دیاری شەریعەت و مەزهەبی مالیکی بوون.
ئەو لەنێو خێزانێکی سەرقاڵ بە ئەدەب و زانست و دادوەریدا و لە ئەندەلووس، لە دوا دواییەکانی فەرمانڕەوایی فەرمانڕەوا خۆجێییەکاندا، کە سەردەمانی ئەوان، سەردەمانی زێڕینی ئەندەلووس بوو، هاتووەتە دنیاوە، ئەو کاتانە ئەو وڵاتە لە چڵەپۆپەی گەشەکردن و بووژانەوەی هزری و شارستانیی خۆیدا بوو، بەتایبەت لەگەڵ دەوڵەتدارێتیی محەمەدی کوڕی تۆمرت، ناسراو بە مەهدیدا، ئازادیی فیکرییش دەبووژێتەوە و ئومێدی گەشەکردنی زیاتر ڕوو لەو کولتوور و شارستانێتییە دەکات.
دەرکەوتنی ئیبن ڕوشد دەکەوێتە دوای لەناوچوونی دەوڵەت و دەوڵەتی مورابتینەوە، کە بە دژایەتیکردنی فەلسەفە ناسرابوون و ئیبن توفەیل ڕۆڵی گرنگ دەبینێت لە ئاڕاستەکردنی ئیبن ڕوشد و ڕێنماییکردنیدا بۆ ئەوەی کە بێتە نێو ژیانی گشتی و خزمەتکردنی بواری گشتییەوە، ئەو ئیبن ڕوشد بۆ ئەبویەعقووب، یوسف پێشنیاز دەکات، کە ئەم خەلیفەیە دۆستی زانست و زانایان و کۆڕ و کۆبوونەوەکانیان بوو، ئەمیش ئەبویەعقووب داوای ئەوە لە ئیبن ڕوشد دەکات کە دەست بکات بە ڕاڤەکردن و لێکدانەوەی پەڕتووک و بیروباوەڕ و فەلسەفەکەی ئەرستۆ، کە بێگومان ئیبن ڕوشد بە باشترین شێوە ئەم ئەرکەی سەرشانی خۆی ڕادەپەڕێنێت و بە پاک و پوخت و شرۆڤە و ڕاڤەکراوی ئەرستۆ پێشکەش دەکاتەوە.
ئیبن ڕوشد هەروەها پزیشکێکی کارامە و لێهاتووش بوو، ئەو لای ئەبوجەعفەر، هاروون، پزیشکیی خوێندبوو کە پزیشکێکی ناوداری ئەو سەردەمە بوو، فەلسەفە و سیۆلۆژیاشی لەسەر دەستی ئیبن توفەیل خۆی خوێندبوو، ئەمە سەرباری کارامەیی و شارەزایی لە زمان و شەریعەت و ئەدەبدا، بە جۆرێک کە بلیمەت و بێوێنەی سەردەمی خۆی بوو، هەر بۆیە ئیبن توفەیل دوای پیربوونی خۆی، وەک پزیشکی تایبەت پێشنیاری دەکات و پاش ڕەزامەندبوون، لە ساڵی 1182ی زایینیدا، دەبێتە پزیشکی تایبەتیی پاشای مەراکیش.
سەد و بیستوپێنج پەڕتووک دراونەتە پاڵ ئیبن ڕوشد، کە تەنها هەشتاوسێ پەڕتووکیان ماون و ساغ بوونەتەوە، ئەوانی دیکەیان یان بە هەڵە دراونەتە پاڵ ئەو، یان دووبارەن. زۆر لە پەڕتووکەکانی ئیبن ڕوشد زیاتر لە جارێک چاپ و بڵاو کراونەتەوە کە هەرە دیارترینیان ڕاڤە کورتەکانیەتی بۆ ئەرستۆ، کە چوار پەڕتووکن و لە بیستویەک بەش پێک هاتوون، هەروەها ڕاڤە ناونجییەکانی کە دە پەڕتووک و حەڤدە بەشن و هەرهەموویان شرۆڤە و ڕاڤەی ئەرستۆن، جگە لە پەڕتووکێکیان، الچروری فی السیاسە، یان تلخیص السیاسە، کە ڕاڤەی کۆماری ئەفڵاتوونە و بە هۆی یان بە بیانووی بەردەستنەبوونی سیاسەتی ئەرستۆ، ئیبن ڕوشد لەوێدا و لە سایەی کۆماری ئەفڵاتووندا، سەرباری ڕاڤەی ئەو پەڕتووکە گرنگە، کۆمەڵێک لە بیروڕا سیاسییەکان و فەلسەفەی سیاسیی خۆی خستووەتە ڕوو.
سەرباری ئەو ڕاڤە گرنگانە، پەڕتووکی تهافت التهافت، کە وەڵامدانەوەیەکی توند و بوێری غەزالی و بەرگرییە لە فەلسەفە و فەیلەسووفان. هەروەها پەڕتووکی الکشف عن مناهج الأدلە، فصل المقال فیما بین الحکمە و الشریعە من الإتصال و پەڕتووکی چمیمە العلم الإلهی شاکاری فەلسەفیی گرنگ و لەو پەڕتووکانەن کە بەردەست و پارێزراون. ئەمە سەرباری پەڕتووکی بدایە المجتهد، کە ئەویش شاکارێکە لە بواری شەرعناسی و فیقهدا.
ئەوەی کە دیارە بە هەموو ئەو ڕاڤە و شرۆڤانەی ئیبن ڕوشدەوە بۆ ئەرستۆ، گرنگیدانی زیاترە بە فەلسەفە ئەخلاقی و میتافیزکاکەی ئەرستۆ و سەرباری شرۆڤەکردن، ئیبن ڕوشد لێکدانەوە و ڕاڤەی ئیزۆتریکی بۆ ئەو دەقانەی ئەرستۆ دەکات و لەم ڕووەوە ئەوەی کە کردوویەتی دەستپێشخەری و داهێنانە، چونکە ئەم جۆرە لێکدانەوە فەلسەفییە بەو شێوەیە و تا ئەو سەردەمەی ئەو باو نەبوو، ئیبن ڕوشد زیرەکانە لەمیانەی ڕاڤەکردنی فەلسەفەکەی ئەرستۆدا، نێوان دێڕەکان دەخوێنێتەوە و بیروڕا فەلسەفییەکانی خۆیشی هاوپێچ دەکات و هۆشیارانە لە ڕێگەی ڕەخنەکردنی ئەفڵاتوونیزمی نوێ و ئیبن سینا و لاهووتی ئیسلامییەوە و لەمیانەی خستنەڕووی فەلسەفەکەی ئەرستۆدا، تێز و تێڕوانینە فەلسەفییەکانی خۆیشی دەربڕیوە و ئاوێزانی یەکدیی کردوون.
پەنابردنی ئیبن ڕوشد بۆ کۆماری ئەفڵاتوون، سەرباری گرنگیی ئەو تێکستە فەلسەفییە، باس لە گرنگیدانی زۆری ڕوشد بە فەلسەفەی سیاسی و ئەخلاقی و ڕەخنەکردنی ئەو بۆ کۆمەڵگە و سیستمی فەرمانڕەوایی دەکات، کە ئەمە دواجار بە دوورخستنەوەی بۆ ئەلیسانە و میحنەت و سزادانی تەواو دەبێت و جارێکی دی ئاوێزانی فەلسەفە و میحنەت و تراجیدیای فەیلەسووفانمان وەبیر دەهێنێتەوە.
دەگوترێت کە هۆکاری گەڕانەوی ئیبن ڕوشد بۆ کۆماری ئەفڵاتوون، دەستنەکەوتنی سیاسەتی ئەرستۆیە، بەڵام ڕەنگە ئەمە تاکە هۆکار نەبێت، یاخود ڕەنگە ئەمە هۆکارە ئیزۆتریکییەکە نەبێت کە ئیبن ڕوشدی بەرەو ئەو هەڵبژاردن و گەڕانەوەیە بردووە. ئەوەی کە دیار و ئاشکرایە لەو پەڕتووکەی ئیبن ڕوشددا لەسەر سیاسەت ئەوەیە کە ئەو بە هۆی گەڕانەوەی بۆ ئەفڵاتوون و کۆمار، دەست کراوەترە و تا ڕادەیەکی زۆر باشتر توانیویەتی کە بیروڕا سیاسییەکانی خۆی جێگا بکاتەوە و دوور نییە کە هەر ئەمەش بێت هۆکاری پشت هەڵبژاردنی ئەو پەڕتووکە.
ئیبن ڕوشد وەک ئەوەی کە هەموو توێژینەوەکان دەربارەی ئەو دووپاتی دەکەنەوە، خاوەنی ڕێبازێکی عەقڵانی و باوەڕدار بووە بە توانای عەقڵ و لۆژیک و پابەندبوون بە بەرەنجامەکانیانەوە، ئەو خاوەنی عەقڵێکی بورهانیی ئارگومێنتساز و دژ بە سەفسەتە و تەنانەت بۆچوونی گرفتئامێزی عەقڵی بووە و هەر ئەمەشە یەک لە سەرچاوەکانی ناکۆکیی ئەو لەگەڵ غەزالیدا کە بە سەفسەتەگۆیی و میزۆسۆفیزم (دژایەتیی فەلسەفە) تۆمەتباری دەکات و هەر لێرەشەوە بانگەوازی قەدەغەکردنی تێز و بۆچوونە کەلامییە ئیشکالییەکان دەکات و باوەڕی وایە کە ناکۆکیی کەلامی و ئایینی زیانی گەورە بە ئاشتەوایی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەگەیەنن.
هەندێک لە توێژەران هەر بەم هۆ و پاساوە، ڕوشد وەک کەسێکی پێشەنگ لە پەیڕەوکردنی فۆڕمێک لە ڕێبازی ماتریالیزمی دیالیکتیکی و بگرە وەک کەسێکی بێباوەڕ لە هەندێک ڕووەوە دەخەنە پێش چاو. دیدگای ئەو لە پەیوەندیدا بە حوکمی عەقڵی و بابەتیبوونی چاکە و خراپە و جوانی و ناشیرینی و توانای عەقڵەوە بۆ ناسینی خوا و زانینی حەقیقەت، زۆر نزیکە لە دیدگای موعتەزیلەکان و گرفتی سەرەکیی ئەویش لەگەڵ غەزالیدا، گومانکردنی غەزالی لە عەقڵ و سەلماندنی عەقڵی و بابەتیبوونی چاکە و خراپە و پرەنسیپی هۆکاردارێتی لە بووندا و خولقاندن لە عەدەمەوە (کە ئەمانە لە دیدی ئیبن ڕوشدەوە گەورەترین گرفتەکانی تێز و بیرکردنەوەکانی غەزالی و نیشانەی ئاشکرای ئینکاری و سەفسەتەگۆیین) زیاتر هەر لێرەوە دێت.
دواجار گرنگیی شارستانیی ئەم فەیلەسووفە لەڕاستیدا سنوورەکانی قورتوبە و ئەندەلووس و شارستانێتیی ئیسلامی و سنوورەکانی ئەو ترادسیۆنە شارستانییەی خۆی دەبڕێت و ئەو بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەڵقەی پەیوەندیی نێوان شارستانێتیی ئیسلامی و شارستانێتیی خۆرئاوایە و هەروەها یەکێک لە ئەڵقەکانی پەیوەندیی ئەم دوو شارستانێتییە بە یۆنانی دێرینەوە. لە لایەکی دیکەوە ڕوشد، سنوورەکان دەبڕێت و خۆی و تێزەکان و قوتابخانەکەی دەبنە بەشێک لە دیالیکتیک و مشتومڕێکی زۆر لە شارستانێتیی خۆرئاواییدا و هەموو ئەمانەش بۆنەی گرنگ و پاساوی ڕاستەقینەن بۆ ئەوەی کە ئەم فەیلەسووفە مەزنە وەک هەندێک لە مەزنانی پێش خۆی، کەسایەتی و فەیلەسووفێکی گەردوونی یان جیهانی بێت و نەتوانین لە چوارچێوەی ترادسیۆن و کۆبەندێکی دیاریکراودا قەتیسی بکەین.
خوێنەری بەڕێز، ئەم توێژینەوەیە لە دوو بەش پێک هاتووە و زیاتر لەسەر دوو پەڕتووکی گرنگی ڕوشدە: فصل المقال فیما بین الحکمە و الشریعە من الإتصال و الچروری فی السیاسە، هەروەها گەڕانەوەی تێدایە بۆ بەرگرینامە گرنگەکەی ئەو لە فەلسەفە: تهافت تهافت الفلاسفە.
بێگومان ئیبن ڕوشد زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێت و دەیان بۆنەی دیکەمان پێویستە بۆ گەڕانەوە سەر ئەم بیرمەندە و هێنانەپێشەوەی، چ وەک نموونەی دادوەر و چ وەک نموونەی شەرعناس و چ وەک نموونەی فەیلەسووف و بیرمەند، چ وەک ڕووناکبیر و ڕەخنەگرێک کە بە وریاییەوە دەستنیشانی زۆر لە گرفت و برین و تەنگژە هزرییەکانی دنیای ئیسلامی کردووە، چ وەک ئەوەی کە دوایین دیارترین فەیلەسووفی دنیای ئیسلامە، کە زۆر جار شکستی پڕۆژەکەی ئەو، وەک خاڵی وەرچەرخانی گەورە و شکستی عەقڵ لە دنیای ئیسلامدا وێنا دەکرێت و بە جۆرێک لە جۆرەکان دوو تایپ لە ئیسلام، دوو ڕێگا، دوو چارەنووسی تەواو جیاواز پێشنیاز دەکەن، ڕێگای ئیبن ڕوشد کە ڕێگای عەقڵ و ئارگومێنت و زانستە. ڕێگای غەزالی کە ڕێگای لاهووت و گومانگەرایی و نازانمگەرایی ڕێگای مشتومڕ و سەفسەتەگۆییە.