دایکی تاڵەسوار
بۆ دایە بەهیە.
دایە بەهیە، دایکی پێنج شەهیدی بنەماڵەی مستەفا سوڵتانییە. #فوئاد مستەفا سوڵتانی#، #حسەین مستەفا سوڵتانی#، #ئەمین مستەفا سوڵتانی#، #ئەمجەد مستەفا سوڵتانی# و #ماجید مستەفا سوڵتانی#، پێنج کوڕی دایەبەهیە، لە ماوەی چەند مانگدا گیانیان بەخت کرد. کاک فوئاد لە شەڕدا گیانی بەخت کرد و چوار براکەی لە زیندان ئیعدام کران. دایە بەهیە و کوڕەکانی لە گۆڕستانی تاڵەسواری ئاوایی ئاڵمانەی ناوچەی #مەریوان# نێژراون.
.
ئەستێرە خامۆش و
ئاسمان لە ڕەنگی خۆڵەمێش
پاییزێک بێڕەنگ و
زەوییەک هیلاکی زام و ئێش.
ئێستاکە تاڵەسوار
چاوەڕێی ڕەهێڵەی بارانە و
چاوی له و هەورەیە
لە کەلی تاسەوە
لەودیوی وڵاتی حەسرەت و هەناسە و
لەوپەڕی هەرێمی باوەشی گەرمەوە دێتە پێش.
دەمێک بوو
نەیدیبوون.
زوڵاڵیی دەنگیانی بە ئاستەم لە یاد بوو.
دەمێک بوو تامەزرۆی
دیداری بەهار و هەناسەی گەزیزە و
ئامێزی گەرمی خاک
دەمێک بوو بە تاسەی دیتنی فوئاد بوو.
ئێستاکە چیت دەوێ
ئەوە خاک تێر بۆنی پێوە کە و
ئەوە بەرد بیگرە ئامێز و
ئەوەتا فرمێسکی هەڵوەریو لە چاوی هەڵاڵەی بریندار
ئەوەتا مەولەوی بە ڕیشی سپییەوە
کە دەگری لە گەڵت و
ئەوەتا زرێبار.
ئەوەتا مرۆڤی وڵاتی ئاگر و
هاواری نێو سووتمان.
ئەوەتا شەپۆلی سەرکەش و
باڵندەی نێو تۆفان.
ئەوەتا ئەوە خاک
ئەوەتا #هەڵەبجە# و
عومەری خاوەر و
کۆرپەکەی باوەشی و
ئەوەتا کوردستان.
دەمزانی هەورەکان
لە چاوی نێرگزدا
فرمێسکی بارانە دەگێڕن،
دەمزانی ئەستێرە
ملوانکەی تریفە بەره و خاک دەنێرن،
ئه و ڕۆژەی
سەرەنجام
ژانی تۆ لە لێدان دەکەوێ و
سەرەنجام
خەمی تۆ بەخاکی تاڵەسوار دەسپێرن.
ناسری حیسامی
2005/6/6