دوایین ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخات زیاتر لە 45 هەزار کەس ئەمڕۆ لە جیهاندا بێسەروشوێنن. بەپێی ڕاپۆرتەکە عێراق لەسەرووی لیستی ئه و وڵاتانەیه، کە زۆرترین بێسەروشوێنکراوی چارەنووس نەزانراوی تێدا هەیە و ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە 16 هەزار کەس.
رۆژی پێنجشەممه (30ی ئاب) ڕۆژی جیهانیی بێسەروشوێنکراوەکانی جیهان بوو. کانی خولام، چالاکوانە و لەو ڕۆژەدا پەرتووکی نووسەرێکی ئەمریکیی نمایشکرد، کە چیرۆکی ڕفاندنی هاوڕێیەکی تێدا باس کراوە بەناوی فەرهات تەپه.
فەرهات کوردێکی باکووری کوردستانە و لە ساڵانی نەوەتەکاندا لایەن کەسانی نەناسراوەوە ڕفێنراوە و بێسەروشوێنکراوە.
کانی خوڵام، چالاکوانی کورد لە واشنتن دەڵێ هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ باوک دایک و خوشکی (فەرهات) قسەم کرد. هێشتا لە ژیاندان. هێشتا ئازار دەکێشن. پەندێکی ئینگلیزی هەیە دەڵێت: ناخۆشییەک باسی بکەیت، نیوەی ئازارەکەی نامێنێت. ئەمەش لێرەدا هەمان شتە کە ئازارێکت هەبێت و لای خەڵک باسی بکەیت، ئازارەکە کەم دەبێتەوە. منیش ئەمڕۆ ئەم ئازارەم لەگەڵ 25 تاوەکو 30 کەس باسکرد.
ئامادەبوونی خەڵک لە وڵاتانی جیهان لەم بۆنەیەدا ئاماژه بوو بۆ ئه و ڕاستییەی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا خەڵک بێسەروشوێن دەکرێن.
تی کومار، ڕاوێژکاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ دەڵێ باردودۆخی بێسەروشوێنکراوان باشتر نەبووە. دوو هۆکاری سەرەکی بۆ باشترنەبوونی بارودۆخەکە هەن بۆنموونە ئەمە یەکێکە لە بەهێزترین چەکەکان حکومەت دژی هاووڵاتییانی خۆی بەکاریدەهێنێت بۆ بێدەنگکردنی چالاکوانە سیاسییەکان.
ژمارەیەکی زۆری ئه و بێسەروشوێنانەی عێراق، کوردانی ئێزدین کە #داعش# ڕفاندنی و تائێستا چارەنووسیان دیار نییە.
لە جیاتی کوشتنی ئاشکرای نەیارەکانیان، چاودێران دەڵێن هەندێک حکومەت ئەمڕۆ پەنا بۆ بێسەروشوێنکردنیان دەبەن. ئەمەش جۆرێک ناڕوونی لە چواردەوری کەیسەکە دروست دەکات، وادەکات لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوه لە حکومەتەکە ئاسان نەبێت.[1]
#01-09-2018#