لە سەدەی 25ی پێش زایین و لە سەردەمی سۆمەرییەکاندا، هەردوو شاری لاگاش و ئوممە کێشەیەکی درێژیان لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی نێوان هەردوو شارەکە هەبوو. ئوممە هەر نەیدەتوانی کرێی ئەو زەوییە بدات کە کشتوکاڵی تێدا دەکرد، لاگاشیش لە وەڵامدا ئاراستەی ئاوی ڕووبارەکەی لێ گۆڕین، ئەمەش دواجار شەڕ و پێکدادانی لێکەوتەوە. ئەم دوژمنایەتییە لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی ئاوەوە یەکلابووەوە کە ڕەنگە نەک هەر یەکەمین ڕێککەوتن بووبێ لەسەر ئاو، بەڵکو یەکەم ڕێککەوتن و پەیماننامەی لەو جۆرەش بووبێ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
ئێستا چەند هەزار ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژگارەدا تێپەڕیوە، کەچی لە هەمان ناوچەدا ئاو وەکو کاڵایەکی کێشەساز ماوەتەوە.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خۆی دەکەوێتە زۆنی وشکەساڵییەوە. ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵە وشکەساڵییەکی سەخت ناوچەکەی گرتووەتەوە و گۆڕانی کەشوهەواش هێندەی دیکە دۆخەکەی خراپتر کردووە. ململانێ و مشتومڕی کۆنتڕۆڵکردنی ئاوی دیجلە و فورات نموونەیەکی زەقی قەیرانی ئاوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، لە کاتێکدا ئەو دوو ڕووبارە لانکی میزۆپۆتامیای کۆن و سەرچاوەی ڕەونەقی خاک و ژیانی خەڵک و تەنانەت میتۆلۆجیای ناوچەکەن.
هەردوو ڕووبارەکە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیاوە سەرچاوە دەگرن و شوێنی سەرچاوەکانیان 80 کیلۆمەتر لە یەکەوە دوورە.
رێڕەوی ڕووباری دیجلە نزیکەی 1900 کیلۆمەترە کە 400 کیلۆمەتری بە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیادا تێدەپەڕێ و پاش لادانێکی کورت، بە درێژایی 32 کیلۆمەتر بەناو سووریادا دەڕوات و بەشەکەی دیکەی کە درێژترین بەشیشە، بەناو عێراقدا دەڕوات.
رووباری فورات ڕێگەیەکی پێچاوپێچتر لە دیجلە دەبڕێ و ڕێڕەوەکەشی 2800 کلیۆمەترە. فورات یەکەمجار لە تورکیا بە ئاراستەی ڕۆژئاوا و پاشان بەرەو باشووری تورکیا ڕەوت دەکات، پاش بڕینی 1300 کیلۆمەتر لەناو خاکی تورکیا، ئاوی ڕووبارەکە دەڕژێتە ناو خاکی سووریا کە زیاتر لە 700 کیلۆمەتری ڕێڕەوی گشتی ڕووبارەکە لەخۆدەگرێ. عێراق دوایین ناوچەی وشکاییە کە ئاوی فورات دەیبڕێ و هەر لەو وڵاتەشەوە ڕووبارەکە پاش یەکگرتنەوەی لەگەڵ دیجلە دەڕژێتە ناو کەنداوەوە.
ماوەی پەنجا ساڵ دروستکردنی ژێرخانی ئاوی و وزە، گۆڕانی کەشوهەوا و ناخۆشتر لەوەش پەرەسەندنی شەڕ و پێکدادانەکان، زیانی گەورەیان لەو دوو ڕێگە ئاوییە و زەوییە کشتوکاڵییەکانی سەر ئەو دوو ڕووبارە داوە.
رۆژی 11ی تەمووز و لە دانیشتنێکی ئەنجوومەنی ئاسایشدا لەبارەی هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، حەسەن جەنابی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ڕایگەیاند: گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو بەرهەمدارێتی خاک (واتە خاکە کشتوکاڵییەکان)ی لەناو بردووە و کردوویەتی بە خاکێکی بێ بەرهەم کە هیچ کەسێک ناتوانێ بۆ بژێویی خۆی پشتی پێ ببەستێ.
کەمبوونەوەی ئاو کێشەیەکە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا و سەرانسەری ناوچەکە دەگرێتەوە و مەحاڵە ئەو کێشەیە لە پەیوەندی و ململانێ نێوخۆی و ناوچەییەکان جیابکرێتەوە. تورکیا، سووریا، عێراق و ئێران هەرکامیان لەلایەن خۆیەوە هەوڵ دەدات سەروەریی خۆی بەسەر سەرچاوەکانی ئاوی وڵاتەکەیدا جێبەجێ بکات، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ ستراتیژێکی هەمەگیر بۆ دیجلە و فورات و حەوزە بەرفراوانەکانی سەرچاوەی ئاو لەئارادا نییە، قەیرانێک چاوەڕێی ناوچەکەیە.
تورکیا
حکومەتی تورکیا دەیەوێ بەهۆی پڕۆژەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئانادۆڵ (ناسراو بە GAP) گۆڕانی گەورە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیادا بکات. ئەو پڕۆژەیە گرانترین و گەورەترین پڕۆژەیە لە مێژووی تورکیادا کە دروستکردنی 22 بەنداو، 19 بنکەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی بەنداوەکان و کۆمەڵێک پڕۆژەی ئاودێریش بۆ 1.7 ملیۆن هێکتار لە 9 پارێزگای تورکیا لەخۆدەگرێ.
بەنداوی ئیلیسو چەق و بەردی بناغەی پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ئانادۆڵە. ئەو بەنداوە، کە لەسەر ڕووباری دیجلە و لە سنووری نێوان پاریزگاکانی #ماردین# و شرناخ لێدەدرێ، توانای گلدانەوەی 10.4 ملیار مەترسێجا ئاوی هەیە و ڕووبەرەکەی 313 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. بەنداوی ئیلیسو ئەگەر تەواو بکرێ، دەبێ بە سەرچاوەیەکی سەرەکی دابینکردنی وزەی کارەبا و بڕیارە ساڵانە 3800 مێگاوات کارەبا لە کاژێرێکدا بەرهەم بهێنێ.
سەرەتای مانگی حوزەیرانی ڕابردوو حکومەتی تورکیا لەسەر داوای حکومەتی عێراق کە ڕووبەڕووی کەمئاوی بووەتەوە، پڕکردنەوەی بەنداوی ئیلیسوی وەستاند. ئەو کات ئاوی بەنداوی مووسڵ بە ڕێژەیەک کەمی کردبوو کە لە 10 ساڵی ڕابردوودا بێوێنە بوو. ئەنقەرە قایل بوو بۆ ماوەیەکی کاتی پڕکردنەوەی بەنداوەکە بوەستێنێ و ڕێگە بدات ئاوی پێویست بە ناوچەکانی خوارەوەی ڕووباری دیجلە بگات.
ئەو کات فاتیح یڵدز، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا گوتی کە بڕیاری لابردنی ئەو لەمپەرەی بۆ ڕەوتی ئاوی دیجلە دانرابوو، جارێکی دیکە پیشانی دا کە ئێمە دەتوانین پێویستییەکانی دراوسێکانمان بخەینە سەرووی پێداویستییەکانی خۆمانەوە.
سووریا
رووباری فورات سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی سووریایە و نزیکەی 70٪ی ئاوی سەر زەوی ئەم وڵاتە دابین دەکات.
حافز ئەسەد، باوکی سەرۆکی ئێستای سووریا، ئاوی وەکو ئامرازێک بۆ دەستکەوتی سیاسی بەکاردەهێنا، کاتێک ئەسەدی باوک لە 1970 هاتە سەر حوکم، داوای کرد سووریا لەڕووی بەرهەمی کشتوکاڵییەوە پشت بە خۆی ببەستێ، ئەو هەوڵەی سەرۆکی پێشووی سووریا هەتا ئەو شوێنە چوو کە لە ساڵی 2000، واتە کاتێک بەشاری کوڕی هاتە سەر کورسی دەسەڵات، 90٪ی ئاوی سووریا بۆ کشتوکاڵ دەچوو.
بەڵام هەر ئەو سیاسەتەی ئەسەدی باوک ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لەوەی دەسەڵاتی ئەسەدی کوڕ لە ڕووخانی یەکجاری نزیک بێتەوە.
وشکەساڵییە یەک لەدوای یەکەکان لە ساڵانی نەوەدەکان و دوو هەزارەکان ڕێژەی بەروبوومی کشتوکاڵیی کەمکردەوە و لە هەندێک ناوچە بووە هۆی لەناوچوونی 85٪ی مەڕوماڵات و کۆچی بە کۆمەڵی خەڵک بۆ ناوچەکانی دیکەی سووریا. لە کۆتایی ساڵانی 2000 دا نزیکەی 1.5 ملیۆن کەس لە ناوچە گوندییەکانەوە بەرەو شارەکانی سووریا کۆچیان کردبوو.
شرۆڤەکاران ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە کەمئاوی ڕۆڵێکی سەرەکی لە بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی شار، زۆربوونی ڕێژەی بێکاری و دابەزینی ئاستی بەرهەمی ناپوختەی نێوخۆ (GDP)ی سووریادا هەبووە، هەموو ئەمانەش ڕۆڵی سەرەکییان لە دروستبوونی ململانێ و ناکۆکیی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا هەبووە.
ململانێ لەسەر ئاو بە درێژایی 7 ساڵی شەڕی نێوخۆی سووریاش بەردەوام بووە و گروپە جیاجیاکان هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەکانی ئاویان داوە، لەوێشەوە ئاو وەکو چەکێک بەکارهێنراوە. لە ئاداری 2017، نەتەوە یەکگرتووەکان دیمەشقی بەوە تۆمەتبار کرد کە بە ئەنقەست سەرچاوەکانی ئاو بۆردومان دەکات و ئەمەی بە تاوانی جەنگ ناوبرد. ڕژێمی سووریاش گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەوە تۆمەتبار دەکات کە بە ئەنقەست سەرچاوەکانی ئاویان ژەهراوی کردووە.
رێکخراوی #داعش#یش لەو کاتەی دەستیان بەسەر بەنداوی تەبقەدا گرتبوو لەسەر ڕووباری فورات، ئاوی بەنداوەکەیان لە شاری حەلەب گرتەوە کە لە کانوونی یەکەمی 2016 دا کەوتەوە دەست هێزەکانی لایەنگری ڕژێمی ئەسەد. ناوەندی (ستراتفۆر)ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی 2015ی خۆیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ڕاستە گروپێکی وەکو داعش کێڵگە نەوتی و غازییەکانی عێراق و سووریای کردووەتە ئامانج، بەڵام ئەگەر وردتر سەیری جموجۆڵەکانی ئەو ڕێکخراوە بکەین، دەبینین دیجلە و فورات ڕۆڵێکی جەوهەرییان لە پلاندانانی ئەو گروپەدا هەبووە.
لەلایەکی دیکەوە دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوای کوردستان حکومەتی تورکیا بەوە تۆمەتبار دەکەن کە ڕەوتی ئاوی فورات بۆ ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاڤایان کەمکردووەتەوە. جووتیارانی پارێزگای #حەسەکە# چاوەڕێ دەکەن کەمترین بەرهەمی گەنمیان لە نیو سەدەی ڕابردوودا هەبێ، ئەمەش ترسی ئەوەی دروستکردووە کە سووریا تووشی کەمیی دانەوێڵە ببێت.
عێراق
عێراق بەشێوەیەکی سەرەکی چاوی لەو ئاوانەیە کە سەرچاوەکەیان دەکەوێتە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتەکە، لە کاتێکدا لە چاو سووریا و تورکیای دراوسێی ئاوێکی زیاتر بەکاردەهێنێ، هۆکاری گەورەی ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژێرخانی ئاو، ئاودێری و کشتوکاڵی ئەم وڵاتە دوای چەندین دەیە شەڕ بە لاوازی ماوەتەوە، میتۆدەکانی ئاودێری ئەو وڵاتە کۆن و بەسەرچوون و ئەو دانەوێڵانەش کە جووتیارانی ئەم وڵاتە دەیانچێنن، ئاوێکی زۆریان پێویستە.
دیجلە و فورات نزیکەی 70٪ی ئاوی عێراق دابین دەکەن. بە مەبەستی ئیدارەکردنی سەرچاوەکانی ئاو و کۆنتڕۆڵکردنی لافاوەکان، حکومەتی عێراق لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی بە پڕۆژەی بەنداو و کەناڵی ئاو کرد. یەکەم بەنداویش کە تەواو کرا بەنداوی #دوکان# لەسەر زێی بچووک بوو.
حکومەتی بەغداش، هاوشێوەی سووریا، ئاوی وەکو ئامرازێک لە شەڕەکاندا بەکارهێناوە. ڕژێمی سەدام حوسێن کۆمەڵێک کاناڵی دروستکرد بۆ ئەوەی زۆنگاوە بەناوبانگەکانی باشووری عێراق و سەرچاوەی ژیانی خەڵکی ناڕازیی ئەو ناوچانە وشک بکات. لە قۆناغی دوای سەدام حوسێندا، حکومەتی عێراق هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەو کارەساتە ژینگەیی و کولتوورییەی دا، بەڵام هەوڵەکانی ئەوانیش بەهۆی پڕۆژەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئانادۆڵەوە تووشی کێشە بوون.
هاوینی ئەمساڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە شێوەیەکی کاتی چاندنی دانەوێڵەی وەکو برنج، گەنمەشامی، کونجی و گوڵەبەڕۆژەی قەدەغە کرد چونکە ئەو ئاوەی بۆ ئاودێری ئەم دانەوێڵانە پێویستە لەبەردەست نییە.
هاوینی ئەمساڵ، بە هۆی کەمیی ئاو و کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی دیکە، خۆپیشاندان لە پارێزگای بەسرە دەستیپێکرد و بە ناوچەکانی دیکەی باشووری عێراقدا بڵاوبووەوە.
ئێران
هیچکام لە دیجلە و فورات بەناو خاکی ئێراندا تێناپەڕن، بەڵام ئەم وڵاتە بەشێکە لە حەوزێکی ئاویی گەورەتر. ڕووبارەکانی زێی بچووک و سیروان لە ئێرانەوە دەڕژێنە ناو کوردستان و لەوێشەوە لەگەڵ ئاوی دیجلە تێکەڵ دەبن. ناوچە تەڕ و شێدارەکانی باشووریش پشت بە ئاوی دیجلە دەبەستن. ئێران تووشی قەیرانێکی سەرتاسەریی ئاو بووە.
ئێرانیش، هاوشێوەی سووریا، لەدوای شۆڕشی 1979ەوە لەو هەوڵدابووە لەڕووی بەرهەمی کشتوکاڵییەوە سەربەخۆ بێ، هەتا ڕادەیەکیش لەو هەوڵەیدا سەرکەوتوو بووە. لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران ڕایگەیاند ئەمساڵ وڵاتەکەی گەنم هاوردە ناکات. بەڵام ئەم سەربەخۆییە کشتوکاڵییە باجێکی قورسیشی بەدواوە بووە.
ئێران بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بەو ئاوی ژێرزەوی دەبەستێ و ئەو سەرچاوەیەش هەتا دێت وشکتر دەبێ. ڕووباڕی زایەندەڕوود لە نێوەڕاستی ئێران وشک بووە. لە باکووری ڕۆژئاواش، دەریاچەی #ورمێ#، گەورەترین دەریاچەی خوێواوکی جیهان 95٪ ئاوی خۆی لەدەست داوە، کە 80٪ی لە 30 ساڵی ڕابردوودا بووە.
دەریاچەی هاموون لەسەر سنووری نێوان ئێران و ئەفغانستانیش وشک بووە. بەرپرسانی حکومەتی کابول ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوەی ئێران پشتگیری لە بزووتنەوەی تاڵیبان دەکات، ئەو گروپەش لە بەرامبەردا زیان بەو بەنداوانە دەگەیەنێ کە لەسەر ڕووباری هێلماند دروست دەکرێن. ڕووباری هێلماند سەرچاوەی سەرەکی ئاوی دەریاچەی هاموون بووە.
وشکبوونی بیرە ئاوەکان و کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە خەڵکی ئێرانی تووڕە کردووە. خەڵکی ئێران پەنجەی تۆمەت بۆ لای حکومەتی وڵاتەکەیان درێژ دەکەن کە نەیتوانیوە سەرچاوەکانی ئاوی ئێران بە باشی ئیدارە بکات. هاوینی ئەمساڵ خۆپیشاندان لەسەر کەمئاوی لە ئێرانیش توندوتیژی لێکەوتەوە.
ئێران کاتێکی زۆری لەبەر دەست نییە بۆ ئەوەی قەیرانی ئاو چارەسەر بکات. حکومەتی تاران هەوڵدەدات ئاوی کەنداو شیرین بکات، بەڵام ئەمە هەم بژاردەیەکی گرانە و هەمیش ناتوانێ بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لەسەری بەردەوام بن. ئێرانییەکان کۆمەڵێک بەنداویشیان لەو ناوچانە لێداوە کە لەڕووی سەرچاوەکانی ئاوەوە دەوڵەمەندن.
بەنداوەکانی سەر زێی بچووک و سیروان کاریگەرییەکی نەرێنی گەورەیان لەسەر دابینکردنی ئاوی هەرێمی کوردستان داناوە. ئێران و عێراق حەوت ڕێککەوتنیان لەسەر سەرچاوەکانی ئاو هەیە، بەڵام لە هیچکامیاندا ئاماژە بە ڕووباری سیروان و زێی بچووک ناکرێ، لە کاتێکدا ئەم دوو ڕووبارە نەک هەر بۆ دابینکردنی ئاوی کوردستان گرنگن، بەڵکو بۆ پڕبوونەوەی ڕووباری دیجلە لە ناوەڕاستی عێراقیش بایەخیان هەیە.
حکومەتەکان کاتیان بەدەستەوە نەماوە
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کێشەی ئاوی نێوان وڵاتان بەهۆی پەیماننامەی ڕێڕەوە ئاوییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی 1997ەوە ئیدارە دەکرێن، بەڵام ئەو ڕێککەوتنە تەنیا واژۆی 39 وڵاتی بەسەرەوەیە. بەپێی ڕێککەوتنەکەی 97، وڵاتان پابەندن بەوەی ڕێز لە بەشە ئاوی وڵاتانی دراوسێ بگرن و بە یەکسانی سەرچاوەکانی ئاو دابەش بکەن. سووریا و عێراق، بە پێچەوانەی ئێران و تورکیا، ڕێککەوتنەکەیان واژۆ کردووە.
رێککەوتنی چەند لایەنەی دابەشکردنی ئاو لە نێوان تورکیا، سووریا و عێراقدا هەیە، بەڵام هیچ هاوڕاییەکی کۆتایی لەسەر ئاوە هاوبەشەکان لەنێوان ئەو سێ وڵاتەدا لەئارادا نییە، بەڵکو زۆرجاران لەسەر کێشەکانی پەیوەندیدار بە ئاوەوە لۆمەی یەکدی دەکەن.
بەنداوەکان بەشێکی بەرچاو لە ستراتیژی ئاوی ئەو وڵاتانە پێکدەهێنن، لەکاتێکدا هەرکام لەو سێ وڵاتە سوورن لەسەر ئەوەی دەست بەسەر ئەو ئاوەدا بگرن کە لە توانایان دایە. بەڵام شارەزایان هۆشداری دەدەن بەنداوەکان لەڕووی ژینگەییەوە ناتوانن بژارەیەکی جێگیر بن، چونکە زیان بە دیوی خوارەوە ڕووباڕەکان و هەروەها دەریاکان دەگەیەنن، لەبەر ئەوەی بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی خوێی دەریاکان بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە ڕژانی ئاوی ڕووبارەکان دەبەسترێ.
بەنداوەکان و بنکەکانی گلدانەکانی ئاو لەدەستدانی ئاویشیان لێدەکەوێتەوە. ڕژانی ئاوی ڕووباری فورات لە 50 ساڵی ڕابردوودا نیوەی بووە، هۆیەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئاوی 32 بەنداوی سەر ئەو ڕووبارە دەبن بە هەڵم، لەکاتێکدا قورساییەکی زۆری کەرتی کشتوکاڵیشی لەسەرە.
گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بارانبارین لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماش بەهەڵمبوونی ئاوی ڕووبارەکان و بەنداوەکانی سەر ئەو ڕووبارانە خێراتر دەکات، بەو پێیە دۆخەکە لەوەی ئێستاش خراپتر دەبێ.
عەلی حەسەناڵی، ئەندازیار و پرۆفیسۆر لە زانکۆی کوردستان #هەولێر#، پێیوایە سیستەمی سروشتی گۆڕانی بەسەردا هاتووە. بە بۆچوونی حەسەناڵی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە نێوان ئەو وڵاتانە دان کە کەمترین ئامادەکاریان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا کردووە و ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە.
بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە هیواکان مردوون، بەڵکو قەیرانی ئاو دەکرێ ئیدارە بکرێ، بەو مەرجەی حکومەتەکان بۆ دابەشکردنی ئاو هاوکاری یەکتر بکەن و بەکارهێنانی ئاو لەسەر بنەمای تێگەیشتن لە چۆنێتی کارکردنی سیستەمەکە سروشتییەکە بێ. بۆیەش پرۆفیسۆرە کوردەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەرچەند ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبەردەم کێشەی ئاو دایە ئەوە بەو مانایە نییە کە ناتوانین ئیدارەی کێشەکە بکەین. ئەگەریش بتوانین ئیدارەی کێشەکە بکەین، ئەوە بێگومان دەتوانین بەسەر زۆر لەو کێشانەدا سەرکەوین.[1]
#30-08-2018#