لە سنووری شارۆچکەی مێرگە سور گەنجێک و لە شارۆچکەی #کفری#-ش گەنجێکی دیکە لەکاتی مەلەکردندا لە ئاودا خنکان، ئەمانەش شەشەم حاڵەتی خنکانن، کە لە جەژندا تۆمار دەکرێن.
بەگوێرەی لێدوانی ڕائید عەلی قەدوری، وتەبێژی پۆلیسی #گەرمیان# بۆ ڕۆژنیوز، نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەنجێک بەناوی (ئالان ستار) لەدایکبووی ساڵی 2001 لە ئاوی ئاوە سپی لە شارۆچکەی کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان لەکاتی مەلەکردندا خنکاوە.
وتیشی: دوای چەند خولەکێک تەرمی گەنجەکە لە لایەن دانیشتوانی گوندەکە دەرهێندراوە و ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی شارۆچکەی #کەلار# کراوە بە مەبەستی توێکاریی و پاشان ڕادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە.
ئەو گەنجە دانیشتووی شارەدێی ڕزگاریی بووە لە گەرمیان و بەمەبەستی میوانیی لەگەڵ باوکی سەردانی ئەو گوندەی کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕائید سەعدون هاودیانی، وتەبێژی پۆلیسی بەرێوبەرایتی پۆلیسی مێرگەسور بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ئەمرۆ لە لایەن بەشی پۆلیسی مێرگەسۆر ئاگادارکراینەوە لە ڕووداوێکی خنکان لە ڕوباری شانەدەر لە سنوری شارەدێی گۆڕەتوو-ی سەر بە شارۆچکەی مێرگەسور.
هاودیانی، وتیشی: خنکاوەکە ناوی (ئیبراهیم بێستوون) تەمەن 18 ساڵ-ە و دانیشتووی گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری #هەولێر# بووە، کە لەگەڵ کەسوکاری بەمەبەستی گەشتوگوزار چوونەتە سەر ڕووبارەکە.
سەعدون هاودیانی، ڕاشیگەیاند: تاکو ئێستا تەرمی خنکاوەکە نەدزۆراوەتەوە و لە لایەن تیمێکی مەلەوانی #سۆران#-ەوە گەڕان بەدوای دۆزینەوەی تەرمەکەی بەردەوامە.
ئەمە لەکاتێکدایە، کە دوێنێ-ش گەنجێکی گەشتیاری تەمەن 20 ساڵی بەڕەگەز عەرەب لە دەریاچەی #دوکان#-ی سەر بە پارێزگای #سلێمانی# خنکا و ئەمڕۆ تەرمەکەی لە ئاوەکە دەرهێندرا.
هەر دوێنێ، لە گوندی قایماوەی سەر بە شارەدێی زێلکان لە شارۆچکەی شێخان-ی سەر بە شاری #دهۆک#، دوو برای تەمەن 15 و 21 ساڵ لەکاتی مەلەکردندا لە ئاوی ڕووباری خازر خنکان و منداڵێکی تەمەن 12 ساڵ لە نزیک پردی دەلال لە شارۆچکەی #زاخۆ#ی سەر بە پارێزگای دهۆک خنکا.
بەگشتیی ئەمڕۆ، کە چوارەم ڕۆژی جەژنی قوربانە، شەش کەس لە ئاودا خنکاون.[1]
#24-08-2018#