رۆڵەکانی نەتەوەی گەورەی کورد!
بە داخ و کەسەری زۆرەوە، هەواڵی تێرۆری هەڤاڵ سەید کازم ئەبوو شامە، ڕادەگەیەنیین.
هەڤاڵ سەید کازم کەلهوڕ ڕۆژی 31ی گەلاوێژ(22 ئاگۆست) لە لایان دەزگای تێرۆریستیی ئیتلاعاتی ئێرانەوە لە #ئیلام# دەرمانداو دەکرێ و پاش چەند سەعاتێک، لە ڕێگای چوون بۆ نەخۆشخانە، گیان دەسپێرێ.
هەڤاڵی شەهید سەیدکازم کە لە ڕیزەکانی پارتی ئازادیی کوردستاندا بە مەلیک دەناسرا، 27 ساڵ لەمەوبەر لە شاری ئابادان لەدایکببوو. دانیشتووی شاری مێهرانی پارێزگای ئیلام و خاوەن بەڵگەنامەی دیپلۆم بوو. لە ساڵی 2015ەوە هاتبووە ڕیزی هێزەکانی #پێشمەرگە#ی پارتی ئازادیی کوردستان و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە هێزی خۆشەوی خەلیلی پارتی ئازادیی کوردستان، لە چیای باشیک بەشداری نەبەردە حەماسییەکانی ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شەڕی #داعش# دا بوو. پێشمەرگە و فەرماندەیەکی ئازا و خاوەن دەور و دەیسیپلین بوو. دوا ڕۆڵی لە جەنگی داعش دا، فەرماندەی دەستە بوو لە ئۆپەراسیۆنی گەورەی ڕاماڵینی هێزەکانی داعش لە مەحوەری باشیک- ناوەران (20 ئۆکتۆبر تا 8ی نوامبری 2016).
هەڤاڵ مەلیک، ئاواتەخواز بوو، بزاڤی نەتەوەیی لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر گەشە بکاو قووڵ ببێتەوە. هەر بۆیە چاکی مەردایەتی کرد بەلادا کە ئەوەی لە پارتی ئازادیی کوردستاندا فێری ببوو، بیگوێزێتەوە ئه و ناوچە و دەڤەرانە.
هەڤاڵی شەهید سەیدکازم کەلهووڕ، به و ئامانجە، لە سەرەتای ساڵی 2017دا، وێڕای شەهید کیومەرس دەبوستانزادە(پاکزاد)، بە ئەوینی ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان، ڕوویان لە ئیلام و #لوڕستان# کرد و تا دوا هەناسەی ژیانیان خۆیان بۆ بڵاو کردنەوەی بیری نەتەوەیی و بەربەرەکانی و بەرەنگاربوونەوەی هێزەداگیرکەرەکانی ئێران، تەرخان کرد.
هەڤاڵی فەرماندە مەلیک، پاش تێرۆری هاوڕێی خەباتی، کیومەرس دەبوستانزادە(4ی مارسی 2018) لە ئەندیمێشک، بۆ ماوەیەک ناوچەکەی بەجێهێشت و دواتر گەڕایەوە. دوا چالاکیی ئه و ڕۆڵە قارەمانەی کورد و PAK، فەرماندەیی ئه و هەڵمەتە بوو کە هەڵۆکانی ئازادیی کوردستان ڕۆژی 14 گەلاوێژ(5ی ئاگۆستی2018) لە ئیلام کردیانە سەر تیمێکی ستادخەبری ئیدارەی ئیتلاعات.
هەر چەن، دام و دەزگای داگیرکەری و تێرۆریستیی ئێران لە ئیلام، لە سێ جار لێکۆڵینەوە لە سەیدکازم، هەرگیز نەیتوانی ڕاز و نهێنیەکانی خەبات و ڕێکخستن و چالاکییەکانی لە سینگ دەربێنێ، بەڵام، وەک پیشە و میراتی مێژووییان، دواجار لە کاتی لکۆڵینەوەدا، بە پێدانی خواردنەوەیەک، دەرمانداوی دەکەن و پاش، چەند سەعات لە بەردانی، لە ڕێگای چوون بۆ نەخۆشخانە گیانی بە نیشتمانی زامدارمان سپارد و چووە ڕیزی کاروانی شەهیدانی پارتی ئازادیی کوردستان لە ڕێی دەوڵەت و سەربەخۆییدا.
ئەوە دووهەمین خەباتگێڕی پارتی ئازادیی کوردستانە کە لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، به و جۆرانە شەهید دەکرێ. ڕەنگە دەسەڵاتدارانی تاران، لە ناو بردنی خەباتگێڕانی ڕێگای سەربەخۆیی کوردستان لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان به و جۆرە کەم تێچووتر و بێ کێشەتر بزانن. بەڵام خەیاڵیان خاوە و خوێنی ڕێبوارانی ڕێگای سەربەخۆیی کوردستان، داری ئازادیی و وەدەسهێنانی سەروەریی و سەربەخۆیی کوردستان، پاراو دەکا و لە خوێنی ڕۆڵەکانی کورد، گەردەلوولی ڕادانی داگیرکەران هەڵدەکا.
سڵاو لە گیانی بەرزەفڕی هەڵۆی ئازادیی کوردستان، شەهید سەیدکازم کەلهوڕ
ئەنجوومەنی سەربازیی پارتی ئازادیی کوردستانPAK
4ی خەرمانانی 2718
#26-08-2018#