لە ئەنجامی چالاکیی بەرفراوانی گەریلاکان لە گەڤەری سەربە #جولەمێرگ#، 15 سەربازی سوپای تورک کوژران، هەروەها لە برادۆستیش سەربازێک کوژراوە و چوار برینداربوون.
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- #هەپەگە#، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی چالاکیی گەریلاکان لە باکور و باشوری کوردستان بڵاوکردەوە و کوژرانی 16 سەربازی سوپای تورکی ئاشکرا کرد.
لە ڕاگەیەندراوی هەپەگەدا هاتووە: ڕۆژی 27ی ئاب کاتژمێر 03:10 خولەکی پاشنیوەڕۆ لەسەر گردی مەجلیسی سەربە گەڤەری جولەمێرگ چالاکییەک ئەنجامدرا، ئەو چالاکییە لە دوو قۆڵەوە ئەنجامدرا و تێیدا چەند پێگەی سوپای تورک تێکشکێندرا، لە ئەنجامدا گەریلاکانمان خۆیان گەیاندە سەر گردەکە و لەوێ شەڕ ڕوویدا، لەو شەڕەدا 15 سەربازی سوپای تورک کوژران، هەروەها گەریلایەکمان بەناوی موسا ڕۆژدی (بەدری بۆزکورت) شەهیدبوو.
لە بەردەوامیدا هەپەگە ڕایگەیاندووە: دوێنێ کاتژمێر 07:00ی بەیانی لە دەڤەری برادۆستی #سیدەکان#، لەسەر گردی لێلکان چالاکییەک لەدژی هێزە داگیرکەرەکانی سوپای تورک ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا سەربازێک کوژرا و چواری دیکە برینداربوون، پاش ئەو چالاکییە فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک ناوچەکەیان بۆردوومان کرد کە لە ئەنجامیاندا ژمارەیەک لە ئاژەڵەکانی هاوڵاتیان تەلەف بوون.[1]
#29-08-2018#