خاوەنی کۆمپانیاکانی هاوردنی ئۆتۆمبێل دەڵێن، بەهۆی ئەو ئاسانکارییانەی لەپێناوی زیادکردنی داهات لە خاڵە سنوورییەکان بۆ بازرگانان دەکرێت، لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە هەزاران ئۆتۆمبیلی کواڵیتی خراپ و وەرگەڕاو و ژێرئاوکەوتووی ئەمەریکی هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون کە لە داهاتوودا زیانی گەورەی گیانی و ئابوورییان بەدواوە دەبێت.
بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، لە پێنج ساڵ و شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 451 هەزار و337 ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون.
بە گوێرەی ئامارەکە، لە دوای 2013 وە و بەهۆی قەیرانی دارایی، هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، لە 126 هەزار ئۆتۆمبێلەوە لە ساڵی 2013، بۆ 35 هەزار ئۆتۆمبێل لە 2016 کەمی کردووە، بەڵام ساڵی ڕابردوو، هەروەها لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ئەم بازرگانییە جوڵەی تێکەوتووەتەوە. شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، 30% زیادی کردووە.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەڵێت:بەهۆی شەڕی #داعش# و قەیرانی داراییەوە، هاوردەکردنی ئۆتۆمبیل تا ساڵی 2016 لاوازی تێکەوت، بەڵام بەهۆی ئاسانکاریی حکومەت لە خاڵە سنووریەکان بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبیل و جیاوازیی نرخی باج و ڕسومات و تابلۆی کوردستان بەراورد بە شارەکانی عێراق، لە ساڵی ڕابردووەوە جوڵەیەکی باش کەوتووەتە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل، بەجۆرێک ساڵی ڕابردوو لەچاو 2016، هاوردەکردنی ئۆتۆمبیل 60% زیادی کرد.
بەگوێرەی بەدواداچوونی ئەوان، 75%ی ئەو ئۆتۆمبیلانەی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، لێرەوە هەناردەی شارەکانی عێراق دەکرێنەوە، تەنانەت هەندێ لە کۆمپانیاکان ئۆتۆمبیل تەنیا بۆ شارەکانی عێراق هاوردە دەکەن.
بازرگانانی هاوردنی ئۆتۆمبیل، بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی زیادبوونی هاوردەکردنی ئۆتۆمبیل هەیە، دەڵێن ئەو جوڵە بازرگانییەی لە هاوردنی ئۆتۆمبیل هەیە، بەهۆی ئاسانکاریی خاڵە سنوورییەکانە بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبیلی بەکارهاتوو، بەو هۆیەشەوە بەهەزاران ئۆتۆمبیلی کواڵیتی خراپ و لێدراو و وەرگەڕاو و ژێرئاوکەوتووی ئەمەریکی هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون.
#سۆران# جەلال، بەڕێوەبەری کۆمپانیای مینی ئەنتەرناشنال، بۆ بازرگانیی ئۆتۆمبیل کە زیاتر ئۆتۆمبیلی ئەمەریکی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکات، دەڵێت: پێشتر حکومەت گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی هەبوو، کۆمپانیاکە بە ستاندارد کاری دەکرد، ڕێگەی بەهاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو نەدەدا، یان ئەگەر ئۆتۆمبیلەکە زەبری گەورەی بەرکەوتبا و ئێرباگەکانی تەقیبوونایە، یاخود ژێرئاو کەوتبووایە، بەڵام ساڵی ڕابردوو حکومەت گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکە نوێ نەکردەوە، ئێستا تەنیا پشکنینێکی سەرەتایی بۆ ئۆتۆمبیل دەکرێت و لەپێناو زیادکردنی داهات ڕێگە بە هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێکی بەکارهاتوو دەدەن. بازرگانان بە لێشاو ئۆتۆمبێلی لێدراوی ئێرباگ تەقیو، ژێرئاوکەوتوو لە دوبەی هاوردەی کوردستان دەکەن.
ئەمریکا ڕێگە بەو ئۆتۆمبێلانە نادات کە بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ ئێرباگەکانیان تەقیوە، یان ژێرئاو کەوتوون، لە شەقامەکانیدا بسووڕێنەوە، بۆیە لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی دڵنیایی بە سیکراب دەیانفرۆشێتەوە.
سۆران جەلال دەڵێت: هەندێک بازرگانی ئیماراتی و عێراقی، ئەو ئۆتۆمبیلانە دەکڕنەوە، دوای چاککردنەوەیەکی سەرەتایی هەناردەی عێراقی دەکەن، لە خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش بەتایبەت لە باشماخ و حاجی ئۆمەران، پشکنینێکی سەرەتایی دەکرێن و ڕێ بە هاوردنیان دەدرێت، بەهۆی هەرزانیی نرخیش خواستی باشیان لەسەرە، بۆیە 50%ی ئەو ئۆتۆمبیلانەی ئێستا هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن لەم جۆرانەن.
سۆران جەلال، نموونە بە جیاوازیی نرخی ئۆتۆمبیلێکی بەکارهاتووی ئەمەریکی لێدراو و لێنەدراو دەهێنێتەوە و دەڵێت: جیاوازیی نرخیان نزیکەی حەوت هەزار دۆلارە، بۆ نموونە ئۆتۆمبێلێکی بەکارهاتووی کامری 2017ی ئەمەریکی نرخەکەی 18 هەزار دۆلار بێ، هەمان ئۆتۆمبێل کە لێدراوە یان ژێرئاو کەوتووە، بە 13 هەزار دۆلارە.
بە گوتەی سۆران جەلال، لە خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیل، هاوردەکردنی ئەم ئۆتۆمبیلانە زەحمەتە، بەڵام لە هەردوو خاڵی سنووریی باشماخ و حاجی ئۆمەران ئاسانکاری باش بۆ بازرگانان دەکرێت، دوای هاوردەکردنیش بەئاسانی تۆمار دەکرێن.
بەڵام عەقید ئەسعەد مەلا کەریم، گوتەبێژی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان ڕەتیکردەوە ئاسانکارییان بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبیلی نقومبوو و لێدراو کردبێت و گوتی: دوای ئەوەی هەستمان بەزیادبوونی هاوردەکردنی ئەم جۆرە ئۆتۆمبیلانە کرد، بڕیاری توندکردنی مەرجەکانی تۆمارکردنی ئەم جۆرە ئۆتۆمبیلانەمان دا.
عەقید ئەسعەد مەلا کەریم دەڵێت لێژنەیەکی پشکنینی تایبەت هەیە، هەر ئۆتۆمبێلێکی بەکارهاتوو هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێت، ئەگەر نقوم بووبێ، یان بەهۆی پێکدادانەوە زیانی زۆری بەرکەوتبێ، بەهیچ شێوەیەک تۆمار ناکرێ.
ئەو ئۆتۆمبێلانە سەرەتا دەهێنرێن بۆ ئیمارات، بەڵام حکومەتی ئیماراتیش ڕێگە بە بەکارهێنانیان نادات.
حوسێن حەسەن، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئۆتۆ لەندەن، بۆ بازرگانیی ئۆتۆمبیل کە ساڵانە 500 تاوەکو 600 ئۆتۆمبیلی بەکارهاتووی لێنەدراو لە ئەمەریکاوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکات، دەڵێت: لە ئەمەریکا جگە لە ئۆتۆمبێلی تازە، چەند جۆرێک ئۆتۆمبیلی بەکارهاتوو بۆ فرۆشتن هەن، جۆرێکیان هەیە پێیدەگوترێ گرین تایتڵ، ئەم جۆرە هیچ گرفتێکیان نییە و نرخیان بەرزە، جۆری نقومبوو و لێدراویش هەیە ئەم دوو جۆرە نرخیان هەرزانە. بازرگانانی ئیمارات لەسەر خواستی بازرگانانی عێراق، ئەم جۆرە ئۆتۆمبیلانە هاوردە دەکەن، بەڵام حکومەتی ئیمارات ڕێگە بە بەکارهێنانی ئەم ئۆتۆمبێلانە نادات، بۆیە شوێنێکی تایبەتی بۆ بازرگانان لە دەرەوەی شارەکان دروستکردووە کە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکەی تێدا دەکرێ.
حوسێن حەسەن گوتیشی: بەهۆی کەمیی نرخەکەی، بازرگانیی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە ئەوەندە خواستی لەسەرە، هەموو کەسێک دەیهێنێ، تەنانەت سەرتاش و فەرمانبەر و زێڕینگەر دەستیان بە هاوردەکردنی ئەم جۆرە ئۆتۆمبیلانە کردووە، هەندێ کەس بۆ گەشت دەچنە دوبەی، بۆ دەرکردنی خەرجییەکەیان ئۆتۆمبێلێک دەکڕن و لەسەر مۆڵەتی کۆمپانیایەک 100 دۆلار دەدەن و دەیهێننەوە.
سەبارەت بەکواڵیتی و گرفتی ئۆتۆمبیلی لێدراو و نقومبوو، حوسێن حەسەن، دەڵێت: ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە نقومبوون، بەهیچ شێوەیەک نایەنەوە سەر باری ئاسایی خۆیان، هەمیشە گرفتی میکانیکی و ئەلیکترۆنییان هەیە، ئەو ئۆتۆمبیلانەشی کە تووشی پێکدادان بوون، جگە لەوەی ئێرباگەکانیان تەقیوە، بەهۆی بەستانی پارچەی یەدەگی کوالیتی نزم، هەمیشە گرفتی میکانیکی و ئەلیکترۆنییان هەیە.
حوسێن عەلی دەڵێت لە ئایندەدا دەردەکەوێ کە هاوردەکردنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە چ زیانێکی گەورەیان لە هەرێمی کوردستان داوە.[1]
#27-08-2018#