بەرەبەیانی یەکشەممە بوومەلەرزەیەک لە پارێزگای #کرماشان#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویدا، کە بووە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لە شار و شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها باشووری کوردستانیش بهەژێنێت، چالاکڤانێکیش لە #جوانڕۆ# دەڵێت: ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە چوار کەسن.
جەلال محەممەد، چالاکڤانی مەدەنی لە شاری جوانڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، بوومەلەرزەکە سەلاسی باوەجانی، جوانڕۆ و سەرپێڵی زەهاوی گرتووەتەوەو زۆرترین زیانیش بەر سەرپێڵ کەوتووە.
جەلال محەممەد گوتی: بەهۆی بوومەلەرزەکەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە، 2 کەس لە تازئاوا و ژنێکی دووگیانیش لە سەرپێڵی زەهاو، هەروەها 350 کەسی دیکەش برینداربوون کە برینی هەندێکیان سەختە.
ئەو چالاکڤانە گوتیشی بەهۆی دووبارەبوونەوەی بوومەلەرزەکان، ژمارەیەکی زۆری هاونیشتمانیان سەرپێڵی زەهاویان جێهشتووەو بەرەو شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆچیان کردووە.
ئاژانسی فەرمی حکومەتی ئێران ڕایگەیاند، 500 خانوو لە سەلاسی باوەجانی ڕووخاون، بەڵام کارەبای زۆربەی گوندەکانی سەرپێڵ و سەلاسی باوەجانی دوای پچڕانیان دووبارە چاککراوەتەوە و ئێستا کێشەی کارەبا نییە.
بەپێی ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران، کاژێر 01:13 خولەکی بەرەبەیان بەکاتی #هەولێر# و 02:43 خولەک بەکاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 5.9 لە تازەئاوای کرماشان ڕوویدا.
بەپێی ئاژانسی فەرمی ئێران لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە یەکێک لەو کەسانەی گیانی لەدەستداوە بەساڵاچوویەکی تەمەن 80 ساڵان بووە کە بەهۆی ڕاوەستانی دڵیەوە گیانی لەدەستداوە و ئەوی دیکەشیان ژنێکی دووگیان بووە کە خۆی کۆرپە هەشت مانگەکەی نێوسکی، گیانیان لەدەستداوە، 241 کەسیش برینداربوون.[1]
#26-08-2018#