دواڕۆژ، ڕێبین حەسەن
لەرۆژانی جەژنی قوربانی ئەمساڵدا، پێچەوانەی جەژنی قوربانی دوو ساڵی ڕابردوو، زۆرترین گەشتیار لەهەرێمی کوردستانەوە و لەرێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە سەردانی وڵاتی ئێرانیان کردوە، لەبەرامبەریشدا کەمترین گەشتیاری ئێرانی و شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەم جەژنە هاتونەتە خاکی هەرێمەوە.
بەپێی ئامارێکی بنکەی نشینگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ کە وێنەیەکی تایبەت دراوەتە دواڕۆژ، تیایدا هاتووە لەماوەی ڕۆژانی 19/8 بۆ 25/8/2018، لە دەروازەکەوە 12 هەزار و 202 گەشتیار لەهەرێمی کوردستانەوە، ڕوویان لەکۆماری ئیسلامی ئێران کردوە، هاوکات بەپێی ئامارەکە، هاتنی گەشتیارانی ئێرانیش تەنیا 9 هەزار و 987 گەشتیار بووە لەو ماوەیەدا.
ئەوەش خراوەتەڕوو زیادبوونی ژمارەی گەشتیارانی هەرێم بۆ ئێران، هۆکارەکەی گەڕێنراوەتەوە بۆ ئەو قەیرانەی کە لەئێستادا ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆتەوە، ئەمەش وایکردووە کە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی گەشتیاری زیاتر ڕوو لەو وڵاتە بکەن.
بەپێی ئامارە تایبەتەکە، ژمارەی هاتنی گەشتیارانی ئێرانی لەجەژنی قوربانی ساڵی 2017 بۆ هەرێمی کوردستان، نزیکەی 16 هەزار گەشتیار بووە و شەش هەزار گەشتیاری هەرێمیش چوونەتە وڵاتی ئێران.
هەروەها لەجەژنی قوربانی ساڵی 2016، لەرێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە، نۆ هەزار گەشتیاری ئێرانی هاتوونەتە خاکی هەرێم و 10 هەزار گەشتیاری هەرێمیش چوونەتە وڵاتی ئێران.[1]
#26-08-2018#