لە یانەیەکی شەوانەی سەرچنار لە #سلێمانی# 11 کەسی بنەماڵەیەک پێکەوە برینداربوون دوای ئەوەی لەگەڵ گرووپێکی دیکە بووەتە شەڕیان. هەروەها 35 کەس لە سلێمانی بە شەڕە چەقۆ برینداربوون، کەسێک خۆی کوشتوە و دووانی دیکەش بریندارن.
عەبدوڵڵا گۆران، سکرتێری ڕۆژنامەڤانی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: 159 حاڵەتی برینداربوون لە ڕۆژانی جەژندا هێنراونەتە نەخۆشخانەکانی سلێمانی، 35 حاڵەتیان بەهۆی شەڕە چەقۆ برینداربوون و دوو کەسی دیکەشیان بە گوللە برینداربوون، 11 کەس لەوانەی بە چەقۆ برینداربوون، بارودۆخیان ناجێگیربووە و هەندێکیان نەشتەرگەرییان بۆ کراوە، چەند کەسێکیان تاوەکو ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکدان.
ئامارەکانی پۆلیس بۆ ڕۆژانی جەژن جیاوازن، لە ئاماری نەخۆشخانەکان بڵاویانکردووەتەوە، چونکە بەشێک لەو کەسانە سکاڵایان لای پۆلیس تۆمارنەکردووە.
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە ڕووداوی ڕاگەیاند: ''لە ڕۆژانی جەژندا شەش حاڵەتی شەڕەچەقۆ هەبووە، کەتێیدا حەوت کەس برینداربوون، حاڵەتێکی خۆکوشتن هەبووە لە گەڕەکی ئیبراهیم ئەحمەد کە گەنجێک خۆی کوشتووە، حاڵەتێکی دزیکردن هەبووە لەماڵان، دوو حاڵەتی شەڕەتەقەش هەبووە کەسێک برینداربووە.
لە ڕۆژانی جەژندا پێنج هەزار و 662 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە، 53 کەسیان بەهۆی ڕوودانی هاتووچۆ بریندار بوون، 58 کەسیش بەهۆی کەوتنەخوارەوە بووە، 35 کەسیش بەهۆی شەڕە چەقۆ برینداربوون، 11 برینداری جیاواز و دوو برینداری گوللە هەبوون لەگەڵ 12حاڵەتی مردن.[1]
#25-08-2018#