(کاتێ زانیان دڵت پاپۆڕی ئەوینە و بۆ گەیشتن بە بەندەری خۆشەویستی دەریای شەختە و سەهۆڵ ئەبڕی،
هاتن سینگتیان هەڵدڕی!
خەڵکی بە شەڕەفی کوردستان
ئەندامانی سەوزی چیا
خەڵکی بە ئەمەگی #مەریوان# و بنەماڵەی سەربەرزی کاک شەریف و هاوڕێیانی!
تاریک پەرستان و ناحەزانی سەوزایی و ئاوەدانی وڵات، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ تێکدانی ژینگە و ڕێگرن لە بەر دەم هەر دڵسۆز و هەڵسووڕاوێک کە لە خزمەت بەو نیشتمانە هەنگاو دەنێ، ئەوەی ڕوونە تەنیا بەشێکی کەم لە ئێران ماوە سەوزایی لە سەر پێی مابێت و بتوانێ مەکۆی ئاسوودەیی و ئارامی مرۆڤ، ئاژەڵ و گژوگیا و دارستان بێت، کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێکی بەرچاوی سەوزایی لە خۆ دەگرێت.
لە چەندین ساڵی ڕابردوودا خەڵکی کوردستان هەستی بە مەترسیەکانی سەر ژینگەی خۆی کردووە و هەر بەو هەسته نیشتمانپەروەری و ژینگە ویستیە لە زۆربەی شار و تەنانەت دێهاتەکانیش ڕێکخراوی ژینگەپارێزی دامەزراون و خەریکن بەوپەڕی ئازایەتی و لە خۆبردوویی پارێزگاری لێدەکەن، سەرەڕای هەموو تەنگ و چەڵەمەکانی بەردەمیان و ئەو گرفتانەی کە ڕۆژانە بۆ لێدانی دڵسۆزانی ژینگە دێننە پێش دیسانیش لە وچان ناکەون.
بازاڕی ڕاگواستنی ئاوەکان، لێدانی بەنداوی زۆر و نا کارناسانە، ئاگر تێبەردانی لێڕەوار، لێدانی جادە و بە گشتی گوێ نەدان بە هیچ کام لە یاساکانی ژینگەپارێزی ئەرکی ژینگەپارێزانی قورستر کردووە.
قوربانی بوونی کاک شەریف و هاوڕێیانی و دەست بە سەر کردن و ترساندنی ژینگەپارێزان، وێڕای ئەوەیکە زەنگێکی مەترسیدارن لە بەردەم ڕەوتی پارێزەرانی ژینگە، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە دەسەڵات خەمی پاراستنی ژینگەی لەبەر نییەو خەڵکی کوردستانی ناچار کردووە قوربانی بۆ بدەن، قوربانی دانێک کە کۆتاییەکەی لەقازانجی هەموو خەڵکی ئێرانە دەشکێتەوە!
بێ گومان ئەگەر لایەنە پێوەندیدارەکان پاراستنی ژینگەیان بۆ گرنگ با، ڕەنگە کەسایەتیێکی گەورەی وەکوو کاک شەریفمان لە دەست نەدەدا، کە بە حەق خەسارێکی گەورە و برینێکی قووڵی خستە جەستەی نیشتمان.
ئەوەندەی لە خەزێنەی وڵات تێچووی سیاسەتی هەڵەی ڕاگواستنی ئاوەکان و تێکە و لێکەی دیکە دەکرێت، بە ڕێژەیەکی زۆر کەمتر، دەکرێ وڵات لە بواری ژینگەیی و ئاوەدانی بەرەو پێش بەرن.
ئێمە وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و سەرەخۆشی، خۆمان بە شەریک و بەشداری ئەم کارەساتە جەرگ بڕە دەزانیین و پەیمان نوێ دەکەینەوە کە چڕتر و ڕڕژدتر لە جاران ڕێگای کاک شەریف بەر نادەین و ئەو پەیامە ئاراستەی ڕووحی ئاسوودەی دەکەین کە، ئەگەر چی جەستەی کۆڵووی پیرۆزت لامان نییە بەڵام گڕی ئاگری نیشتمان پەروەریت لای ئێمە هەتا هەتایی بە زیندوویی دەمێنێتەوە.)
ئه و ڕێکخراوانەی کە پەیامەکەیان بڵاوکردووەتەوە بریتین لە:
1. ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی #پیرانشار#
2. ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە(باشوور)
3. ئەنجومەنی ژینگەپارێزی ژینکۆ #شنۆ#
4. گرووهی ژینگەیار کەمپەینی نەجات بەخشی کانی بڵ
5. ئەنجومەنی ژینگەپارێزی سەوزی چیا مەریوان
6. ئەنجومەنی ژینگەپارێزی پاژین بانە
7. ئەنجومەنی ژینگەپارێزی ژیوا #پاوە#
8. ئەنجومەنی سەوزبیرانی لاوی #مەهاباد#
9. ئەنجومەنی ژیانەوەی سرووشت مەهاباد
10. ڕێکخراوە مەدەنی و ژینگەییەکانی #سەردەشت#
11. ئەنجومەنی ژینگەپارێزی وڵات #بۆکان#
12. باشگای شاخەوانی سامڕەند #نەغەدە#
13. ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی #سەقز#
14. ئەنجومەنی ژینگەپارێزی چرۆی سەوز قوڕوە
15. ئەنجومەنی لایەنگرانی ژینگە سەلاسی باوەجانی
16. ڕێکخراوی سروشتی کوردستان باشوور
17. ئەنجومەنی ژیانەوەی سروشت مەهاباد
#27-08-2018#