دواڕۆژ، ڕاپۆرتی ڕێبین حەسەن
بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و گونجاوی کەشوهەوا و بەپیتی خاکەکەی شارۆچکەی #پێنجوێن#، بە بەرهەمهێنانی تەماتە، شوتی و چەندین جۆری دیکەی سەوزە بەناوبانگە و جووتیارانیش جەخت لەوەدەکەنەوە، ساڵانە دەتوانن بەشی پێداویستی ناوخۆیی شوتی دابین بکەن، بەڵام بەهۆی هێنانی بەرهەمی دەرەکییەوە بەرهەمەکانیان ساغ نابێتەوە و قائیمقامی قەزاکەش ئاشکرایدەکات، نووسراوێکیان بۆ قەدەغەکردنی هاوردەی دەرەکی بۆ لایەنە پەیوەدیدارەکانی حکومەتی هەرێم کردووە، بەڵام هیشتا وەڵامیان نەدراوەتەوە.
$بەرهەمی ناوخۆیی پارە ناکات !$
ئازاد کەریم، یەکێک لەجووتیارانی سنووری قەزای پێنجوێن، بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: وەک جووتیاران بەردەوام بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنین، بەتایبەت لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکانماندا، ئەوەش بەهۆی دانەنانی سنوورێک بۆ هاوردەکردنی بەروبومی دەرەکی لەرێگەی مەرزەکانەوە، کە وایکردووە بەرهەمی ناوخۆیی جووتیاران نەک هەر پارە ناکات، بەڵکو دەبێت پارەش بدەین تا لەکۆڵمان دەبێتەوە.
وتیشی ئەمساڵ زەوییەکی زۆرم کردووە بە شوتی و بڕی زیاتر لەیەک ملیۆن دینارم تیا خەرجکردووە، بەڵام دوای بەرهەمهێنانی فرۆشتومەتەوە بە 170 هەزار دینار.
$جووتیاران قەرزدارن$
ئاوات سوارە، یەکێکی ترە لەجووتیارانی پێنجوێن و ڕۆژانە بەرهەمی جوتیاران دەکڕێتەوە و بەره و عەلوەی #سلێمانی# دەبات، بۆ دواڕۆژ، ئاماژەی بەوەکرد: ڕۆژانە زۆر نیگەران دەبم بەرهەمێکی خۆماڵی زۆر جوان، کە جووتیاران بەڕەنجێکی زۆر بەرهەمییان هێناوە دەیهێنن بەنرخێکی زۆر کەم دەیفرۆشنەوە و هەندێک جاریش نرخەکە هێندە کەم بووە کاتێک بردومەتە عەلوە، جووتیاری خاوەن بەرهەم قەرزاریش بووە لەسەر کرێی گواستنەوەی بەرهەمەکەی.
روونیشیکردەوە،لەئێستادا شوتیەکی زۆری پێنجوێن پێگەیشتووە و نرخییان زۆر دادەبەزیوە، بۆیە چارەسەرکردنی ئەم گرفتە تەنها بەداخستنی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ نابێت بە ڕووی بەرهەمی دەرەکییدا، بەڵکو دەبێت لەهەموو مەرزە فەرمی و نافەرمییەکانی هەرێمەوە ئه و بڕیارە جێبەجێبکرێت.
$وەڵامی نووسراوێکی قائیمقامیەتی پێنجوێن نەدراوەتەوە$
لایخۆشیەوە، زانارەحمان، قائیمقانی قەزای پێنجوێن، بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: لەسەرەتای ئەمساڵدا نووسراوێکی ڕەسمیمان کردووە بۆ پارێزگاری سلێمانی، بۆی لەوێشەوە بەرز بکرێتەوە بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم، کە بەهیچ شێوەیەک بەرهەمی هاوردە لەوەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی کشتوکاڵی ناوخۆیی هاوردەی هەرێمی کوردستان نەکرێت وەکو شوتی و خەیار و تەماتە، بەڵام تائێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە و چاوێیی وەڵامین.
وتیشی بەڵام خۆشبەختانە ئەمساڵ ئه و باجەی خراوەتە سەر ئه و بەرهەمانەی کە لەمەرزی باشماخ هاوردە دەکرێن زۆر زیادیکردووە و ئەوەش بەبڕوای ئێمە هۆکارە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی شوتی ناوخۆیی سنووری پێنجوێن و دەوروبەری.
$پارلەمانتارێک: شوتیەکی زۆری پێنجوێن لەناو چووە$
هاوکات عەبدولڕحمان عەلی، نوێنەری پێنجوێن لەپەرلەمانی کوردستان، بۆ دواڕۆژ، ڕایگەیاند: بەقسەکردن لەگەڵ جووتیاران و خاوەن عەلوەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە، ئەمساڵ نزیکەی 100 هەزار تەن شوتی و تەماتە و سەوزەواتمان وەک سنووری قەزای پێنجوێن و دەوروبەری دەبێت، بۆیە جێگەی خۆیەتی گرنگی زیاتر بەم ناوچەیە بدرێت.
روونیشیکردەوە، بەداخەوە یەکێک لەگرفتەکان ئەوەیە چەندە جووتیاران ماندوو دەبن و زەوی و ئاو هەوای گونجاومان هەیە، بەڵام نەبوونی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران، وایکردووە کە بەرهەمێکی زۆری پێگەیشتوی شوتی پێنجوێن لەناوبچن و پارەی پێویست ناکەن.
$ئاماری سێ ساڵی شوتی پێنجوێن$
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی پێنجوێن، کە وێنەیەکی تایبەت دراوەتە دواڕۆژ، ساڵی 2016 زیاتر لە 30 هەزار تەن و ساڵی 2017 زیاتر لە 40 هەزار تەن شوتی لەسنووری قەزای پێنجوێن و هەردوو شارەدێی گەرمک و ناڵپارێز و گوندەکاندا بەرهەمهاتووە و ئەمساڵیش پێدەچێت ئه و ڕێژەیە بۆ زیاتر لە (60) هەزار تەن بەرزببێتەوە.
قەزای پێنجوێن، نزیکەی 96 کیلۆمەتر لەشاری سلێمانیەوە دوورە و دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی و ڕووبەڕی گشتی قەزاکە، بریتیە لە (1129) کیلۆمەتر چوار گۆشە و ساڵانە زیاتر لەنیوەی ئه و ڕووبەڕە دەکرێتە کشتوکاڵ.[1]
#27-08-2018#