شینگێڕی بۆ مامۆستا هێمن
لەلایەن (مەلا کەریمی ساردەکۆسانی – ڕاوچی -)
فەلەک ڕشتی لەسەر سوێگەی هومێدم، ماتەمێکی تر
وەسەر کۆما خەمی خستم، بە کۆ کۆما خەمێکی تر
لە بەختم ڕەوڕەوەی مێژوو بە سەد حەستەم لەرێدایە
بە حەستەم حەستەمێ ببڕێ، دەگاتە حەستەمێکی تر
بە مەرگی هۆنەری کوردی موکریانی قەزا دیسان
گووتی: ها وەرگرە کوردە، بەلاشە وەرهەمێکی تر
لەسەر سوێگەی هونەر، هێمن شەمێ بوو ڕۆشن و هێمن
قەزا ماوەی نەدا بگڕێ هەتاکوو سەردەمێکی تر
بەداخم حاتەمی باخی ئەدەب باروبنەی لێنا
مەحاڵە بۆ ئەدەب بلوێ وەکو ئەو حاتەمێکی تر
بە هەلبەستت برا هێمن دەمێ مەستم دەمێ هێمن
چ موحتاجم بە هەڵبەست و شەڕاب و زەمزەمێکی تر
دەڵێی عیسا دەمە، دەست و دەمی(تاریک و ڕوون)ی تۆ
لە گۆڕت ئافەرین ڕێژن هەتا دەم مەحشەرێکی تر
دەبێ هەڵکەم شەمی ژینم لەسەر گۆڕت نەکا بێژی
لەسەر کێکی تەمەن هەڵناکرێ ئیتر شەمێکی تر
برا سوێی سەنگەری شیعرت بەجێیهێشتین مەڵێ فەوتام
گەلێ (ڕاوچی) لە سوێی گۆڕت دەکۆڵن سەنگەرێکی تر
01-04-1986