نووسینی: #شاسوار هەرشەمی#
1- ئەفسەرانی شەهید، #محەمەد قودسی#، #خەیروڵڵا عەبدولکەریم#، #مستەفا خۆشناو#، #عیزەت عەبدولعەزیز#، لە سالی 1946، لە باشوری کوردستانەوە، چوون بۆ ڕۆژهەڵات و لە کۆماری ساوای کوردستان لە موکریاندا، بە تواناو شارەزایی خۆیان لە بواری سەربازیی، لە دامەزراندنی لەشکری کوردستان بەشداریان کرد. تەمەنی کۆمارە ساوایەکە، تەنها 11 مانگ بوو. ئەوان بە هۆی نێوان تێکچوونیان لەگەڵ #مەلا مستەفا بارزانی#، نەچوونە ناو خاکی یەکیەتی سۆڤیەت و گەڕانەوە ئێڕاق.
دواتر پۆلیسی ئێڕاقیی، بە هاوکاری بەریتانیەکان، گرتنیانن و بە تاوانی یاخی بوونیان لە سپای عێراق و بەشداری کردنیان لە هێزی پێشمەرگەی کۆماری کوردستان لە #مەهاباد#، لە 19ی جونی، یان حوزەیرانی ساڵی 1947 لە شاری #بەغداد# لەسێدارە دران.
2 - خەیڕوللا عەبدولکەریم خەڵکی هەولێر بوو. خۆی لە بنەچەدا، لە بنەماڵەی (#شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری#) بوو. واتا خەڵکی نەهری ناوچەی #هەکاری# بوو. بەشێک لە خزمەکانی، دانیشتووی شارۆچکەی (#بەندێ#) ی نزیک شاری (#ورمێ#)ن. ساڵی 1989ز، لەگەڵ کاک ئومێد فکری سەعاتچی، لە شاری (#نەغەدە#) ئاشناییم لەگەڵ (لێپرسراوی پۆلیسی نەغەدە، پۆلیسی شەهرەداری) پەیدا کرد، کە ئامۆزای کاک ئومێد بوو. ئومێد هەولێری و بەڕێوەبەری پۆلیسیش، خەڵکی ئەوێ بوو، کە تەنیا بە فارسی و تورکی، دەیزانی بدوێت. لە کاتی دوان، گوتی من کوردم و لە نەوەی شێخانی نەهریم. ئەو گوتی کە خەڵکی (بەندێ)یە. هەروەک دوای ئەوەی چوومە بەندێ و بینیم تەنیا پیرەکان بە زاراوەی شکاکی دەدوان، ئەوانەی کە گەنج بوون، هەموویان بە تورکی دەدوان. پیرەکان پێیان گوتم کە خەڵکی شارەکە گشتی کوردن و تەنیا چوار ماڵە عەجەمی لێبوو. گەنجەکانیش لە وەڵامی باری میللیاندا، دەیانگوت ئێمە (سوننە)ین. داخم خوارد کە کچێک پێی گوتم بە هۆی سوننی بوونیەوە، لە زانکۆ وەرنەگیراوە. دیارە شێخانی نەهری (#سەید تەهای شەمزینی#) لە ڕواندزیش هەبوون.
3 - چوار شەهیدەکە، لە ڕاستیدا پێنج بوون. #بەکر حەوێزی# ئەفسەریش، لە هەموو گەشتی کۆمار، تا بڕیاری مەرگ، لەگەڵیان دابوو. هەندە هەیە ئەو خۆی بە دەستەوە نەدا. تا بارو دۆخەکان گۆڕان، بە خۆشاردنەوە لە دەشتی کۆیە مایەوە. ژنی بەکر حەوێزی، خوشکی (مام#جەلال تاڵەبانی#) بوو.
4 - مستەفا خۆشناو برای (#هیچ تەنی#) بەکر حەوێزی بوو. هیچ تەنی چیە؟. مستەفا خۆشناو لە ساڵانی سەفەربەرلک، یان سەردەمی قات و قڕی شەڕی یەکەمی جیهانی، بە هەتیوی لە دایکێکی هەژار، لە #بێتواتە# لەدایک بووە. دایکی هەڵی دەگرێت و دێتە کۆیە. لەوێ لەبەردەم کۆسپی ماڵی حەوێزی فڕێی دەدات، بەڵکو هەڵیبگرنەوە و لە مەرگ ڕزگاری بکەن. ئەو لەو ماڵە و لەگەڵ بەکر پێکەوە دەخرێنە بەر خوێندن و پێکەوەش وەک برا گەورە دەبن. پێکەوەش دەچنە کۆڵێژی سەربازی و دەبنە ئەفسەری سوپا.
5 - ئەو ئەفسەرانە هەموویان بەری سەردەمی کورتی دەستەڵاتی (#بەکر سدقی#) بوون، کە لە ساڵی 1936 بە کودەتایەک دەستەڵاتی بەغدای کەوتە دەست.سیدقی ژمارەیەک خوێندکاری کوردی، خستە کۆلێژی سەربازی، کە زوربەیان دواتر بوون بە ئەستێرەی درەوشاوەی کوردستان.
6 - لە سەردەمی پێشمەرگایەتییمدا، لە ساڵی 1982ز هاتمە گوندی #سەرسەوز#ی (#وەرتێ#)، کە ئێستا ناوەندی ناحیەیە. ئێوارە لە ماڵەکان دابەش بووین تا نانی ئێوارەمان بدەنێ. من بەر ماڵێک کەوتم. لە دەلاقەی دیواری پشت سەرمدا، چەند کۆنە کتێبێک هەبوون. منیش دەستم بۆیان درێژ کرد و سەیرێکم کردن. یەکێک لەوانە گۆڤارێکی سەربازی بوو. کە پەڕەی یەکەمم هەڵدایەوە، بینیم بە دەستخەت ناوی (موحەممەد قودسی) لەسەر نوسراوە. دڵنیا بووم کە ئەو گۆڤارە هی ئەو بووە و نوسینەکەش دەستخەتی خۆیەتی. داوام لە خاوەنی کتێبەکە کرد، گەر بمداتێ. بە خۆشیەوە لێم وەرگرت. دواتر بەهۆی هاتوچۆ و دوورکەوتنەوەم، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر کتێب و بەڵگەنامە، لە گوندی #سەرنەوس#ی دۆڵی خانەقا لە ماڵێکم دانابوون. درەنگتر هێزێکی دوژمن هاتبوونە دۆڵەکە، ماڵەکەش لە ترسان، هەموو شتەکانی منیان فڕێدابووە ناو چەمەکەی دێ. کاک #مەغدید بەرگدروو#، هەندێکیانی لە ناو ئاو دەرهێنابوو، بەڵام یادگاریەکەی قودسی سەری تیاچوو.
7- وەسیەتی هاوبەشیان، کە بە دەستخەت ماوەتەوە و تەنیا 14 سەعات پێش لەسێدارە دانیان، بە ئیمزای هەر چواریان ئامادە کراوە، سوور بوونە لەسەر (دژایەتی کردنی جەهالەت). ئەوان تێگەیشتن کە بە پلەی یەکەم، جەهالەت و دواکەوتویی خێڵەکیە، نەک دوژمنی داگیرکەر، هۆکاری سەرەکی سەرنەکەوتنەکانمانن.