ئەمڕۆ 30 ی ئاب ڕۆژی بێسەروشوێنکراوانی جیهانە، کوردستانیش هەرێمی وڵاتێک چ خۆی و چ عیراق، یەکێکە له و 30 وڵاتەی جیهان کە هاووڵاتیانی تێدایە بێسەروشوێنکراون بەهۆکاری سیاسی، لە ئاستی جیهان ژمارەیان بە 46000 کەس دیاریکراوە، ئەوانەی تۆمارکراون لە ناوەندە جیهانیەکان بە تایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان و خاچی سوری جیهانی و هاوپەیمانی جیهانی دژ بە بێسەرو شوێنکردن و لە کاتێکدا تەنها ژمارەی بێسەرو شوێنکراوانی ئەنفالکراوان و بێ سەروشوێنکردنی فەیلییەکان، چەندین بەرابەری ئه و ژمارەیەیە.
بێسەروشوێنکردن تاوانێکی زەقی مافی مرۆڤ و یاسای نێو دەوڵەتی و جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤە، هیچ دەسەڵات و گروپێک مافی بێسەروشوێنکردنی هاووڵاتیانیان نییە، تاوانکار بە پێی یاسای نێودەوڵەتی نابێت لە سزا ڕزگاری بێت.
بە بێسەروشوێنکردنی مرۆڤ، پێشێلی مافی ژیان، مافی داکۆکی لەخۆ، مافی ئەشکەنجە نەکردن، مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، مافی ناسنامە، مافی وتنی ڕاستیەکان، مافی قەرەبووکردنەوه و داوای لێبوردنکردنی قوربانی پێشێلکراوە، هاوکات بێسەروشوێنکردن پێشێلی مافی بنەماڵەکانیشیانە لە دابین نەکردنی ئاسایش، مافی ئابووری بۆ ژیان، مافی خوێندن، چارەسەری تەندروستی.
لەم بۆنەیەدا وێڕای ئیدانەکردنی بێسەروشوێنکردن بەسۆی بیروباوەڕی جیای سیاسییەوە لە کوردستان داواکارین:
1- حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی ناوی بێسەروشوێنکراوان، هۆکاری بێسەروشوێنکردن و هۆکاری مردن، شوێنی مردنیان بڵاوبکاتەوە، ئەوانەشی ماون ئازادیان بکات.
2- شوێنی کۆکردنەوەی بێسەروشوێنکراوان بپارێزرێت و بۆ یاداوەری بێسەرو شوێنکراوان و دروست کردنی مۆنمێنتی یاداوەرییان.
3- بە یاسا بێسەروشوێنکردن لە کوردستان قەدەغە بکرێت.
4- داوای لێبوردن لە بنەماڵەکانیان بکرێت و پەیمانی دوبارە نەکردنەوەی بدرێت.
5- ڕوفاتی قوربانییەکان بگەڕێنرێتەوە بۆ کەسوکاریان.
6- قەرەبووی ئابووری کەسوکاریان بکرێتەوە بۆ ماوەی ڕابردوو، ژیانێکی شەرافەتمەندانەیان بۆ دابین بکرێت لە ڕوی دارایی و خوێندن و چارەسەری تەندروستییەوە.
7- بە یاسا پارێز بەندی بۆ کەسوکاری قوربانیان، پارێزەرەکانیان، ڕێکخراوەکانیان دیاریبکرێت بۆ التنیی ڕاستییەکان و داکۆکیکردن لە مافەکانیان.
8- پێویستە زیندانەکانی کوردستان سجلی هاتووان و دەرچوانی هەبێت، هیچ کەسێک لە دەرەوەی زیندانە فەرمییەکان زیندانی نەکرێن.
9- بێسەرو شوێنکردن وەک تاوان سەیر بکرێت و بکەرانی سزا بدرێن، بڕیاردەران، ئەنجامدەران، هاندەران لە سزا نابێتت ڕزگاریان بێت.
رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید
#30-08-2018#