داستانی ڕزگاری
#13-04-1987#
ژیانی منداڵی و نیوسەدە خەبات: حەمەڕەزای کادر
زۆربەی زۆری هێزەکانی یەکێتی هی هەر چوار مەڵبەندەکە کۆکرایەوە ئامانج لێی پاکردنەوەی دەوروپشتی سلێمانی بوو بۆ پاراستنی سەرکردایەتی کە لە سەرگەڵوو و بەرگەڵوو بوو. ئه و شەوە لە سەعاتی سفردا دەستی پێ کرد، قەیوانی بچووک بۆ ئێمە دانرا بوو ئەوەی لە یادم بێت برای تێکۆشەر ڕەوفی یاسە ف.ک بوو، مامۆستا سۆران لێپرسراوی مالیەی تیپی 55ی قەرەداغ، شەهید کاوە سۆڵەیی و شەهید ئارامە بچووک کە دەورێکی زۆر قارەمانانەی بینی له و شەڕەدا. برادەرێکیان دا پێمان وەک دەلیل وابزانم ئامر مەفرەزە بوو لە تیپی 31ی سلێمانی و ناوی عەبدوڵڵا بوو. لە سەعاتی سفردا لە هەموو لایەکەوە پەلاماردان دەستی پێ کرد، سەرەتا کە ئێمە پەلامارمان دا ئاربیجیەک درا لە قولەیەک کە مابووی بۆ ڕەبایەکە، بۆیە تۆزێک زەحمەت بوو و درەنگ دەستی بەسەردا گیرا، ئه و پێشمەرگەیەی تیپی 31 بە داخەوە شەهید بوو و جوامێر دەرەویانیش ئەژنۆی بریندار بوو، پاش ماوەیەک دەستمان گرت بەسەر ڕەبایەکەدا و چەند جاشێکیش کوژرا و لاشەکانیان لەبەردەستدا بوو. بڕیار درابوو پاش 24 سەعات ئێمە واتە پێشمەرگە بەرگری بکات و پاسداری ئێرانی دێت لێمان وەردەگرێت. زۆر گەڕاین لە درزە بەردێکدا [RBG]ی یەک شاردرابۆوە بەبەرد داپۆشرابوو ئەوەی لە یادم بێت دوای کۆنترۆڵ کردنی شوێنەکان 5 شەهید و 7 بریندارمان هەبوو. ئه و ناوچانەش کە دەستیان بەسەردا گیرابوو 121 ڕەبایە و مەقەڕ سریە و مەقەڕ فەوج گیرابوون، زیاد لە 200-300 پارچە چەک گیرا و دیلێکی زۆریش هەبوو. چەند ڕۆژێک لەوێ ماینەوە و هێرش و تۆپ بارانی ڕژێم ئەوەندە سەخت بوو نە ئەتوانرا بەرگری زیاتر بکرێت، هەتا بە کیمیاویش لە دۆڵی قزلەر و ئه و شاخەشی دا، بۆیە بڕیاردرا پاشەکشێ بکەینەوە، چەندین هاوڵاتی و پێشمەرگەش برینداربوون بە کیمیاوی. هێزی پێشمەرگە زۆر ئازا و بە هیمەت بوون لە پەلامارداندا، باوەڕناکەم کەس غەیری پێشمەرگە ئه و توانایەی هەبێت، بەڵام لە بەرگریدا نەیدەتوانی بەرگری تەواو بکات، ئەویش بەهۆی چەک و تفاقی شەڕەوە کە لە چاو هی دوژمندا زۆر سوک و بێ بەرانبەر بوو.
لە سەرەتای شەڕەوە تا پاشەکشەمان کرد نزیکەی یەک هەفتەی خایاند، ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەی شەهیدەکان زیادی ئەکرد، ژمارەی شەهید گەیشتە 94 شەهید و دەیانی تر بریندار بوون، شەوێک زۆر سارد بوو و خەویشمان ئەهات، بە کاک ڕەوف و کاک سۆرانم وت سەرماکە خۆشە یان بچینە ناو کۆنە ڕەبایەکە؟ ئەگەر تۆپێک لێماندا خۆشترە، باشە با بچینە ژوورەوە ڕەبایەکە زۆر نزم بوو سەریشی جەمالیۆن بوو و تەنها مەترێک بەرزی بوو. کە تۆپ لە دەوروپشتی ئەدا خۆڵەکە ئەکەوتە سەر جەمالیۆنەکە، زۆر ناخۆش بوو بەڵام لەسەرماکە خۆشتربوو. بە ڕۆژدا بە بەردەوامی تەیارەی کۆپتەر بۆردومانی پێشمەرگەی ئەکرد، سەیرمان کرد شاخەکانی کێوە سوور و دووبرا و کۆڕەنگ ئەم شاخانە زۆر بە سەختی بۆردومان ئەکرا و هێرشیان لەسەر بوو، وتم کاک ڕەوف با بە بیکەیسی تەقە له و تەیارانە بکەین بەشکو بۆردومانەکەیان لەسەر کەم بێتەوە، ئێمە هەر یەکەی لە سەنگەرێکدا بوین و قەیوانی بچوک ڕوبەرەکەی کەم بوو بیکەیسی یەکمان پێ بوو.عەدەد بیکەیسیی یە کەمان شەهید سالار برای کاک سەردار عەینەک بوو پیاوێکی زۆر قارەمان بوو کە کۆپتەرەکە ویستی بۆردومانی کۆڕەنگ بکات دوو سەلیەمان پێوەنا، ڕاستە کەمێک دورکەوتەوە بەڵام زانیان لە کوێوە تەقەیان لێ کراوە، بۆیە پاش ماوەیەک پیلاتۆزێک هات 40 ساروخی نا بە قەیوانی بچوکەوە کە ئێمەی لێ بووین، هەموو قەیوانی بچوکی گرتەوە و لە خۆڵدا غەرقی کردین، کەسمان بەتەمای کەسمان نەبووین، کاتێک سەیرم کرد قەیوانی گەورە مەلا ئەحمەدەی دەلوجە و غەفوری عەریف حەمە ئەمین بەرهو لای ئێمە ڕا ئەکەن لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکی تر بە هانامانەوە بێن، بزانن چەند شەهید و بریندارمان هەیە، بەڵام پێش ئەوان هاوارم کرد کێ شەهیدە ؟ کێ بریندارە؟ کەس بریندار نەبوو، گشتمان سەلامەت بوین، کاتێک کە فڕۆکەکە لێی داین من و کاک سۆران بە پێوە بوین، هەریەک لە سەنگەرێک نزیکی یەک بوین و فریای دانیشتن نەکەوتین. منیش هاوارم کردە کاک مەلا ئەحمەد و برادەران و وتم مەیەن هەموو سەلامەتین، کاتێک بڕیاری پاشەکشە درا قەیوانی بچوک دوای هەموو شوێنەکان پاشەکشەیان پێ کردین، دواتر چوینە خوارێ ئێمە لە دێ ی قزلەر ماینەوە، پێشمەرگە سەروڕیشی زۆر هاتبوو چوم یەک دوو دەستە گوێزان و مەکینەیەکی ڕێشتاشینم کڕی و دەستم کرد بەسەر و ڕیش تاشین، پێشمەرگەکان ئەوی بیرم بێت کاک مەلا ئەحمەدی دەلوجە، مامۆستا سۆران و صباحە قەڵه و و ئازاد فازیل و چەند پێشمەرگەیەکی تر بۆ ئەوەی پاک و تەمیز بن.
وەک وتم بەچەکی کیمیاوی لە قزلەر و دەوروپشتی دابوو. خەڵک شەهید و بریندار بووبن. شه و حەرەسیات دەرکرا، یەکێک لە پاسەوانەکان کاک سەباح بوو، ئەوکات لە ڕێکخراو لە لای کاک ئاسۆی شێخ نوری بوو، دیاربوو پێ ی عەیب بوو بڵێت کیمیاوی لێ ی داوم، چونکە پێشمەرگە ئەوەندە خۆڕاگرو خاکپەرست بوو لە کاتی نەخۆشی و ئازاریشدا پێ ی عەیب بوو بڵێت ناتوانم. شه و بە هێواشی چوومە دەرەوە سەیری دەوروپشتم کرد سەباح تفەنگەکەی بەدەستەوە بوو وەستابوو، چوم و هاتم دەنگی نەکرد، پێم وت سەباح بۆ قسە ناکەیت کە من هاتم وتی بەخوا چاوم لێت نەبوو، ئەوجا بۆی باس کردم کە کیمیاویەکە کاریگەری لەسەر چاوی دروست کردووە و چاوی باش نابینێت، و پێم ناخۆش بووە بڵێم بە حەرەس دام مەنێن نەک پێم بڵێن ئەترسێ. ئیتر پێشمەرگەیەکم هەڵسان و سەباحم ناردە ژورەوە بۆ ئەوەی بخەوێ و ئیسراحەت بکات. ڕۆژێک هەر لە چەمی پیرکە چوین جل و سەروملمان بشۆرین، کاک سەباحیش هات خۆی هەڵکرد چووە ناو ئاوەکەوە، کاتێک سەیری ناو ئاوەکەم کرد دیم مارێک هات منیش لە مار نەدەترسام، پەلامارم دا و گرتم. بەره و لای سەباح فڕێم دا کە چەند مەترێک لێم دوور بوو و ئاڵا بە قاچ و قولیا، قیژاندی و ڕای کرد، بەڵام مارەکە لە قاچی بوەوە و ئازاری بە سەباح نەگەیاند، سەباح لەناو ئاوەکەدا کەوت و گشت گیانی تەڕ بوو.. ئەوەی لە یادم بێت لە داستانی ڕزگاریدا پۆلێک پێشمەرگە دانرابون بۆ گرتنی شاخی ئەزمڕ، بەڵام پاش شەڕێکی خوێناوی و بەرەنگاریەکی قارەمانانە 7 پێشمەرگە شەهید کرابون، پاشەکشەیان کردبوو و تەرمەکانیش کەوتبونە دەست دوژمن، یەکێک لەوقارەمانانە کە بیرم بێت کادرێکی وشیار و بەتوانا شەهید شێخ جەمیل بوو.