هاوردەکردنی ئاژەڵی ئێرانیی بازاڕی ئاژەڵدارانی هەرێمی کوردستانی شکاندووە و ئاژەڵداران داوادەکەن هاوردەکردن ڕابگیردرێت، بەرپرسێکی حکومیی-ش دەڵێت: ئەو ئاژەڵانە بە قاچاغ دەهێندرێن و ئێمە ئاگادار نین.
واڵاکردنی سنوورەکانی باشوری کوردستان بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلی تورکیی و ئێرانیی و گرنگیی نەدان بە بەرهەمی ناوخۆ، بەردەوام نیگەرانیی خاوەن بەرهەمەکانی باشوری بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەو نیگەرانییە خاوەن ئاژەڵەکانی #گەرمیان#یشی گرتەوە، کە مەرزی پەروێزخانی لەسەرە.
کۆچەر محەمەد، خاوەن ئاژەڵێکی گەرمیانە و لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز ئاماژەی وەکرد، کە سەرەڕای ئەوەی ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵییەوە بەرهەمی ئاژەڵیان کەمبووە و زیانیان بەرکەوتووە، هاوردەکردنی بەلێشاوی ئاژەڵی ئێرانییش کاریگەریی خراپی کردووەتە سەر بازاڕی ئێمە.
ئەو خاوەن ئاژەڵە، ئاماژەی بەو کاریگەرییە خراپە کرد، کە داشکاندنی نرخی ئاژەڵی ناوخۆیە و وتی: ساڵانی پێشتر کیلۆی ئاژەڵمان بە پێنج بۆ پێنج هەزار و 500 دینار دەفرۆشت، بەڵام ئەمساڵ بە چوار هەزاریش خەڵک نایکڕێت، لە کاتێکدا بە ئەزموونەوە لەڕووی پاکوخاوێنی و تەندروستیی و تام و باشی گۆشتەوە ئاژەڵی ناوخۆ زۆر باشترە لەو ئاژەڵە دەرەکیانە.
بە وتەی کۆچەر محەمەد، ئاژەڵی ناوخۆ ئەوەندە زۆرە ئەگەر حکومەت هاوکاربێت دەتوانین ئێمە ئاژەڵ بنێرینە دەرەوە، بۆیە داوای کرد، کە حکومەت گرنگیی بە بەرهەمی ناوخۆ بدات و ڕێگا لە هاوردەکردنی ەبرهەمی دەرکیی بگرێت.
لە بەرامبەردا، شادیە حسێن، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمە سەرجەم ئەو مەرج و ڕێنماییانەی لە وەزارەتەوە بۆمان دانراوە وەکو خۆی جێبەجێمان کردووە، بە ڕەزامەندیی بەڕێوبەرایەتی گشتیی هیچ ئاژەڵێکی زیندووە نەهاتووەتە سنووری ئیدارەی گەرمیانەوە، هەروەها ڕێگە بە هیچ بازرگانێکی شارەکانی تر نادەین لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بازرگانی بکات جگە لەو بازرگانانەی کە گەرمیانین و ڕەزامەندییان هەیە.
لەبارەی وتەی ئاژەڵدارانیشەوە، شادیە، وتی:ئەوەی هاتووە بە شێوازێکی قاچاخ هاتووە و ئێمە ئاگامان لێی نییە.[1]
[#24-08-2018#