نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میللەتان
هەواڵێکی کورت کە هەموومانی هەژاند: ڕۆژی 3ی خەرمانانی 1397 لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی ئاوایی سەڵەسی لە باکووری #مەریوان#، شەریف و ئومێد لە چالاکترین ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا، لەگەڵ دوو کەس لە ئەندامانی دایەرەی سەرچاوە سروشتییەکانی مەریوان ڕەحمەت حەکیمینیا و محەممەد پەژووهی لە ڕووداوێکی نادیار و گوماناویدا گیانیان بەخت کرد.
شەریف باجوەر و ئومێد حسەینزادە لە ئەندامە هەرە چالاکەکانی بواری مەدەنیی و ژینگەپارێزیی مەریوان بوون. ئەو هاوڕێیانە نەک هەر پێشەنگی ژینگەپارێزی مەریوان بوون، بەڵکوو لە هەموو پرسە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستاندا هەڵسووراوێکی دڵسۆز بوون و خەمی کوردستانیان لە کۆڵ گرتبوو. کارەساتی بوومەلەرزەی #کرماشان# شاهیدی پێشڕەۆوبوونی ئەو دوو هاوڕێیە، بۆ بە هاناوە چوونی خەڵکی لێقەوماو بوو. بۆیە ئێستا نەک هەر دارستانەکانی مەریوان، نەک هەر جەماوەری ناوچەی مەریوان بەڵکوو هەموو پارێزگاکانی کوردستان خەمبار و تازییەباری ئەو هاورێ شەهیدانەمانن.
جەماوەری بەشەرەفی کوردستان!
گیان بەخت کردنی ئەم هاوڕێیانەمان بە دڵنییایەوە چالاکی مەدەنیی و ژینگەپارێزی لە کوردستاندا ناوەستێنێت، بەڵام ئاخۆ ئەم ئاگر و سووتاندنی چیا و دارستانی کوردستان تا کەی درێژەی دەبێت؟ بۆچی هۆکارەکانی ئەم کاولکارییە بۆ خەڵک ئاشکرا ناکرێت؟ بۆ دەسەڵات خۆی لە ئاست پاراستنی ژینگە بە بەرپرس نازانێت و لەناوچوونی دارستانەکانی کوردستان بە پرسی خۆی نازانێت؟
هەروەها هەندێک هەواڵ و ڕاپۆرت باس لە گیان لەدەستدانی ئەو هاوڕێیانە بە هۆی تەقینەوەوە دەکەن، ئێمە هاوکات کە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە بە لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر چۆنییەتیی شەهید بوونی ئەم هاوڕێیانە ڕاستییەکانی ئەم ڕووداوە بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا بکەن، پرسیار دەکەین بۆچی دەبێت تەقەمەنی لە شوێنێکی نیزیک شار و لە شوێنی هاتوچووی هاووڵاتییاندا بێت؟
رێکخراوە مەدەنییەکانیی مەریوان بە بۆنەی ئەم کارەساتە دڵتەزێنەوە سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی بنەماڵەی ئەو ئازیزانە و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەن و بە جێی خۆی دەزانن بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی ئەم هاوڕێ شەهیدانە، 3ی خەرمانان بە ڕۆژی ژینگەپارێز ناودێر بکات.
ئەم کۆستەی ئەم جارەمان ئەگەرچی خەسارێکی گەورەی لە ڕەوتی مەدەنی و فەرهەنگی وڵاتەکەمان داوە بەڵام دڵنیاین لاوانی دڵسۆزی وڵات ڕێگای شەریف و ئومید بەگوڕتر لە جاران درێژە دەدەن.
رێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان،
4ی خەرمانانی 1397 هەتاوی
#26-08-2018#